رووداو دیجیتاڵ
دوای 7 مانگ لە راگرتن، هێڵی ئاسمانیی عێراق گەشتەکانی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران دەستپێدەکاتەوە.
حوسێن ئەحمەد کەربەلائی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 29ی ئەیلوولی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا و دوای تەواوکردنی رێکارەکان و رێکخستنی کاروبارەکان، گەشتی هێڵی ئاسمانیی عێراق بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستپێدەکاتەوە. گەشتەکانیش تەنیا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەفەوە دەبن.
سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فڕۆکەخانەکە ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکان و چاوەڕێی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراق دەکەن بۆ راگەیاندنی کاتی گەشتەکان بەدیاریکراوی و بڵاوکردنەوەی خشتەی گەشتەکان.
هەر لەوبارەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 29ی ئەیلوولی 2026، کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقیە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە هەوڵ و راسپاردەی راستەوخۆی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران و بەدواداچوونی وەهب حەسەنی وەزیری گواستنەوەی عێراق، رەزامەندییان بۆ هێڵی ئاسمانیی عێراق وەرگرتووە تاوەکو گەشتەکانی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستپێبکاتەوە.
بە گوێرەی کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراق، ئێستا تیمەکانیان بە چڕی کار لەسەر ئامادەکردنی فڕۆکەکان و تەواوکردنی پێداویستییەکانی رێکخستنی گەشتەکان دەکەن، وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراق لە عێراقەوە بۆ ئێران و بەپێچەوانەوە.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، لە 23ی ئەیلوولەوە گەشتی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی ئێران بۆ عێراق راگیراوە، ئەوەش بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە.
هێڵی ئاسمانیی عێراقیش لە سەرەتای مانگی ئادارەوە گەشتەکانی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران راگرتووە، واتە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی فەرمیی گەنجینەی ئەمریکا کە لەلایەن ئێریک گرۆسمان، بەڕێوەبەری بەشی مۆڵەتپێدان لە ئۆفاک لە 28ـی ئەیلوولی 2026 واژۆ کراوە و ئاراستەی مستەفا تاڵیب، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری هێڵی ئاسمانیی عێراقی کراوە و دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، واشنتن رێگە بە هێڵەکە، دابینکەرانی خزمەتگوزاری و ئەو کارمەندە ئەمریکییانە دەدات کە لەگەڵی کار دەکەن، گەشتەکانیان بۆ ئێران دەستپێبکەنەوە.
مۆڵەتەکە بۆ ماوەیەکی کاتییە و لە 28ـی تشرینی یەکەمی 2026 بەسەردەچێت.

