رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی رۆژنامەڤانیی تەیف سامی، وەزیری پێشووی دارایی عێراق رایگەیاند، ئەو زانیارییانەی لەبارەی هەڵاتن یان دەستگیرکردنی بڵاوکراونەتەوە، ناڕاستن.
دووشەممە، 29ی حوزەیرانی 2026، نووسینگەی رۆژنامەڤانیی تەیف سامی لە روونکردنەوەیەکدا ئەو زانیارییانەی رەتکردەوە کە لە هەندێک راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە لەبارەی هەڵاتنی تەیف سامی بۆ دەرەوەی عێراق یان دەستگیرکردنی لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتە دژە گەندەڵییەی کە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران دەستیپێکردووە.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، ئەو زانیارییانە راست نین و پشتیان بە هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی نەبەستووە.
تەیف سامی لەنێوان ساڵی 2023 بۆ 2025 وەزیری دارایی عێراق بوو لە کابینەی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو.
نووسینگەی رۆژنامەڤانیی تەیف سامی سەرکۆنەی دروستکردن و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و ئەو دەنگۆیانەی کردووە کە ئەگەر هەیە رای گشتی بشێوێنن.
لە روونکردنەوەکەدا داوا لە دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق کراوە رۆڵی خۆی ببینێت لە بەدواداچوون بۆ هەواڵی چەواشەکارانە و رێوشوێنی پێویستی یاسایی بگرێتەبەر بۆ پاراستنی متمانەی میدیایی و مافی هاووڵاتییان لەوەی زانیاریی ورد و باوەڕپێکراویان پێبگات.


.jpg&w=3840&q=75)
