سۆلین حەمەدەمین - نەهرۆ محەممەد
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی عێراق، تەواوی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد دەست بە خەرجکردنی سەرمووچە و پلەبەرزکردنەوەی شایستەی فەرمانبەران بکەن. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "بابەتەکە تاوتوێ دەکەین و دیراسەی رێکارەکان دەکەین."
وەزارەتی دارایی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 21ـی حوزەیرانی 2026، بڵاویکردەوە کە فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق داوای لە تەواوی وەزارەتەکان، لایەنە نەبەستراوەکان بە وەزارەت و پارێزگاکان کردووە، دەست بە پێدانی سەرمووچە (عەلاوە) و پلەبەرزکردنەوەی (تەرفیع)ی شایستەی فەرمانبەرانی دەوڵەت بکرێت و رێکارە کارگێڕی و داراییەکان بەپێی رێنماییە بەپەلە تەواو بکرێن.
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی، فالح ساری رایگەیاندووە، بڕیاری دەستپێکردنەوەی خەرجکردنی ئەو شایستە داراییانە لە چوارچێوەی پابەندبوونی وەزارەتەکەیەتی بە مافە یاساییەکانی فەرمانبەران و هەوڵێکە بۆ بەهێزکردنی سەقامگیریی پیشەیی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.
لەسەر هەمان پرس، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "لە ساڵی 2016ـەوە پلەبەرزکردنی فەرمانبەرانی شارستانی وەستاوە تەنیا سەربازی نەبێت، بەڵام لە ساڵی 2025ـەوە هەموو پلەبەرزکردنەوەیەک لە هەرێمی کوردستان راگیرا تەنیا ئەنجوومەنی دادوەری، دەستەی دەستپاکی و پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ناوخۆ نەبێت."
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی، دوای ئەوەی عێراق بڕیاری داوە سەرمووچە و پلەبەرزکردنەوە دەستپێبکەنەوە، ئەوانیش دەیانەوێت تاوتوێی بابەتەکە بکەن و گوتی: "دیراسەی رێکارەکان دەکەین تاوەکو بزانین، ئەگەر دەستی پێبکرێتەوە چۆن و بە چ شێوازێک بێت."
د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی 9ی کانوونی یەکەمی 2025، بە بڕیاری تەیف سامی، وەزیری دارایی ئەوکاتی عێراق، سەرمووچە و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران راگیرا، تاوەکو یاسای بودجەی ساڵی 2026 پەسند دەکرێت."


