رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، مۆڵەتێکی کاتی و سنوورداری داوەتە کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقی بۆ گەشتی ئاسمانی لەنێوان عێراق و ئێران. مۆڵەتەکە تەنیا بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف و گواستنەوەی "زیارەتکارانی ئێرانی"یە و واشنتن هۆشداری داوە کە ئەمە بە واتای هەڵگرتنی گشتیی سزاکان نییە، بەڵکو تەنیا رێگەپێدانێکی کاتییە.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی فەرمیی گەنجینەی ئەمریکا کە لەلایەن ئێریک گرۆسمان، بەڕێوەبەری بەشی مۆڵەتپێدان لە ئۆفاک لە 28ـی ئەیلوولی 2026 واژۆ کراوە، ئاراستەی مستەفا تاڵیب، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری هێڵی ئاسمانیی عێراقی کراوە و لەلایەن وەزارەتی گواستنەوەی عێراقەوە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە، تێیدا هاتووە کە واشنتن رێگە بە هێڵەکە، دابینکەرانی خزمەتگوزاری و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف دەدات، گەشتەکانیان بۆ ئێران دەستپێبکەنەوە.
مۆڵەتەکە بۆ ماوەیەکی کاتییە و لە 28ـی تشرینی یەکەمی 2026 بەسەردەچێت.
لە بەڵگەنامەکەدا چەندین مەرج بۆ گەشتەکان دیاریکراون:
- گەشتەکان تەنیا دەبێت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەفەوە بەرەو ئێران بفڕن و هەر بۆ ئەوێش بگەڕێنەوە.
- تەنیا رێگە بە گواستنەوەی ئەو هاووڵاتییە ئێرانییانە دەدرێت کە وەک "زیارەتکاری ئایینی" سەردانی عێراقیان کردووە.
- گواستنەوەی بڕە پارەی زۆری کاش (بە هەر دراوێک بێت) بە تەواوی قەدەخەیە.
- نابێت هیچ کەسێک لەوانەی لەلایەن ئەمریکاوە سزادراون، یان سەر بە حکومەتی ئێران و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی تارانن، بە فڕۆکەکان بگوازرێنەوە.
- تەنیا رێگە بە جانتای شەخسیی گەشتیاران و پێداویستییەکانی سەلامەتیی فڕین دەدرێت، گواستنەوەی هەر کەلوپەلێکی سەربازی، هەواڵگری یان ئەمنی قەدەخەیە.
کۆتوبەندی دارایی و پاراستنی بەڵگەنامەکان بۆ 10 ساڵ
لە بەشێکی دیکەی بەڵگەنامەکەدا هاتووە، هەر مامەڵەیەکی دارایی پەیوەست بەم گەشتانە کە بە نێو سیستمی بانکیی ئەمریکادا تێپەڕ دەبێت، دەبێت راستەوخۆ ژمارەی ئەم مۆڵەتەی لەسەر بنووسرێت بۆ ئەوەی بلۆک یان رەت نەکرێتەوە. هاوکات قەدەخەیە ئەو مامەڵە داراییانە لە رێگەی دانان یان راکێشانی راستەوخۆی پارە لە هەژمارە بانکییە ئێرانییەکانەوە بکرێن.
هەروەها هێڵی ئاسمانیی عێراقی پابەند کراوە کە بۆ ماوەی 10 ساڵ تەواوی بەڵگەنامە، تۆمار و داتاکانی پەیوەست بەم گەشتانە و مامەڵە داراییەکانیان بپارێزێت، بە جۆرێک بەڵگەی تەواو بن بۆ ئەوەی بەپێی ئەم مۆڵەتە کارەکان کراون.
ناوەکان، پاسپۆرتەکان و خەرجیی سووتەمەنی دەچنە واشنتن
بەپێی بەڵگەنامەکە، دەبێت لە ماوەی 10 رۆژی کارکردن دوای کۆتاییهاتنی وادەی مۆڵەتەکە، هێڵی ئاسمانیی عێراقی لە رێگەی ئیمەیڵی فەرمییەوە راپۆرتێکی زۆر ورد بۆ نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا (ئۆفاک) بنێرێت، کە ئەم زانیارییانەی تێدا بێت:
- ژمارەی تەواوی ئەو سەرنشینانەی گوازراونەتەوە.
- ناوی تەواوی گەشتیاران و ژمارەی پاسپۆرتەکانیان.
- تەواوی ئەو پارەیەی هێڵی ئاسمانیی عێراقی لەنێو ئێراندا بۆ کڕینی سووتەمەنی، خەرجیی چاککردنەوە و خزمەتگوزارییەکانی دیکەی فڕۆکەخانە خەرجی کردووە.
مەرجێکی سەرەکی بۆ بەغدا: سنووردارکردنی ئاسمان بە رووی فڕۆکەی ئێرانیدا
ئۆفاک لە هۆشدارییەکدا رایگەیاندووە کە دەسەڵاتی ئەوەی هەیە لە هەر کاتێکدا و بە هەر هۆکارێک مۆڵەتەکە هەڵبوەشێنێتەوە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانیش "پابەندنەبوونی عێراقە بە بەڵێنەکانی لەبارەی سنووردارکردنی چوونەژوورەوە یان تێپەڕبوونی فڕۆکە ئێرانییەکان بە ئاسمانی وڵاتەکەیدا".
لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە، ئەم مۆڵەتە بە هیچ شێوەیەک بە واتای هەڵگرتنی گشتیی سزاکان لەسەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران یان مامەڵەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقی لەگەڵ ئەو وڵاتە نایەت، بەڵکو تەنیا رێگەپێدانێکی کاتی و سنووردارە بۆ دۆخێکی مرۆیی و ئایینیی دیاریکراو و دەبێت تەواوی رێنماییەکان بە وردی جێبەجێ بکرێن.

