رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، ئەو دەفتەرانەی تاقیکردنەوە کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا دەستیان بەسەردا گیراوە، پەیوەندییان بە تاقیکردنەوەی ئەم ساڵەوە نییە.
روونکردنەوەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق لەدوای ئەوە بوو کە 61 دەفتەری تاقیکردنەوەکانی پۆلی شەشەمی ئامادەیی لە فڕۆکەخانەی بەغدا دەستیان بەسەردا گیرا و وەزارەتەکە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەسەر پێکهێنا.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی پەروەردە، ئەو دەفتەرانە نیشانی لیژنەی هەمیشەیی تاقیکردنەوەکان دراون و لەدوای بەراوردکردن دەرکەوتووە کە پەیوەندییان بە پرسیار و تاقیکردنەوەکانی ئەم ساڵەوە نییە.
بەپێی کۆنووسی دەستبەسەرداگرتنەکە، کاژێر 08:00ی بەیانیی رۆژی چوارشەممە 10-06-2026 لە هۆڵی "سامەڕا"ی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا گەشتیارێک بە ناوی (جەواد عەبدولکازم شەوای سودانی) راگیراوە کە هەڵگری پاسپۆرتێکی عێراقییە، لەکاتی پشکنینی کەلوپەلەکانیدا، دەست بەسەر ئەو دەفتەرانەدا گیراوە.
وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، رێکاری پێویست دەگرێتەبەر بۆ رەخساندنی ژینگەیەکی پارێزراو بۆ تاقیکردنەوەکان و پاراستنی مافی قوتابییان و پاکیی تاقیکردنەوەکان.
کەریم سەید، گوتەبێژى وەزارەتى پەروەردەی عێراق لە نووسینێکدا لە تۆڕى ئێکس رەتیکردووەتەوە تاقیکردنەوە وەزارییەکانى پۆلی شەشى ئامادەیی دواخرابێت یان پرسیارەکان دزەیان پێکرابێت.



.png&w=3840&q=75)
