رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، بۆ مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ بڕی 500 ملیار دینار لە شایستە داراییەکانی جووتیاران خەرج دەکرێت، ئاماژە بەوەش دەکات، لە مانگەکانی داهاتوودا سەرجەم شایستە داراییەکانی کەرتی کشتوکاڵ دەدرێن.
رۆژی یەکشەممە، 13ی ئەیلوولی 2026، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق لە راگەیێندراوێکدا کە لەلایەن فەرمانگەی راگەیاندن و پەیوەندییە حکومییەکانی وەزارەتەکەیەوە بڵاوکرایەوە، رایگەیاند، "لە چوارچێوەی رێکارەکانی وەزارەت بۆ یەکلاکردنەوە و پاکتاوکردنی ئەو شایستە داراییانەی کە لە ئەستۆی دەوڵەتدایە بۆ کەرتی کشتوکاڵ، لە ماوەی ئەم مانگەدا (ئەیلوول) بڕی 500 ملیار دینار بۆ جووتیاران خەرج دەکرێت."
وەزیری دارایی دەڵێت، وەزارەتەکەی بەردەوام دەبێت لە تەواوکردنی رێکارەکانی پێدانی پارەی جووتیاران لە مانگەکانی داهاتووشدا، تاوەکو بەپێی رێکارە داراییە پەسندکراوەکان، سەرجەم قەرز و شایستە داراییەکانیان بە تەواوی دەدرێت.
فالح ساری تیشکی خستە سەر بایەخی کەرتی کشتوکاڵ و رۆڵی جووتیاران لە بەهێزکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆراک بۆ وڵات، ئاماژەی بەوەش کرد کە وەزارەتی دارایی سوورە لەسەر دابینکردنی پێداویستییە داراییەکان تاوەکو چالاکییە کشتوکاڵییەکان بەردەوام بن و جووتیاران بتوانن بەردەوامی بە بەرهەمهێنان بدەن.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی رێکخستنەوەی پرۆسەی پێدانی پارە و شایستەکانی کەرتی کشتوکاڵدایە، بەجۆرێک کە بەردەوامیی دابینکردنی نەختینەی پێویست بۆ وەرزی کشتوکاڵی مسۆگەر بکات و پاڵپشتی لە سەقامگیریی ئەم کەرتە لە عێراقدا بکات.
لە 18ی ئابی 2026، وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕی 350 ملیار دیناری وەک پارەی گەنمی ساڵی 2025 خەرجکرد، کە بڕی 58 ملیار و 633 ملیۆن و 889 هەزار دیناری بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە.


