رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری بەغدا لە هەڤپەیڤینێكی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە بواری خزمەتگوزاریی شارەوانیدا "پێشکەوتووە" و بەغدا پەرۆشە بۆ سوودوەرگرتن و ئاڵوگۆڕی شارەزایی لەگەڵ شارەوانییەکانی هەرێمی کوردستان.
عەممار موسا، ئەمینداری بەغدا، کە وەک ئەندامی شاندی یاوەریی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پاریسە، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو، تیشکی خستە سەر گرنگیی سەردانەکەیان و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
"ئەزموونی هەرێمی کوردستان پێشکەوتووە"
سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، عەممار موسا ئاماژەی بەوەدا هاوئاهەنگی لەنێوان ئەمینداریەتیی بەغدا و شارەوانییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە و گوتی: "ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە خزمەتگوزاریی شارەوانیدا ئەزموونێکی پێشکەوتووە و پەرۆشین بۆ ئەوەی سوود لەم ئەزموونانە وەربگیرێ و شارەزایی لەنێوان بەغدا و شارەوانییەکانی هەرێمی کوردستاندا ئاڵوگۆڕ بکرێ."
ئەمینداری بەغدا رایگەیاند: "هاوئاهەنگی و پەیوەندیی بەردەوام لە نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان هەیە و هەرێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە عێراق. ئێمە پەرۆشین بۆ ئەوەی ئەم پەیوەندییانە بەردەوام بن و پەرەیان پێبدرێ بەشێوەیەک کە خزمەت بە برا کوردەکانمان لە هەرێمی کوردستان و برا عەرەبەکانمان لە بەغدا بکات."
سەردان بۆ پاریس و هاوکاریی فەرەنسا
عەممار موسا، سەردانەکەی شاندی عێراق بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران بۆ فەرەنسای بە "گرنگ" ناوبرد و رایگەیاند، ئامانج لێی "پتەوکردنی پەیوەندییەکان و واژۆکردنی هاوبەشی لە هەموو کەرتەکان"ە.
ئەمینداری بەغدا ئاشکرای کرد لەگەڵ گرووپێک لە کۆمپانیا فەرەنسییەکان کۆدەبنەوە کە پسپۆڕن لە کەرتی ژێرخان و گواستنەوەدا و گوتی: "شاری بەغدا شارێکی گەورەیە و پێویستی بە ئاڵوگۆڕی شارەزاییە."
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بە یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی پێشووتر کرد لەنێوان ئەمینداریەتیی بەغدا و شارەوانیی پاریس کە چەندین بواری وەک ژێرخان، گرنگیدان بە ناوچە مێژووییەکان، بەڕێوەبردنی خۆڵ و خاشاک و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی کەشوهەوای لەخۆگرتووە.
سەبارەت بە پیسبوونی ئاوی رووباری دیجلە، عەممار موسا دانی بەوەدا نا کە "هەندێک پیسکەری رووباری دیجلە هەن" و گوتی، شارەوانیی بەغدا کار لەسەر پڕۆژەی گەورە دەکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و "شارەزایی کۆمپانیا فەرەنسییەکان لەم بابەتەدا ئامادەیی دەبێت بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی شایستە بە بەغدای پایتەخت."
دەقی هەڤپەیڤینی ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لەگەڵ عەممار موسا، ئەمینداریی بەغدا:
رووداو: ئەم سەردانە چەند گرنگە کە سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی گەورە لێرەیە و ئەمڕۆ چەندین کۆبوونەوەی گرنگی هەیە؟
عەممار موسا، ئەمینداریی بەغدا: بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان، سەردانی بەڕێز سەرۆکوەزیران بۆ فەرەنسا سەردانێکی گرنگە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان، هەروەها بۆ واژۆکردنی هاوبەشی لە هەموو کەرتەکان. ئەمڕۆ ئامادەبوونمان لەگەڵ شاندی یاوەری بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ کۆبوونەوەیە لەگەڵ گرووپێک لە کۆمپانیا فەرەنسییەکان کە پسپۆڕن لە کەرتی ژێرخان و کەرتی گواستنەوە. پێشتر ئەمینداریەتیی بەغدا مامەڵە و گرێبەستی لەگەڵ ژمارەیەک کۆمپانیای فەرەنسیدا کردووە. شاری بەغدا شارێکی گەورەیە و پێویستی بە ئاڵوگۆڕی شارەزایی هەیە. ئەم سەردانە لەم کاتەدا گرنگە و هەروەها لە کاتی ئەم دیدار و کۆبوونەوانەدا لەگەڵ ئەم کۆمپانیایانە، رێککەوتن لەسەر کاری هاوبەش دەکرێ لەپێناو پێشکێشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ بەغدای پایتەختی خۆشەویست.
