رووداو دیجیتاڵ لە 10ی تەمووزەوە کار بە رێکارێکی نوێی کاڵای هاوردەکراو لە رێگەی سیستەمی ئەسیکۆدا دەکرێت، کە دەبێت بەڵگەنامەی وڵات و کۆمپانیای بەرهەمهێنەری کاڵاکان پێشکێش بکرێت، وەک بەشێک لە رێکارەکانی رەزامەندی بۆ دەربازبوونیان لە دەروازە سنوورییەکانەوە. رۆژی چوارشەممە، 24ی حوزەیرانی 2026، دەستەی گشتیی گومرگی عێراق لە راگەیێنراوێکدا بازرگانان، هاوردەکاران و بریکارانی گومرگی ئاگادار کردووەتەوە کە تایبەتمەندیی زانیاری وەرگرتنی ئەلیکترۆنی کارا کراوە لەبارەی بەڵگەنامەی دروستکراوی کاڵا هاوردەکراوەکان و پسوولەى بازرگانی کە لە یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق دەرچووبێت، ئەو هەنگاوە لە رێگەی سیستەمی ئەسیکۆدا ئەنجام دەدرێت، ئەوەش بۆ دڵنیابوونەوە لە دروستیی ئەو بەڵگەنامانە و پشتپێبەستنیان لە رێکارە گومرگییەکان دا. ئەو رێکارە بۆ دڵنیابوونەوەیە لەوەی ئەو کاڵایانەی بە دۆلاری بانکی ناوەندیی عێراق هاوردە دەکرێن، لەو وڵات و کۆمپانیایەوە هاوردە کراون کە بازرگان لە بەڵگەنامەکان دا پێشکێشیان کردوون. دەستەی گشتیی گومرگی عێراق رایگەیاند، کە تایبەتمەندیی زانیاری وەرگرتنی ئەلیکترۆنی لە کاتی رێکارە گومرگییە پێشوەختەکان دا ئەنجام دەدرێت، لە رێگەی تۆمارکردنی ژمارەی بەڵگەنامەکان لە خشتەی تایبەت بە سیستەمی ئەسیکۆدا، بۆ ئەوەی دروستیی زانیارییە پێشکێشکراوەکان بسەلمێنێت و رێکارەکانی گومرگ و چاودێریی گومرگی بەهێزتر بکرێن. هەر بازرگانێک بیەوێت لە عێراق کاڵا لە رێگەی سیستەمی ئەسیکۆدا هاوردە بکات و دۆلاری بانکی ناوەندیی بە نرخی فەرمی دەستبکەوێت، دەبێت بەر لەوەی گومرگی کاڵاکە بدات و ئەستۆپاکی باج بکات، تاوەکو رێگەی پێ بدرێت کاڵا هاوردەکراوەکەی لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە دەربازی ناو عێراق ببێت. حامی هەرکی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئارک ستار بۆ گواستنەوەی نێودەوڵەتی بە رووداوی راگەیاند: بەگوێرەى ئەو تایبەتمەندییە بازرگان لە رێگەى سیستمى ئەسیکۆداوە ژمارەیەک داخڵ دەکات کە بەڵگەنامەى شوێنى دروستکردنى کاڵا هاوردەکراوەکەیە و بەشێوەیەکى ئەلیکترۆنى یەکێتى ژوورە بازرگانییەکانى عێراق وردبینى لە رادەستى ئەو ژمارەیەک دەکات لەرێگەى ژوورى بازرگانى ئەو وڵاتەى کاڵاکەى لێوە هاوردە دەکرێت کە چەند چرکەیەکى پێدەچێت. دەستەی گشتیی گومرگی عێراق رایگەیاندووە کە ئەو تایبەتمەندییە ئێستا بە شێوەی ئەزموونی جێبەجێ دەکرێت، بەڵام لە 10ی مانگی تەممووزی داهاتووەوە جێبەجێکردنی دەبێتە ناچاری. ئەگەر بەڵگەنامەکانی وڵات و کۆمپانیای دروستکار و پسوولە بازرگانییەکان لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە لە ئەسیکۆدا تۆمار نەکرێن، پەسند ناکرێن. حامى هەرکى بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئارک ستار رایگەیاند: ئەو هەنگاوە بۆ رێگرییە لەوەى کە کاڵا بە ناوى وڵاتێکەوە هاوردە بکرێت کە لێ دروست نەکرابێت.
عێراق24-06-2026وەزیری نەوت و کۆمپانیاکان کۆبوونەوە؛ "گرنگە بەربەستەکانی بەردەم زیادکردنی بەرهەمهێنان لاببرێن"