رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیاری دا پشکی گازوایلی مۆلیدە تایبەتەکان بۆ مانگی داهاتوو زیاد بکات و ئەویش بێبەرامبەر دەبێ، ئەوەش بە مەبەستی پێدانی کارەبا لە وەرزی گەرمای هاویندا.
رۆژی دووشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2026، سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، بە رووداوی راگەیاند: "لەسەر بنچینەی رێنماییەکانی سەرۆکوەزیران و بۆ سووککردنی بارگرانیی سەر شانی هاووڵاتیان لە وەرزی هاویندا، پشکی مانگی تەممووزی سووتەمەنی بۆ مۆلیدە تایبەتییەکان زیادکرا، ئەوەش لە رێگەی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراق دابەش دەکرێ."
سەلیم روکابی گوتی: "بۆ هەر ئەمپێرێک، بڕی 45 لیتر گازوایل دەبێت کە بێبەرامبەر دەدرێتە خاوەن مۆلیدەکان. دابەشکردنەکەش لە 20ـی حوزەیرانی 2026 دەستپێدەکات."
سەبارەت بە پشکی مانگی حوزەیرانیش، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە وەک خۆی بەردەوام دەبێت کە 40 لیترە بۆ هەر ئەمپێرێک و نرخەکەی 200 دینارە بۆ هەر لیترێک.
ئەوە لە کاتێكدایە، بەگوێرەی نووسراوێکی قایمقامیەتی پارێزگای کەرکووک، بەشە گازی دابینکراو بۆ مۆلیدەکان لە مانگی ئایاردا 25 لیتر بووە بۆ هەر ئەمپێرێک.
هاوکات، کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە راگەیێندراوێکدا داوای لە خاوەن مۆلیدەکان کرد، بەزوویی پشکەکەیان وەربگرن و پابەندبن بەوەی رۆژانە لانیکەم 20 کاژێر کارەبا (بە هاوبەشی لەگەڵ کارەبای نیشتمانی) بدەنە هاوبەشان.
ئەم بڕیارە دوای کۆبوونەوەی رۆژی شەممە، 13ـی حوزەیرانی 2026ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دێت، کە تێیدا تاوتوێی دۆخی کارەبا کرا و بڕیاردرا هەوڵەکان بۆ دابینکردنی خواستی زۆری سەر وزەی کارەبا زیاد بکرێن و سووتەمەنیی بێبەرامبەر بۆ مۆلیدەکان دابین بکرێت.


.jpg&w=3840&q=75)
