رووداو دیجیتاڵ گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، هەموو گەرەنتییەک بۆ کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەستەبەر دەکەن، لەبەرئەوەی ئەو پرسە پەیوەندیدارە بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوەش دا، لە مانگى تشرینى یەکەمى ئەم ساڵ پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى 2027 ئامادە دەکرێت. ئەو گوتانەی حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بوو کە ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی حوزەیران لە بەغدا سازی کرد. حەیدەر عەبوودی رایگەیاند، دەوڵەت هەموو گەرەنتییەک بۆ کۆمپانیاکانی نەوت لە عێراق و بەتایبەتیش لە هەرێمی کوردستان دەستەبەر دەکات، بەوپێیەی ئەو پرسە پەیوەندیدارە بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە. کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنانیان لەو کەرتەدا راگرت بەهۆی ئەو هێرشانەی لە دوای 28ی شوباتى ئەم ساڵ بە درۆن کرایە سەر کێڵگەکان و داوای گەرەنتیی دووبارە نەبوونەوەی ئەو هێرشانە دەکەن. حەیدەر عەبوودی رایگەیاند، پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوو ئامادە دەبێت بۆ ئەوەی ببرێتە پەرلەمان و دەوڵەت پەنا بۆ قەرزی دەرەکی نابات و حکومەت چەندین چارەسەری لەبەردەستدایە و ئاماژە هەیە بۆ چارەسەری دۆخی ئابووریی عێراق، دەوڵەتێکی هەژار نییە. بەهۆی ئەو گرژییەی لە تەنگەى هورمز دروست بووە، کێشە بۆ هەناردەی نزیکەی 90%ی نەوتى عێراق دروست بووە کە لەو رێگەیەوە بووە. گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران بڕیاریداوە بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتوودا نەکات و پارتی سیاسیش دروست ناکات. حەیدەر عەبوودی ئاماژەی بەوە دا، لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزی داهاتوودا، عەلی فالح زەیدی سەردانی ئەمریکا دەکات و چەندین دۆسیە لەو سەردانەدا تاوتوێ دەکات لەوانە دۆسیەی ئابووری و سنووردارکردنى چەک لەدەستى دەوڵەت .
عێراق11-07-2026'جانتاکەی زەیدی بۆ واشنتن چی تێدایە؟' هاوبەشیی نێوان ئەمریکا و عێراق بەرەو قۆناخێکی دیکە
عێراق11-07-2026وەزارەتی دارایی عێراق: تەنیا بەرپرسین لە وەرگرتنەوەی پارە دزراوەکان و دەسەڵاتی لێخۆشبوونمان نییە