رووداو دیجیتاڵ
لە راگەیێندراوێکی هاوبەشی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەنجوومەنی هاریکاریی وڵاتانی کەنداو، جەخت کرایەوە کە بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایشی بەردەوام لە ناوچەکەدا، پێویستی بە رووبەڕووبوونەوەی هەموو جۆرە هەڕەشەکانی ئێرانە، لەوانەش مووشەکی بالیستی، درۆن و پاڵپشتیکردنی گرووپە چەکدارەکان.
وەزیرەکان جەختیان کردەوە، هەر جۆرە وەبەرهێنانێک لەگەڵ تاران، مەرجدارە بە پابەندبوونی ئێران بە یاداشتی لێکتێگەیشتن و رێککەوتنی کۆتایی و وەستاندنی رەفتارە نائارامکەرەکانی.
ئەم کۆبوونەوە لە 25ی حوزەیرانی 2026، لە شاری مەنامەی پایتەختی بەحرێن بەڕێوەچوو، بە سەرۆکایەتیی هاوبەشی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و عەبدولـلەتیف راشد ئەلزەیانی، وەزیری دەرەوەی بەحرێن. مارکۆ روبیۆ، پابەندیی نەگۆڕی واشنتنی بۆ ئاسایشی وڵاتانی کەنداو دووپات کردەوە.
دانوستاندنەکانی ئێران و تەنگەی هورمز
وەزیرەکان دەستخۆشییان لە واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی 17ی حوزەیران لە نێوان ئەمریکا و ئێران کرد و ستایشی رۆڵی نێوەندگیری پاکستان و قەتەریان کرد. جەختیشیان کردەوە کە دەبێت گوشاری دانوستاندنــەکان بەردەوام بێت تاوەکو رێگری لە ئێران بکرێت بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی.
سەبارەت بە تەنگەی هورمز، وەزیرەکان داوای دووبارە کردنەوەی دەستبەجێی رێڕەوەکەیان کرد و جەختیان کردەوە کە کەشتیوانیی ئازاد و بێ مەرج، بەشێکی جەوهەریی ئاسایشی جیهانییە.
ئەوان هەر جۆرە سەپاندنی باج، سەرانە یان هەوڵێکی کۆنتڕۆڵکردنی تەنگەی هورمزیان رەتکردەوە و دەستخۆشییان لە دەستپێکردنی پلانی گواستنەوەی زیاتر لە 11 هەزار دەریاوانی گیرخواردوو لە ناوچەکەدا کرد.
ئاسایشی عێراق، کوێت و نێردە دیپلۆماسییەکان
وەزیرەکان ئەو هێرشانەیان سەرکۆنە کرد کە لەلایەن "گرووپە لایەنگرەکانی ئێران لە عێراقەوە" دەکرێنە سەر وڵاتانی کەنداو و ژێرخانی وزە.
پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ هەوڵەکانی حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی (عەلی زەیدی) دەربڕی بۆ سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.
هەروەها جەختیان لە رێزگرتن لە سەروەریی خاکی کوێت و ئاوە هەرێمییەکانی کردەوە بەپێی بڕیاری 833ی ئەنجوومەنی ئاسایش. داوایان لە حکومەتی عێراق کرد، پابەندی بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانی بێت و تەواوی رێکارەکان بگرێتە بەر بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان لە هەر هەڕەشەیەک، تاوەکو قۆناخــی ئارامی لە ناوچەکەدا بگاتە لووتکە و چیدیکە باڵوێزخانەکان نەکەونە بەر هێرش.
دۆخی سووریا و لوبنان
وەزیرەکان، پشتیوانیی خۆیان بۆ گەلی سووریا لە بونیادنانی دەوڵەتێکی سەقامگیر، ئارام و خاوەن سەروەری دەربڕی. بڕیاریشیان دا بەردەوام بن لە هاوکاریی حکومەتی سووریا بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و فەراهەمکردنی مەرجی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان.
سەبارەت بە لوبنانیش، پێشوازییان لە دانوستاندنــە دووقۆڵییەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بە سەرپەرشتیی ئەمریکا کرد. وەزیرەکان جەختیان کردەوە کە سەروەریی تەواوەتیی لوبنان بەدی نایەت تاوەکو هەموو گرووپە چەکدارەکان چەک نەکرێن و هێزی سەربازی تەنیا لە دەستی دەوڵەتی لوبناندا نەبێت.
کێشەی غەززە و پلانی ترەمپ
وەزیرەکان دووبارە پشتیوانیی خۆیان بۆ پلانی گشتگیری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی غەززە دەربڕی.
مارکۆ روبیۆ، سوپاسی وڵاتانی کەنداوی کرد بۆ "بەشدارییە مێژووییەکەیان لە ئەنجوومەنی ئاشتی" بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە.
جەختیش کرایەوە کە دەبێت هەموو گرووپە چەکدارەکان لە غەززە چەک بکرێن و بەرپرسیارێتییەکان رادەستی لێژنەیەکی مەدەنیی فەلەستینیی سەربەخۆ بکرێت. هەروەها ستایشی هەڵوێستی ترەمپیان کرد لە دژایەتیکردنی لکاندنی کەناری رۆژئاوا بە ئیسرائیلەوە.
.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
