رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی بزووتنەوەی حقووق (باڵی سیاسیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا) رایگەیاند، دەنگیان بەو بڕگەیەی کارنامەی حکومەت نەداوە کە تایبەتە بە سنووردارکردنی چەک، ئێستاش کاتی رادەستکردنی چەک نییە.
پێنجشەممە، 11ی حوزەیرانی 2026، حوسێن موئنیس، سەرۆکی بزووتنەوەی حقووق لە پەیامێکى ڤیدیۆییدا هەڵوێستی ئەو بزووتنەوەیەی لەبارەی پڕۆسەی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت رایگەیاند کە زیاتر لە دوو هەفتەیە عەلى فالح زەیدى، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستیپێکردووە.
حوسێن موئنیس رایگەیاند، فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمان دەنگیان بەو بڕگەیەی کارنامەی حکومەتی عەلی فالح زەیدی نەداوە کە تایبەتە بە سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت و ئەو هەنگاوە بە ستەمکارانە وەسف دەکات کە بە گوتەی ئەو بە گوشاری ئەمریکا بووە. گوتیشی: "هێشتا دۆخی هەرێمی ناسەقامگیرە و پێویستمان بە چەکە و دانانى لەم کاتەدا گونجاو نییە."
بزووتنەوەی حقووق لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق شەش کورسیی بەدەستهێناوە و لە نێو دەستەی حەشدی شەعبیشدا سێ لیواى هەیە.
سەرۆکی بزووتنەوەی حقووق رایگەیاند، چەکی ئەو گرووپە چەکدارانە بۆ هاوسەنگی بووە لە بۆردوومانەکان، لە نێوان هێرشکردنە سەر بارەگا دیپلۆماسییەکان و بارەگاکانی حەشدی شەعبی.
حوسێن موئنیس گوتیشی: نوێنەری 90 کورسیی پەرلەمان کە سەر بە گرووپە چەکدارەکانن، بە گوشاری حکومەت لە بەشداریکردن لە حکومەت بێبەش کراون، "چەک بەکارنەهێنراوە بۆ ئەجێندای سیاسی، بەڵکو پارەی سیاسی بۆ گۆڕینى ئیرادەی سیاسی بەکارهێنراوە."
کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق کە وابەستەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، یەکێکە لەو گرووپە چەکدارانەی نێو "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" کە تاوەکو ئێستا ئامادە نین پڕۆسەی سنووردارکردنی چەک بە دەستی دەوڵەت جێبەجێ بکەن.
.png&w=3840&q=75)



