رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق داوا لە دادگەکان دەکات رێکاری یاسایی تووند بگرنەبەر بەرامبەر ئەوانەی دزی لە تۆڕی کارەبا دەکەن یان هێرش دەکەنەسەر ئەو لیژنانەی بۆ رێگری لە زێدەڕۆیی سەر کارەبا پێکهێنراون. بۆ ئەم مەبەستەش چەند بڕگەیەکی یاسای سزادانی عێراقی دەستنیشان کراون کە سزاکەیان دەگاتە 7 ساڵ بەندکردن.
ئەم بڕیارانەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممە، 21ـی حوزەیرانی 2026دا بوو، کە بە سەرپەرشتیی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە ئەنجام درا. لە کۆبوونەوەکەدا نووسراوێکی وەزارەتی کارەبا تاوتوێ کرا کە ئاراستەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری کرابوو و تێیدا داوای رێکاری یاسایی دژی دزیکردن لە تۆڕی نیشتمانی کرابوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی فەرمی، ئەنجوومەنەکە فەرمانی بە دادگەکانی لێکۆڵینەوە داوە بەپێی بڕگەی 11 لە مادەی 444ی یاسای سزادانی عێراق مامەڵە لەگەڵ دزینی کارەبا بکەن. ئەم بڕگەیە تایبەتە بە زیانگەیاندن بە ماڵ و موڵکی دەوڵەت و سزاکەی بەندکردنە بە مەرجێک لە 7 ساڵ تێپەڕ نەکات. پسپۆڕێکی یاسایی لەمبارەیەوە بە رووداوی گوت: "چیدیکە بوار بۆ چاوپۆشیکردن لە زێدەڕۆییەکان نەماوە."
هەروەها ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بڕیاری دا رێکاری یاسایی دژی ئەو کەسانە بگیرێتەبەر کە هێرش دەکەنە سەر ئەندامانی لێژنەکانی لابردنی زێدەڕۆیی. داوا کراوە دادگەکان بەپێی هەردوو مادەی 229 و 230ی یاسای سزادانی عێراق مامەڵە بکەن. ئەم دوو مادەیە تایبەتن بە هێرشکردنە سەر فەرمانبەری حکومی لەکاتی بەجێهێنانی ئەرکدا و سزاکەی دەگاتە 3 ساڵ بەندکردن و پێبژاردن.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی نێوان دەسەڵاتی دادوەری و حکومەتدایە بۆ پاراستنی ژێرخانی وزە لە عێراق، وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکان لەسەر تۆڕی نیشتمانیی کارەبا.



