رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی تووشبوونیان بە نەخۆشیی تەبەق، عێراق رێگری لە هاتنە ناوەوەی 1750 سەر گوێرەکە دەکات، کە لە کۆڵۆمبیاوە هاوردە کرابوون.
دکتۆر محەممەد عەزیز، بەڕێوەبەری ڤێتەرنەریی عێراق لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی حوزەیرانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان وەزیری کشتوکاڵی عێراقی ئاگادارکردەوە لەبارەی بارێکی ئاژەڵ کە تووشی نەخۆشیی تەبەق بووە، عەبدولڕەحیم شەمەری، وەزیری کشتوکاڵی عێراق بڕیاری دا، رێگری لە هاتنە ناوەوەی 1750 سەر گوێرەکەی زیندوو بکرێت و قەدەخە بکرێ، ئەوەش بە ئامانجی پاراستنی سامانی ئاژەڵ لە نەخۆشی و پەتای کوشندە.
تەبەق نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە، تووشی ئاژەڵە سمدارەکان دەبێت و ژێر سمی ئاژەڵەکە بریندار دەکات. بەپێی لێکۆڵینەوەکان، نەخۆشیی تەبەق خێراترین نەخۆشیی ڤایرۆسییە بۆ بڵاوبوونەوە لەنێو ئاژەڵاندا.
بەڕێوەبەری ڤێتەرنەریی عێراق گوتی: "ئەو گوێرەکانە بە مەبەستی سەربڕین لە کۆڵۆمبیاوە هاوردە کرابوون و گەیشتبوونە دەروازەی تریبێل."
دەروازەی ترێبیل لە سنووری قەزای روتبەی سەر بە پارێزگای ئەنبارە و تەنیا دەروازەی وشکانیی نێوان عێراق و ئوردنە.
وەزیری کشتوکاڵی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: "دەبێت تەنیا رێگە بە هاتنی ئەو ئاژەڵانە بدرێت کە سەرچاوەی باوەڕپێکراویان هەیە، بۆ ئەوەی تەندروستیی هاووڵاتییان و ئابووریی نیشتمانی بپارێزرێت".
بەڕێوەبەری ڤێتەرنەریی عێراق تیشکی خستە ئەو رێکارانە کە لەوبارەوە پیادەی دەکەن و ئاماژەی بەوەکرد،"پشکنینی ئەو ئاژەڵانە دەکرێن کە دێنە نێو وڵات، چ بۆ هاوردەکردن بێت یان تەنیا تێپەڕین (ترانزێت). فەرمانگەکەمان وردبینی لە هەموو بەڵگەنامە و بڕوانامە تەندروستییەکانی وڵاتی بنەڕەت دەکات، جگە لە پشکنینی کلینیکی و وەرگرتنی نموونەی خوێن بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لە رێگەی تاقیگە ناوەندی و لاوەکییەکان لە پارێزگا سنوورییەکان."
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، زیاتر لە 16 ملیۆن و 400 هەزار مەڕ؛ ملیۆنێک و 300 هەزار بزن؛ ملیۆنێک و 800 هەزار مانگا؛ 462 هەزار گامێش و زیاتر لە 200 هەزار حوشتر لە عێراق هەن.
.jpg&w=3840&q=75)

