رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و سێ پڕۆژەیاسا تاوتوێ دەکات؛ یەکێکیان تایبەتە بە خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هاتووچۆ. بەگوێرەی هەموارەکە جام رەشکردنی ئۆتۆمبێل بە رێژەی %30 بەبێ باج و رسومات رێگەپێدرا دەبێت و گۆڕانکارییش لە بڕی پێبژاردنەکاندا دەکرێ.
بەرنامەی کاری دانیشتنی ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی ئەیلوولی 2026ی پەرلەمانی عێراق، کە بڕیارە کاژێر 1:00ی پاشنیوەڕۆ دەستپێبکات، تاوتوێکردنی سێ پڕۆژەیاسا لەخۆدەگرێت.
سێ پرۆژەیاساکە بریتین لە:
یەکەم: خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای رێکخستنی کرێی خزمەتگوزاری لە فەرمانگەکاندا. پڕۆژەیاساکە لە 3 ماددە پێکدێت.
دووەم: خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای یەکەم هەموارکردنەوەی یاسای ئاودێریی ژمارە 83ی ساڵی 2017. ئەم پڕۆژەیاسایە لە 5 ماددە پێکدێت.
سێیەم: خوێندنەوەی دووەم و گفتوگۆکردنی پڕۆژەیاسای یەکەم هەموارکردنەوەی یاسای هاتووچۆی ژمارە 8ی ساڵی 2019. ئەم پڕۆژەیاسایە لەلایەن لیژنەکانی ئاسایش، بەرگری و داراییەوە راپۆرتی لەسەر ئامادە کراوە.
لەبارەی دیارترین ئەو گۆڕانکارییانەی بڕیارە لە یاسای هاتووچۆی عێراق بکرێن، شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی ئەیلوولی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێگەدانە بە جام رەشکردنی ئۆتۆمبێل بە 30% بەبێ باج و رسومات. سزاکانی هاتووچۆ لە رێگەی کامێرا و رادارەکانەوە تۆمار دەکرێن و گۆڕانکاری لە بڕی پێبژاردنەکاندا دەکرێ.
شێروان دووبەردانی دەڵێت، تووندکردنی سزاکان هەڵوەستەی لەسەر کراوە، بە جۆرێک هیچ جۆرە لێخۆشبوون یان واستەیەک لە بڕیاری سزادانی سەرپێچیکاراندا نابێت، بەتایبەت ئەو سەرپێچیانەی دەبنە هۆی رووداوی کوشندە. بەشێکیش لە داهاتی باج و رسووماتی هاتووچۆ تەرخان دەکرێ بۆ پەرەپێدانی کارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ و دابینکردنی پێداویستییەکانیان.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رۆژی 27ی تەممووزی 2023، رێنماییەکانی تایبەت بە رێژە و نرخی جامڕەشکردنی ئۆتۆمبێلی راگەیاند، بۆ 30%ی جامڕەشکردن دوو ملیۆن و 500 هەزار دینار؛ بۆ 40% سێ ملیۆن و 500 هەزار دینار و بۆ 50%ی جامڕەشکردن پێنج ملیۆن دینار وەردەگیرێت.
هەر بەپێی رێنماییەکە ئەو تێچووانەی جامڕەشکردن بۆ ماوەی ساڵێکن، رەزامەندیی جامڕەشکردن بە ئۆتۆمبێلی تاکسی و پاس و پاسەکانی گواستنەوەی گشتیی ناوخۆ بە هەموو جۆرەکانیانەوە نادرێت، جگە لە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و گواستنەوەی کاڵا بە هەموو جۆرەکانیانەوە.
رێگەدان بە دانانی پەردەی قوماش بۆ پاسی گەشتیاری کە جێگەی (40 سەرنشین و زیاتر)ـی دەبێتەوە و سەر بە کۆمپانیا گەشتیارییە تۆمارکراوەکانە و بۆ گواستنەوەی گشتیی دەرەوەی وڵات تەرخانکراوە، بە مەرجێک ژمارەی سەرنشینەکانی لە (10 کەس) کەمتر نەبێت لە کاتی کارکردنیدا.
رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئۆتۆمبێلەکانی سەر بە سێ سەرۆکایەتییەکە؛ ئەندامانی پەرلەمان؛ وەزیران؛ بریکارانی وەزارەتەکان؛ سەرۆکی دەستەکان و هاوپلەکانیان ؛ سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ؛ پارێزگارەکان؛ راوێژکاران و سەرۆکی نێردە دیپلۆماسییەکانیشی گرتووەتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی هەینی، 7ی ئابی 2026، چەند رێنماییەکی نوێی( رێنمایی ژمارە 6ی ساڵی 2026 تایبەت بە پێدانی مۆڵەتی جامڕەش) بۆ رێکخستنی مۆڵەتی جامڕەشکردنی ئۆتۆمبێل دەرکرد، بەپێی رێنماییە نوێیەکان، مۆڵەتی جامڕەشکردن تەنیا بە ئۆتۆمبێلی تایبەت دەدرێت کە بەناوی خاوەنەکەیەوە بێت و مۆڵەتەکە بۆ ماوەی یەک ساڵ کاری پێدەکرێت. یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکان ئەوەیە کە جامی پێشەوەی ئۆتۆمبێل نابێت بە هیچ شێوەیەک رەش بکرێت و پێویستە ناوەوەی ئۆتۆمبێل بە روونی ببینرێت.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان نرخەکانی بەپێی رێژەی رەشکردن و جۆری جامەکە (کارگەیی یان دەستکرد) بەم شێوەیە دیاریکردووە:
یەکەم: رێژەی تا 30% بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە کارگەوە جامەکانیان رەنگدارە 100 هەزار دینار.
دووەم: رێژەی 31% تا 50% :150 هەزار دینار بۆ جامی کارگەیی، و 300 هەزار دینار بۆ جامی دەستکرد.
سێیەم: رێژەی 51% تا 80%: 200 هەزار دینار بۆ جامی کارگەیی، و 500 هەزار دینار بۆ جامی دەستکرد.
چوارەم: رێژەی زیاتر لە 80%: بڕی یەک ملیۆن دینار وەک رسوماتی ساڵانە وەردەگیرێت.
جگە لەم بڕە پارانە، بڕی 30 هەزار دینار بۆ باجی رێگەپێدان و 25 هەزار دینار وەک کرێی کارگێڕی بۆ هەر داواکارییەک وەردەگیرێت.
لە رێنماییەکەدا سزای توند بۆ سەرپێچیکاران دیاریکراوە. هەر کەسێک بەبێ مۆڵەت یان بە مۆڵەتی بەسەرچوو جامڕەش بکات، بە بڕی 500 هەزار دینار سزا دەدرێت. ئەگەر لە ماوەی 30 رۆژدا سەرپێچییەکە چارەسەر نەکات، سزاکەی بۆ دوو هێندە زیاد دەکرێت.
رێنماییەکە ئۆتۆمبێلەکانی سەرۆکایەتیی هەرێم، حکومەت، پەرلەمان، کونسوڵخانە و نێردە دیپلۆماسییەکانی بەدەرکردووە. هەروەها بۆ ئۆتۆمبێلی تەکسی، تەنیا رێگە بە رەشکردنی جامەکانی دواوە دراوە، بە مەرجێک رێژەکەی لە 50% زیاتر نەبێت.



