رووداو دیجتیاڵ
فەرماندە ئەمنییە باڵاکانی عێراق کۆبوونەوەیەک بۆ تاوتوێکردنی گواستنەوەی دۆسیەی ئەمنیی پارێزگای نەینەوا دەکەن، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگاکەش دەڵێت، سەرەڕای تێپەڕبوونی کات، تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ رادەستکردنی دۆسیەکە بە پۆلیس دیاری نەکراوە.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 9ی ئەیلوولی 2026، فەریق یەکەمی روکن عەبدولئەمیر شەمەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی فراوانی ئەمنی کرد بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی ئەمنیی پارێزگای نەینەوا.
لە کۆبوونەوەکەدا، بریکارانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ کاروباری پۆلیس و هەواڵگری، سکرتێری پێشکەوتووی نووسینگەی فەرماندەی گشتی، بریکارانی دەزگای هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی، یاریدەدەری سەرۆک ئەرکانی سوپا بۆ ئۆپەراسیۆنەکان، بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکانی وەزارەتی ناوخۆ، فەرماندەی هێزە وشکانییەکان و نوێنەری حەشدی شەعبی بەشدار بوون، هەروەها فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا و رۆژئاوای نەینەواش لە رێگەی ڤیدیۆوە بەشدارییان کرد.
محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی ئەیلوولی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنی پارێزگای نەینەوا لە سوپاوە بۆ پۆلیس دیاری نەکراوە."
سەرۆکی لیژنەی ئاسایش ئاماژەی بەوەش کرد، "بڕیار بوو ساڵێک لەمەوبەر دۆسیەی ئەمنی نێو شارەکان لە نەینەوا لە وەزارەتی بەرگرییەوە رادەستی وەزارەتی ناوخۆ بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە."
گواستنەوەی دۆسیەی ئەمنیی شارەکان لە سوپاوە بۆ پۆلیسی نێوخۆیی، بەشێکە لە بەرنامەی حکومەتی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکان و کەمکردنەوەی دەرکەوتنی سەربازی. ئەم هەنگاوە پێشتر لە چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراق جێبەجێ کراوە.
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لە کۆبوونەوەکەدا چەند راسپاردەیەک پەسند کراون کە ئامانجیان تەواوکردنی پرۆسەی گواستنەوەی بەرپرسیارێتیی ئەمنی و دابینکردنی بارودۆخی گونجاوە بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە بەپێی ئەو پلانەی بۆی دانراوە.



