رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنبار درۆنێک لە نزیک دیوەخانی حەلبووسی کەوتەخوارەوە. سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی پارێزگاکەش دەڵێت، پشتڕاست نەکراوەتەوە کە ئامانج لە درۆنەکە دیوەخانی حەلبووسی بوو بێت. هاوکات فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق باس لەوە دەکات کە درۆنەکە لە نزیک دیوەخانی هەیبەت حەلبووسی بووە.
رۆژی شەممە، 20ی حوزەیرانی 2026، سەعد غازی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، درۆنێک بە دووریی 250 بۆ 300 مەتر لە دیوەخانی محەممەد حەلبووسی لە ناوچەی گەرمەی ئەنبار کەوتووەتەخوارەوە.
سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنبار دەڵێت، "لەوکاتەی کە درۆنەکە کەوتووەتە خوارەوە محەممەد حەلبووسی لە دیوەخانەکە نەبووە و تاوەکو ئێستاش ئەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە کە ئاخۆ ئامانجی درۆنەکە دیوەخانی بەڕێز حەلبووسی بووبێت."
گوتیشی، "لەوە دڵنیانین کە درۆنەکە خۆی کەوتووەتە خوارەوە یان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە خراوەتە خوارەوە و شوێنی ئاراستەکردنیشی ئاشکرا نییە، بەڵام شوێنی کەوتنەکەی لە نێو پاوان بووە و ئاگر کەوتووتەوە."
بە گوتەی سەعد غازی، کەوتنەخوارەوەی درۆنەکە "جگە لە سووتانی کەمێک دەخڵ و پاوان، هیچ زیانێکی دیکەی نەبووە."
بەڵام فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەڵێت، دیوەخانەکە هی هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان بووە.
ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئاماژە بەوە دەکات، "بەپێی زانیارییە هەواڵگرییە تەکنیکییەکان، درۆنەکە هیچ مادەیەکی تەقەمەنی هەڵنەگرتووە، هەروەها ئەم جۆرە فڕۆکانە مەودای فڕینیان تەنیا 750 مەترە و لە کاتی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمیدا بە خێرایی دەست بە سووتان دەکەن."
فەرماندەییەکە رایگەیاندووە، "دەزگا ئەمنییەکان، هەواڵگری و بەڵگەی تاوان دەستیان بە رێکارە پێویستەکان و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە."
.png&w=3840&q=75)



