رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکى هاتوچۆى نێوان پاسێک و تەنکەرێکى سووتەمەنى لە زیقار لانى کەم 15 کەس گیانیان لەدەستداوەو نزیکەى 20 کەسىی دیکەش برینداربوون کە بەشێکیان جەستەیان سووتاوە.
رووداوەکە رۆژی یەکشەممە، 7ى حوزەیرانى 2026، لەسەر رێگەیەکى گشتى قەزاى بەتحا لە زیقار روویداوەو پاسێک کە زیاتکارى شیعەى تیابووە خۆى کێشاوە بە تەنکەرێکى سوتەمەنیداو گڕى گرتووە.
ئەحمەد ئیبراهیمى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى زیقار لە نەخۆخشانەى فریاکەوتنى زیقارەوە (کاژێر 6:45 ) بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت:" تاوەکو ئێستا گیان لەدەستدانى 15 کەس تۆمار کراون کە هاوڵاتى عێراقی خەڵکى بەسرەن و 19 کەسى دیکەى بریندارن کە 10 یان جەستەیان سوتاوەو چارەسەرى تەندروستى وەردەگرن و دوان لەوانە زیارەتکارى ئێرانى بوون .
ئەو پاسە لە نەجەف و کەربەلاوە زیارەتکارانی بەرەو بەسرە گواستووەتەوە کاتێک لەسەر رێگەی سەرەکی تووشی ئەو رووداوی هاتووچۆیە بووە.
پێشتر نەواس سەباح شاکر، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پاسێک کە زیارەتکارانی شیعەی دەگواستەوە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی ئاگرەکەیان کوژاندووەتەوە و تاوەکو ئێستا (کاژێر 6:00ی ئێوارە) هەشت تەرمیان دەرهێناوە، بەڵام ژمارەی کۆتایی قوربانیانی ئەو رووداوە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە رادەگەیێندرێت.
بەهۆی جەژنی غەدیر، زیارەتکارانی شیعە سەردانی مەزارگە ئایینییەکان دەکەن لە هەردوو پارێزگای نەجەف و کەربەلا.

.jpg&w=3840&q=75)
