رووداو دیجیتاڵ بانکی جیهانی رەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی 900 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەیەکی گەورەی رێگەوبان لە عێراق دەربڕی. پڕۆژەکە نۆژەنکردنەوەی رێگە ستراتیژییەکانی نێوان پارێزگاکان و هەرێمی کوردستان لەخۆدەگرێ و ئامانج لێی بەستنەوەی عێراقە بە وڵاتانی دراوسێ. رۆژی هەینی، 5ـی حوزەیرانی 2026، بانکی جیهانی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، پڕۆژەی (رێڕۆ ئابوورییەکانی گواستنەوە لە عێراق) پەسندکراوە. بە گوێرەی بانکی جیهانی، پڕۆژەکە وەک "بڕبڕەی پشتی گواستنەوەی ناوخۆیی و گەشەی ئابووریی درێژخایەن" لە قەڵەم دەدرێ. پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەکەدا بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، پڕۆژەکە لە چەند قۆناخێک پێکدێ. لە قۆناخی یەکەمدا کار بۆ بەرزکردنەوەی کواڵیتی چەند رێگەیەکی دیاریکراو لە هەرێمی کوردستان دەکرێ. پڕۆژەکە کار لەسەر رێگەی خێرای (E2) دەکات کە بەغدا بە سنوورەکانی تورکیاوە دەبەستێتەوە، لەگەڵ رێگەی (E1) کە بەغدا بە هەریەک لە سووریا و ئوردن دەبەستێتەوە. هەشت ملیۆن کەس سووی لێ دەبینن بانکی جیهانی پێشبینی دەکات نزیکەی 7.9 ملیۆن هاووڵاتیی عێراقی سوود لەم پڕۆژەیە وەربگرن، لەنێویاندا سێ ملیۆن ژن و 1.5 ملیۆن گەنج هەن. بانکەکە دەڵێ: "پڕۆژەکە تەنیا بۆ چاککردنی رێگەوبان نییە، بەڵکو ئامانجیەتی کاتی گەشتکردن و تێچووی گواستنەوە کەم بکاتەوە، سەلامەتیی رێگەوبانەکان بپارێزێ، دەرفەتی کار بۆ هەزاران گەنج بڕەخسێنێت و پشتگیریی کەرتەکانی گەشتیاری، کشتوکاڵ و تەندروستی بکات." رێگەوبانەکان؛ بڕبڕەی پشتی ئابووری ژان کریستۆف کارێ، بەڕێوەبەری لقی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە بانکی جیهانی رایگەیاند: "رێگەوبانەکان بڕبڕەی پشتی تۆڕی گواستنەوەی عێراقە و کلیلی فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکان و رەخساندنی هەلی کارن." ژان کریستۆف کارێ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم پڕۆژەیە عێراق بە بازاڕە جیهانییەکانەوە دەبەستێتەوە و دەبێتە هۆی گەشەیەکی بەردەوام. رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا بانکی جیهانی دەڵی، یەکێک لە خاڵەکانی پڕۆژەکەیان ئەوەیە رێگەکان بە جۆرێک نۆژەن دەکرێنەوە بەرگەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بگرن و دەڵێ: "ئێستا 90٪ـی گواستنەوە لە عێراق بە وشکانییە، بەڵام زۆربەی رێگەکان بەهۆی کۆنی و کاریگەری کەشوهەواوە زیانیان بەرکەوتووە، ئەمەش رێگر بووە لەبەردەم بازرگانییەکی چالاک." پڕۆژەکە لەلایەن فەرمانگەی رێگەوبان و پردەکان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق جێبەجێ دەکرێ، بە هاوئاهەنگی و سەرپەرشتیی لیژنەیەکی باڵا کە نوێنەرانی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە، بۆ ئەوەی دڵنیایی بدرێ لە کارکردن لەو رێگانەی کە سنوورەکان بەیەکەوە دەبەستنەوە.