رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئیتاڵیا دەڵێ، رۆژی سێشەممە کشانەوەی هێزەکانی و کەرەستە سەربازییەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کۆتایی پێهێناوە.
گایدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا لە لێدوانێکدا تیشکی خستە سەر هۆکاری بڕیارەکە و رایگەیاند، کۆتاییهاتنی ئەرکە سەربازییەکەیان ئاماژەیەکی روونە بۆ قۆناخێکی نوێ و گواستنەوە بەرەو وەرگرتنی بەرپرسیارێتیی تەواوەتی لە لایەن دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراقەوە بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایشی وڵاتەکەیان.
هێزەکانی ئیتاڵیا لە ساڵی 2014 هاتنە باشووری کوردستان و عێراق، ئەوەش لە ژێر چەتری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا.
کشانەوەی هێزەکانی ئیتاڵیا قۆناخ بە قۆناخ جێبەجێکراوە. رۆما لە ئاداری 2026ـدا بەشێکی بەرچاوی سەرباز و راوێژکارە سەربازییەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کشاندەوە، ئەمەش لەگەڵ بەردەوامبوونی جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران.
دەقی راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی ئیتاڵیا:
بە گەڕانەوەی دوایین کارمەندانی سەربازی کە بەشدار بوون لە گواستنەوەی پێداویستییە لۆجستییەکان، ئەمڕۆ بوونی هێزە چەکدارەکانمان لە عێراق کۆتایی دێ. ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و نێردەی ناتۆ لە عێراق، لە راستیدا لە وڵاتانی دیکەوە بەردەوام دەبن لە کارەکانیان.
نێردەی ناتۆ لە عێراق، بەتایبەتی، لە بارەگای کاتیی خۆی لە لاگۆ پاتریا لە پارێزگای ناپۆلی لە فەرماندەیی هێزی هاوبەشی ناتۆ لە ناپۆلی، بەردەوام دەبێت لە کارەکانی.
وەک ئەوەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا رێککەوتنی لەسەر کراوە، هێزە چەکدارەکانی ئیتاڵیا، لەگەڵ هێزەکانی دیکەی هاوپەیمانان و وڵاتانی ناتۆ لە عێراق، تاوەکو 30ی ئەیلوول خاکی عێراقیان جێهێشتووە.
بۆیە، لە سبەینێوە، بوونی سەربازییمان لە عێراق کۆتایی دێ. ئەمەش بەهۆی بڕیارێکی تەنیا ئیتاڵیاوە نییە، بەڵکو چونکە دەچینە قۆناخێکی نوێوە — کە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق و وڵاتانی هاوبەش رێککەوتنی لەسەر کراوە — و تێیدا هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەرپرسیارێتیی تەواو لە ئەستۆ دەگرەن.
ئەمە کۆتایی پابەندبوونێکی 12 ساڵەیە، کە تێیدا هەزاران کارمەندی سەربازییمان لە عێراق خزمەتیان کرد و بەشدارییان لە شەڕی دژی داعش، ئاسایشی وڵات، و راهێنانی هێزە چەکدارەکانی عێراق و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان کرد.
بەڵام، کشانەوەی هێزە چەکدارەکانمان بە واتای کۆتاییهاتنی پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتێکی گرنگ و دۆستدا نایەت، هەروەها رێگر نابێت لە شێوازەکانی داهاتووی هاوئاهەنگی و هاوکاری.
بەڵکو، دەمانەوێ ئەم پەیوەندییە بەهێزتر بکەین. سرووشتی پەیوەندییەکەمان دەگۆڕدرێ: بوونی سەربازیی کەمتر لەسەر زەوی و گرنگیدانی زیاتر بە هاوکاری، راهێنان، ئاڵوگۆڕی شارەزایی و پەرەپێدانی تواناکانی هێزە چەکدارەکانی عێراق.
ئەمە قۆناخێکی نوێیە، کە تێیدا عێراق راستەوخۆ بەرپرسیارێتییەکی گەورەتر بۆ ئاسایشی خاکی خۆی لە ئەستۆ دەگرێ و ئیتاڵیا دەیەوێ بەردەوام بێت لە گێڕانی رۆڵی خۆی.
سوپاسی پیاوان و ژنانی هێزە چەکدارەکانمان دەکەم کە لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا لە عێراق خزمەتیان کردووە. ئەوان بە پیشەییبوون، گیانی قوربانیدان و هەستی بەرپرسیارێتییەوە ئەرکی خۆیان جێبەجێ کردووە. سوپاس و پێزانینم بۆ هەموویان هەیە."
کشانەوەی ئیتاڵیا تاوەکو مانگی ئاداری 2026 بە زۆری تەواو کراببوو. لە چەند هەفتەی رابردوودا، تەنیا ئەو تیمانە لە عێراق مابوونەوە کە بۆ کۆکردنەوە و گواستنەوەی کەرەستە و پێداویستییەکان پێویست بوون.
وەک چۆن لە گفتوگۆکانی ئەم دواییانەی نێوان سەرۆکی ئەرکانی بەرگریی ئیتاڵیا، جەنەراڵ لوسیانۆ پۆرتۆلانۆ و سەرۆکی ئەرکانی بەرگریی عێراق، جەنەراڵ عەبدولئەمیر یارەڵڵا، پشتڕاستکرایەوە، ئیتاڵیا و عێراق نیازیانە پەیوەندییە دوقۆڵییەکانیان بپارێزن و پەرەی پێبدەن، لەگەڵ بەردەوامبوون لەسەر ئاڵوگۆڕی شارەزایی و ئەزموون و هەروەها بەرنامەکانی راهێنان و بنیاتنانی تواناکان.
جگە لەوەش، دوو پۆلیسی سەربازی وەک بەشێک لە نێردەی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق (EUAM Iraq) لە وڵاتەکە دەمێننەوە، کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە رێپێدراون.

