رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئاراستەیەکی سیاسی لەنێو ماڵی شیعە و چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەیە بۆ زیادکردنی دوو وەزارەتی نوێ بۆ کابینەی حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدی، ئەوانیش وەزارەتەکانی گەشتوگوزار و فەرمانڕەوایی (حوکمڕانی)ن.
پلانەکە بەو شێوەیەیە کە کەرتی گەشتوگوزار لە وەزارەتی رۆشنبیری جیابکرێتەوە؛ بە جۆرێک وەزارەتێک بەناوی "رۆشنبیری و شوێنەوار" بمێنێتەوە و وەزارەتێکی دیکەی سەربەخۆ بەناوی "گەشتوگوزار" دروست بکرێت. بەپێی زانیارییەکان، یەکێک لە بەربژێرەکان بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری پێشووی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییە.
هەروەها، ئاراستەکە بەرەو ئەوەیە وەزارەتێکی دیکە بەناوی "وەزارەتی حوکمڕانی" زیاد بکرێت و محەممەد ساحیب دەڕاجی ، دیارترینی بەربژێرەکانە بۆ ئەوەی وەک وەزیری ئەو وەزارەتە دەستنیشان بکرێت.
ئەبوو میساق مەساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر کە یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان، رۆژی پێنجشەممە، 25ی حوزەیرانی 2026، هەواڵەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند کە ئەو ئاراستەیە بۆ تێپەڕاندنی دۆخی ئێستا هەیە.
لەلایەکی دیکەوە، د. عەلی دیفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێستا راوێژ و ئاراستەیەک هەیە کە ئەحمەد ئەسەدی بکرێتە وەزیری گەشتوگوزار، چونکە خاوەنی ئەزموونێکی کارگێڕی و سیاسییە و دەتوانێت ئەو کەرتە کارا و زیندوو بکاتەوە."
هاوکات سەبارەت بە هەمان پرس، سەعد سەعدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادیقوون بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو بابەتە لە چوارچێوەی گفتوگۆدایە، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی لەسەر نەدراوە."
رۆژی 14ی ئایاری 2026، لە پەرلەمانی عێراق دەنگدان بۆ بەربژێری وەزارەتەکانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بەڕێوە چوو و جگە لە پەسندکردنی کارنامەکەی عەلی زەیدی، 14بەربژێر دەنگی پێویستیان بۆ بوونە وەزیر بەدەستهێنا و 5 بەربژێریش رەتکرانەوە و ئەوانی دیکەش نەخرانە دەنگدانەوە. نۆ وەزارەت ماوە دەنگیان لەسەر بدرێت.
.jpg&w=3840&q=75)
