رووداو دیجیتاڵ
سەدان دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکان لە پارێزگای دیالە، کورد و عەرەبی سنوورەکە، رۆژی یەکشەممە، 28ی حوزەیرانی 2026، لەبەردەم باڵەخانەی پارێزگای دیالە لە شاری بەعقووبە گردبوونەوە و داوای دامەزراندنیان کرد. خۆپێشاندەران کە دەرچووانی ساڵی 2013 تاوەکو 2025یان تێدابوو، داوایان لە حکومەتی عێراق کرد هەلی کاریان بۆ بڕەخسێنێت.
ئیسرا ریاز، دەرچووی زانکۆی سلێمانییە، لە خانەقینەوە چووەتە بەعقووبە و دەڵێت: " زانکۆی سلێمانیم تەواو کردووە، ئەگەر دامەزاردنیش لە تەواوی عێراق هەبێت ئێمە ناگرێتەوە، نازانم زانکۆکەی ئێمە حساب دەکرێت یان نا، بەڵام هیچ ئێمە ناگرێتەوە”.
دینا خالق، دایکی قوتابییە، چیرۆکی کچەکەی و بە گریانەوە بە رووداوی گوت: "15 ساڵە بڕوانامەکەم لەماڵ داناوە. بەرپرسان داوای یەک دەفتەر دۆلارم لێدەکەن بۆ راییکردنی کارەکانم. لە کوێ بیهێنم خۆم هەژارم”.
محمد بیاتی، دەرچوویەکی دیکەیە و دەڵێت: ”زۆربەی خۆپیشاندەران زیاتر لە پێنج ساڵە دەرچوونە، دەبێ بەبێ مەرج و پێشینە دابمەزرێن”.
دەرچووانی شارە کوردستانییەکانی پارێزگای دیالە، جگە لە دانەمەزراندیان کێشەی داننەنان بە بڕوانامەکانیشیان هەیە.
بەتایبەت دەرچووانی زانکۆی گەرمیان کە سێ کۆلێژی زانکۆکە لە خانەقینە.
راژان ماجد، دەرچووی زانکۆی گەرمیانە و شەش ساڵە کۆلێژی ئینگلیزیی تەواو کردووە و یەکێک بووە لە سێ خوێندکارە یەکەمەکەی سەر ئاستی بەشەکەی، بەڵام دانەمەزراوە. راژان دەڵێت: "ئێمە دانشتووی خانەقینین، ئەگەر بڕۆین بۆ ئەو خۆپیشاندانانەش و ناوەکانیشمان بێتەوە حکومەتی عێراق وەرمان ناگرێت، بەهۆی ئەوەی بەشێکن لە زانکۆی گەرمیان کە دانیپێدانەنراوە”.
زانکۆی گەرمیان لە ساڵی 2010 دامەزراوە. بۆ ئاسانکاری سێ کۆلێژی لە شاری خانەقین کردووەتەوە. حکومەتی عێراق بەپاساوی ئەوەی کۆلێژەکان لەسەر موڵکی حکومەت دروست کراون، دان بە بڕوانامەی نزیکەی پێنج هەزار دەرچووی ناوچە کوردستانییەکانی پارێزگای دیالە نانێت کە دەرچووی زانکۆی گەرمیانن.


.jpg&w=3840&q=75)