رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی کاخەزە داراییەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، کەمبوونەوەی چالاکیی ئابووری لەمساڵدا کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاستی مامەڵەکانی بۆرسەی عێراق دروستکردووە، بەڵام سندووقە وەبەرهێنەرییە بیانییەکان بەردەوامن لە وەبەرهێنان. ئاشکراشی دەکات کە بەهۆی پابەندنەبوون بە بڕیارەکانی بانکی ناوەندییەوە، مامەڵەکردن بە پشکی بانکی تەیف و نزیکەی 4 بۆ 5 دامەزراوەی دیکە راگیراوە و، هۆشداریش دەداتە ئەو کۆمپانیایانەی راپۆرتی دارایی پێشکەش ناکەن، لە بۆرسە دەسڕدرێنەوە.
رۆژی یەکشەممە، 13ی ئەیلوولی 2026، فەیسەڵ وسام هەیمس، سەرۆکی دەستەی کاخەزە داراییەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رووداوی راگەیاند، "ئەو دۆخەی ئێستا بەسەر بازاڕدا زاڵە، کەمبوونەوەی چالاکیی ئابووریی پێوە دیارە. ئێمەش لە بازاڕی عێراق لە ئەم ساڵدا ئاستی مامەڵەکانمان کاریگەر بووە بەو دۆخە."
سەرۆکی دەستەی کاخەزە داراییەکانی عێراق گەشبینی خۆی نیشان دەدات و دەڵێت، لەگەڵ چوونی بازاڕی عێراق بۆ نێو پلاتفۆرمی (تەبادول) کە لەژێر سەرپەرشتیی بازاڕی کاخەزە داراییەکانی ئەبووزەبیدایە. دەبێتە هۆی راکێشانی زیاتری وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ بازاڕەکەمان، لە هەمان کاتیشدا دەرفەت بۆ عێراقییەکان دەڕەخسێنێت تاوەکو لە رێگەی ئەو پلاتفۆرمەوە لە بازاڕەکانی دیکەشدا وەبەرهێنان بکەن.
سەبارەت بە نیگەرانییەکان لە کورتهێنانی نەختینە لە بازاڕدا، سەرۆکی دەستەی کاخەزە داراییەکان گوتی: "نەختینە کاریگەر بووە بەو دۆخەی لە ناوچەکە هەیە، هەروەک چۆن لە هەموو کەرتە ئابوورییەکاندا کاریگەریی هەبووە و یەکێک لەوانەش بازاڕی کاخەزە داراییەکانە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، بەردەوامبوونی مانەوەی سندووقە وەبەرهێنەرییە بیانییەکانە لە نێو بازاڕدا، ئەمەش ئاماژەیەکی زۆر باشە کە پارەکانیان نەکێشاوەتەوە و هێشتا لە بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراقدا وەبەرهێنان دەکەن."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ژمارەی ئەو بانک و کۆمپانیایانەی بەهۆی بڕیاری نێودەوڵەتی یان ناوخۆییەوە رووبەڕووی سنووردارکردن بوونەتەوە، فەیسەڵ هەیمس ئاشکرای کرد، "تەنیا سزای نێودەوڵەتی نییە، بەڵکو پێوەری ناوخۆییش هەن کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە دەردەچن. بۆ نموونە ئێمە لەم دواییانەدا مامەڵەکردنمان بە پشکەکانی بانکی تەیف راگرت، ئەمەش دوای ئەوەی نووسراوی فەرمیی بانکی ناوەندیمان پێگەیشت کە خستوونیەتە ژێر سەرپەرشتیاری و دەستی دادوەری. هەروەها نزیکەی چوار بۆ پێنج دامەزراوەی دیکەش هەن کە دەکەونە چوارچێوەی هەمان بازنەوە."
سزادانی ئەو کۆمپانیایانەی شەفاف نین؛ "لە بازاڕ سڕیان دەکەین"
سەبارەت بەو کۆمپانیایانەی پابەندی کاتی دیاریکراوی بڵاوکردنەوەی راپۆرتە داراییەکانیان نابن و کێشەی کەمیی نەختینەیان هەیە، فەیسەڵ هەیمس هۆشداریی دا و گوتی، "ئێمە زۆر پێداگری دەکەین لەسەر ئەوەی سەرجەم کۆمپانیاکان پابەند بن بە ئاشکراکردنی دارایی خولیی پێویست، بەڵام هەندێک کۆمپانیا هەن کە بەهۆکارێک لە هۆکارەکان پابەند نەبوون. لە راستیدا چەندین رێگە هەن کە دەستەکەمان دەیانگرێتەبەر، لەوانە راگرتنی مامەڵەکردن بە پشکی ئەو کۆمپانیایانە، تەنانەت لە هەندێک کاتدا سڕینەوەیان بە یەکجاری لە بازاڕدا. ئێمە بەردەوامین لە هاندانیان تا پابەندی ئاشکراکردنی دارایی بن لە پێناو پاراستنی ماف و بەرژەوەندیی وەبەرهێنەراندا."
لەبارەی سەپاندنی مەرجە نێودەوڵەتییەکان بەسەر بانکەکاندا لە نێو بۆرسە، سەرۆکی دەستەی کاخەزە داراییەکان رایگەیاند، "ئێمە پابەندین بە تەواوی ئەو رێنماییانە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە دەردەچن، چونکە بە تەواوی ئاگادارین کە سەرپێچیکردنی ئەم رێنماییانە دەبێتە هۆی دروستکردنی کێشە بۆ عێراق. ئێمە پابەندین و بەردەوام دەبین لە پیادەکردنی سەرجەم پێوەرەکانی پابەندبوون بە بڕیارەکانی ئەو ئەنجوومەنە و جێبەجێکردنیان لەنێو بازاڕی کاغەزە داراییەکانی عێراقدا."
سەبارەت بەوەی بۆچی سندووقەکانی خانەنشینی و کۆمپانیاکانی بیمەی عێراق وەک "وەبەرهێنەری دامەزراوەیی" بەشداریی چالاکانە لە کڕینی پشکەکاندا ناکەن، فەیسەڵ هەیمس ئاشکرای کرد، "پەیوەندی و هاوئاهەنگیی بەردەوام لەسەر ئەم بابەتە هەیە. ئێستا وەبەرهێنانی هەندێک لە دامەزراوە حکومییەکان لەو پشکانەدا هەیە کە لە بازاڕی عێراق مامەڵەیان پێوەدەکرێت. ئێمە کار دەکەین بۆ ئەوەی ئەم وەبەرهێنانە زیاتر بکەین، بەتایبەت لەبەر ئەوەی داهات و قازانجی باش لەسەر ئەم وەبەرهێنانە هەیە و پشکی زۆر پتەو و رەسەن لە بازاڕدا بەردەستن، ئەمەش دەرفەتێک بۆ ئەم دامەزراوانە دەڕەخسێنێت تاوەکو بە شێوەیەکی دروست و سەنگین قازانج بەدەستبهێنن."
لەبارەی ئاستەنگە تەکنیکییەکانیش گوتی، دەستەکەیان بەردەوام چاودێریی پێشهاتەکانی بواری تەکنەلۆژیای زانیاری دەکات تاوەکو لە رێگەی پلاتفۆرمەکانەوە ئاسانکاری بۆ مامەڵەکردن لە دوورەوە بکرێت، بەجۆرێک کە پێویست نەکات هاووڵاتی و وەبەرهێنەر بۆ مامەڵەکردن راستەوخۆ ئامادەی هۆڵی بۆرسە بن.


