رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا کۆبوونەوە؛ بەگوێرەی راگەیێندراوێکی هاوبەش، هەردوولا لەسەر پێویستیی پەلەکردن بۆ داماڵینی تەواوەتیی چەک و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت رێککەوتوون، هاوكات لەگەڵ کاراکردنەوەی چەندین گرێبەستی ستراتیژیی وزە و تەکنەلۆژیا.
رۆژی سێشەممە 16-06-2026، راگەیێندراوێکی هاوبەش لەبارەی کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە 15-06-2026ـی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بڵاوکرایەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا باراک پێداگریی ئیدارەی ترەمپی بۆ هاوبەشییەکی بەهێز و دوولایەنە لەگەڵ عێراق دووپاتکردەوە، هاوکات بانگهێشتنامەی دۆناڵد ترەمپی گەیاندە عەلی زەیدی بۆ سەردانی کۆشکی سپی لە ناوەڕاستی تەممووز بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتەکە.
داماڵینی چەک و هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان
بەپێی راگەیێندراوە هاوبەشەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نێردەی ئەمریکا دیدگەیەکی هاوبەشیان بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی گەشتر و دوور لە تیرۆر تاوتوێ کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی جێبەجێکردنی پلانەکانی عێراق کردەوە بۆ داماڵینی تەواوەتیی چەک و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم گرووپ و پێکهاتە چەکدارەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی دەوڵەت، بە مەبەستی سنووردارکردنی چەک تەنیا لە دەستی دەسەڵاتی عێراقدا.
ئامانجی ئەم هەوڵانە سەپاندنی سەروەریی تەواوەتییە بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێکان و دڵنیابوونەوە لەوەی خاکی عێراق لەلایەن هیچ لایەنێکەوە بۆ هەڕەشەکردن لە ئاشتیی هەرێمی بەکارناهێندرێت. عەلی زەیدی و تۆم باراک جەختیان لە پەلەکردن لە بەئەنجامگەیاندنی تەواوەتیی ئەم هەوڵانە کردەوە.
هاتنی ستارلینک و شێڤرۆن بۆ عێراق
لە کەرتی ئابووری و وەبەرهێناندا، هەردوولا ستایشی بڕیارەکەی عێراقیان کرد بۆ پێدانی مۆڵەتی کارکردن بە کۆمپانیای ستارلینک (Starlink) بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی جیهانیی پێشەنگ بۆ بەکارهێنەرانی عێراقی.
لە راگەیێندراوکەدا هاتووە، بەغدا دانوستاندن لەگەڵ کۆمپانیای ئەمریکیی شێڤرۆن (Chevron) دەستپێدەکات بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی (قورنەی رۆژئاوا-2) و (ناسریە) بە شێوازێک کە لە بەرژەوەندیی هەردوولادا بێت. هەروەها بڕیاردراوە رێگە بە کۆمپانیا ئەمریکییەکانی (HKN)، (Western Zagros) و (Hunt) بدرێت کارەکانیان بە گەرەنتیی تەواوی ئەمنی لە عێراق دەستپێبکەنەوە.
پڕۆژە ستراتیژییەکانی هەناردەی نەوت و گازی شل
بەپێی راگەیێندراوەکە، هەردوولا کاردەکەن بۆ پێشخستنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ کۆمپانیای (TI Capital) بۆ کاراکردنەوە و چاککردنەوەی هێڵی بۆریی نەوتی (کەرکووک - بانیاس) وەک رێڕۆیەکی ستراتیژیی هەناردەکردنی نەوت.
لە کەرتی کارەباشدا، کۆمپانیاکانی هەردوولا کاردەکەن بۆ زیادکردنی هاوکاریی بازرگانی بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکانی کارەبای عێراق، لەنێویشیاندا لە رێگەی پڕۆژەکەی کۆمپانیای (Excelerate Energy) بۆ گەشەپێدانی وێستگەیەکی یەکگرتووی هاوردەکردنی گازی سروشتیی شلکراو (LNG) لە بەندەری خۆر زوبێر.
لە کۆتاییدا، عەلی زەیدی و تۆم باراک جەختیان لە گرنگیی پشتیوانیکردنی عێراقێکی فیدراڵ، دیموکراسی و یەکگرتوو کردەوە، کە لەسەر بنەمای دامەزراوە دەستوورییە بەهێزەکان بنیات بنرێت و یەکسانیی تەواو بۆ هەموو هاوڵاتییان دابین بکات بە شێوازێک کە یەکڕیزی، سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی وڵاتەکە بەهێزتر بکات.




