رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی عێراق هاوخەمی خۆیان بۆ گیانلەدەستدانی هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا دەردەبڕن و دەڵێن، رووداوەکانی هاتووچۆ بوونەتە مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیانی هاووڵاتییان.
رۆژی سێشەممە، 9ـی حوزەیرانی 2026، لیوا میقداد میری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا لە بەغدا هاوخەمیی خۆی و وەزارەتەکەی بۆ گیانلەدەستدانی هەڵکەوت عەزیز دەربڕی.
لیوا میقداد میری رایگەیاند: "پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆمان ئاڕاستەی ئازیزان و خێزانی برامان رۆژنامەنووس هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە بەغدا دەکەین، کە بەداخەوە ماڵئاوایی لە ژیان کرد، بەهۆی کارەساتی هاتووچۆوە."
لیوا میقداد میری رایگەیاند: "لاوازیی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی عێراق واتای زیادبوونی رووداوەکانی هاتووچۆ و کارەساتەکان و بەربەستی رێرەوی ژیان دێت کە وای کرد برامان و هاوڕێمان گیانی لەدەستدا."
دوا نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، 8-6-2026 هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێر و بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە بەغدا لە رێگەی بەغدا و بەسرە تووشی رووداوی هاتووچۆ بوو، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە رەوانەی نەخۆشخانەی فێرکاریی دیوانیە کرا و هەو لەوێش گیانی لەدەستدا.
موهەننەد نەعیم، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دیوانیە، دوێنێ دووشەممە بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی سەختیی برینەکەی سەری، هەڵکەوت رەوانەی چاودێریی چڕ کرا، دواتر بە ئامادەبوونی پزیشکانی مێشک، دەمار و سینگ لەگەڵ پزیشکانی سڕکەر هەوڵی زۆر بۆ رزگارکردنی ژیانی درا، بەڵام دواجار گیانی لەدەستدا.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، رووداوەکانی هاتووچۆ لە عێراق لە ئاستێکی بەرزدان. پار زۆرترین رووداو لە جۆری پێکدادانی ئۆتۆمبێل بووە کە حەوت هەزار و 103 رووداو بووە؛ هەروەها سێ هەزار و 811 رووداوی لێدان (شێلان) و 964 رووداوی وەرگەڕان تۆمار کراون.
بەهۆی ئەو رووداوانەوە، تەنیا ساڵی رابردوو دوو هەزار و 351 کەس گیانیان لەدەستداوە.

