رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری تەندروستیی بەسرە دوایین ئاماری رووداوی دزەکردنی گازی ئەمۆنیای لە کارگەیەکی پەیینی کیمیایی لە پارێزگای بەسرە راگەیاند و دەڵێ، 2 کەس گیانیان لەدەستداوە و 114 کەسی دیکە تووشی هەناسەتەنگی بوون.
دکتۆر عەباس خەلەف تەمیمی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی بەسرە، ئەمڕۆ دووشەممە (14ـی ئەیلوولی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرجەم بریندارەکانی رووداوەکەی دوێنێ ئێوارەی قەزای خۆرزوبێر فریاگوزاریی سەرەتاییان بۆ کراوە و خزمەتگوزاریی پزیشکییان پێشکێش کراوە.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی بەسرە گوتی، 21 کەس لەوان لە نەخۆشخانە ماون و چارەسەر وەردەگرن.
بەشی زۆری کارگەکانی کۆمپانیای گشتیی پیشەسازیی پەینی باشوور دەکەونە ناوچەی خور زوبێر لە دووری 45 کم لە باشووری رۆژئاوای شاری بەسرە.
دوای ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا و بە دیاریکراوی لە سەردەمی شەڕی داعش کارگەکانی کۆمپانیای گشتیی پیشەسازیی پەیینی باکوور لە سنووری بێجی لە پارێزگای سەڵاحەدین لەکارکەوتن، کارگەکانی سنووری بەسرە بوونەتە تاکە سەرچاوەی دابینکردنی یۆریا بۆ کەرتی کشتوکاڵی لە عێراق و 60%ی پێداویستیی نێوخۆیی پڕدەکەنەوە.


.webp&w=3840&q=75)