رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق و فەرماندەیی سوپای تورکیا لە زاخۆ کۆبوونەوە. ئامانجی کۆبوونەوەکە "بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی ئەمنی و چارەسەرکردنی کێشە سنوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات" بووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ی حوزەیرانی 2026، کۆبوونەوەیەکی باڵای هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق لەگەڵ بەرپرسە ئەمنییەکانی تورکیا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە پارێزگای دهۆک بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، فەرماندەی پاسەوانی سنووری ناوچەی یەکەم (کە بەرپرسە لە پاراستنی سنووری نێوان عێراق و تورکیا) و فەرماندەی فیرقەی 23ی سوپای تورکیا بە ئامادەبوونی یاریدەدەری فەرماندەییەکە بۆ کاروباری سیاسی بەشدار بوون.
بەپێی راگەیێندراوی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق، لە دیدارەکەدا "جەخت لەسەر گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندییەکان و ئەنجامدانی کۆبوونەوەی خولیی کرایەوە، بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری دەستبەجێ بۆ هەر کێشەیەکی سنووری کە بێتە پێشەوە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە هەردوولا باسیان لەوە کردووە، "ئەم جۆرە کۆبوونەوانە دەبنە هۆی چەسپاندنی پرەنسیپەکانی هاوئاهەنگیی دوولایەنە و پاراستنی ئاسایشی هاوبەش لە ناوچە سنوورییەکاندا."
عەمید حەیدەر کەرخی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هاوئاهەنگیمان لەگەڵ حکومەتی تورکیا هەیە بۆ پاراستنی سنوورەکان و ئەم کۆبوونەوەیەش بەشێک بوو لە بەردەوامیی ئەو هاوئاهەنگییە."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرماندەیی پاسەوانی سنوور دەڵێت، "لە پلانماندایە لە ناوچە سنوورییەکانمان لەگەڵ تورکیا چەندین بنکەی دیکە دروست بکەین، بەمەبەستی تووندوتۆڵکردنی زیاتری ئەو سنوورانە."
عێراق لەگەڵ ئێران بە رووبەری هەزار و 420 کیلۆمەتر، لەگەڵ تورکیا 335 کیلۆمەتر و لەگەڵ سووریا 618 کیلۆمەتر سنووری هەیە.
.jpg&w=3840&q=75)


