رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى پەروەردەى عێراق رایگەیاند، زیاتر لە 11 هەزار فەرمانبەرى دەوڵەت بەهەردوو کەرتى مەدەنى و سەربازى نازانن بخوێننەوە و بنوسین. کەمترین رێژەی نەخوێندەواریش لە هەولێر و سەلاحەدین و بەغدایە.
پێنجشەممە 10ى ئەیلوولى 2026، کەریم سەید، گوتەبێژى وەزارەتى پەروەردەى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، وەزارەتەکەى 14 تیمى هەیە کە لە کایەى فێرکردنى بەتەمەنەکان کاردەکەن بۆ نووسین و خوێندنەوە. تیمەکان بەسەر هەموو پارێزگاکاندا دابەش بوون.
بەگوێرەى رووپێویی وەزارەتى پەروەردە پارێزگاکانى موسەنا و نەینەوا و مەیسان زۆرترین نەخوێندەواریان تێدایە، لە کاتێکدا هەولێر و سەلاحەدین و بەغدا لە ریزبەندى ئەو پارێزگایانەن کە کەمترین رێژەی نەخوێندەوارییان تێدایە.
کەریم سەید گوتی، دەزگاى جێبەجێکردنى نەهێشتنى نەخوێندەوارى، هەزار و 200 ناوەندی لە هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانى پەروەردە هەیە، زیاتر لە یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس لێی سوودمەند بوون.
بەگوێرەى سەرژمێرى گشتى دانیشتووان لەساڵى 2024، رێژەى نەخوێندەوارى لە عێراق و هەرێمی کوردستان 15.3% بووە.
گوتەبێژى وەزارەتى پەروەردەى عێراق رایگەیاند تێکڕاى فێرخوازانی نەهێشتنى نەخوێندەوارى 57 هەزار و 512 کەسن، لەنێوانیاندا پێنج هەزار و 832 یان فەرمانبەرى مەدەنین و زیاتر لە شەش هەزاریان فەرمانبەرى کەرتى سەربازین، بەوپێیە زیاتر لە 11 هەزار فەرمانبەر لە دامەزراوەکانى دەوڵەت هەن کە نازانن بخوێننەوە و بنووسن، کە لەنێوان وەزارەتە مەدەنییەکانى نەوت و کارەبا و چەند وەزارەتێكى دیکە دابەش بوون، لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوە ئەمنیی و سەربازییەکاندا لەوانە وەزارەتەکانى بەرگرى و ناوخۆ و دەستەى حەشدى شەعبی.