رووداو: تاوەکو چەند سوود لە کۆمپانیا فەرەنسی و ئەوروپییەکان وەردەگرن بۆ پاککردنەوەی ژینگەی بەغدا؟
عەممار موسا، ئەمینداریی بەغدا: بە راشکاوانە سەردانەکە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و پاریس گرنگە. یاداشتێکی لێکتێگەیشتن هەیە کە پێشتر لە نێوان ئەمینداریەتی بەغدا و شارەوانیی پاریس واژۆ کراوە. لە بەغدا واژۆ کرا و چەندین تەوەر و بواری هاوئاهەنگی لەخۆگرتووە، لەوانە گرنگترینیان ژێرخان، گرنگیدان بە ناوچە مێژووییەکان، بەڕێوەبردنی خۆڵ و خاشاک و ئاڵنگارییەکانی کەشوهەوا. هەموو ئەم دۆسیانە لە کاتی ئەم سەردانەدا ئامادەییان دەبێت و پشتیوان بەخوا کاریگەریی ئەرێنی لەسەر خزمەتگوزارییەکانی بەغدای پایتەخت دەبێت.
رووداو: چی دەکەن بۆ پاککردنەوەی ئاوی دیجلە؟
عەممار موسا، ئەمینداریی بەغدا: بەڵێ، ئەمڕۆ لە بەغدا هەندێک پیسکەری رووباری دیجلە هەن و شارەوانیی بەغدا پەرۆشە بۆ ئەوەی پڕۆژەی گەورە ئەنجام بدات بۆ سنووردارکردنی دیاردەی پیسبوونی ئاوی رووبارەکە. کۆمەڵێک پڕۆژەمان تەواو کردووە و خراونەتە خزمەتەوە و هەروەها لە چوارچێوەی پلانەکانماندا پڕۆژەی دیکەش هەن کە کار بۆ تەواوکردنیان دەکەین. شارەزایی کۆمپانیا فەرەنسییەکان لەم بابەتەدا ئامادەیی دەبێت بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی شایستە بە بەغدای پایتەخت.
رووداو: بەڕێزتان بەم دواییە سەردانی هەرێمی کوردستانتان کرد. چۆن هەوڵ دەدەن سوود لە ئەزموونی یەکدی وەربگرن؟
عەممار موسا، ئەمینداریی بەغدا: بەڵێ، پەیوەندی و هاوئاهەنگی لەنێوان ئەمینداریەتیی بەغدا و شارەوانییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە و یەکێتییەکیش بۆ شارەوانییەکان هەیە کە وڵاتانی ناوچەکە لەخۆدەگرێ و لە نێویاندا بەغدا و شارەوانییەکانی هەرێمی کوردستانیش هەن. ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە خزمەتگوزاریی شارەوانیدا ئەزموونێکی پێشکەوتووە و پەرۆشین بۆ ئەوەی سوود لەم ئەزموونانە وەربگیرێ و شارەزایی لە نێوان بەغدا و شارەوانییەکانی هەرێمی کوردستاندا ئاڵوگۆڕ بکرێ.
رووداو: دوایین پرسیار لە بەڕێزتان. چی دەکەن بۆ ئەوەی کارئاسانی بۆ وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان بکەن تاوەکو لە بەغدا وەبەرهێنان بکەن؟
عەممار موسا، ئەمینداریی بەغدا: بە راشکاوانە من باسی لایەنی خزمەتگوزاریی پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر دەکەم، نەوەک لایەنەکانی دیکە. هاوئاهەنگی و پەیوەندیی بەردەوام لە نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان هەیە و هەرێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە عێراق. ئێمە پەرۆشین بۆ ئەوەی ئەم پەیوەندییانە بەردەوام بن و پەرەیان پێبدرێ بەشێوەیەک کە خزمەت بە برا کوردەکانمان لە هەرێمی کوردستان و برا عەرەبەکانمان لە بەغدا بکات.

