رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق هەنگاوە کردەییەکانی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی "سنووردارکردنی چەک لەدەستی دەوڵەت" دەستپێکردووە. سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00 تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "پرۆسەکە بەپێی پلانێکی تۆکمە و بە هاوئاهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە هەرێمی کوردستانیش، بەڕێوەدەچێت".
سەعد مەعن ئاماژەی بەوە کرد کە لیژنەیەکی باڵا بە فەرمانی دیوانی و بە سەرۆکایەتیی فەریقی یەکەم قەیس محەممەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، سەرپەرشتیی ئەم دۆسیەیە دەکات و رایگەیاند: "لیژنەکە ئەندامانی لە وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگری و دەستەی حەشدی شەعبی تێدایە ". لە بارەی ئەرکی ئەو لیژنەیە، سەعد مەعن گوتی: "ئەم لیژنەیە میکانیزم، رێکار و رێکخستنی تایبەتی بۆ رادەستکردنی چەک بە هەموو جۆرەکانییەوە و جەردکردنی داناوە".
بەگوتەی سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی، گرووپی (سەرایای سەلام) بە دەسپێشخەریی موقتەدا سەدر یەکەم گرووپ بوون کە دەستی بە رادەستکردنی بارەگاکانی لە سامەڕا کرد؛ هەروەها ئاشکرای کرد کە (عەسائیبی ئەهلی حەق) و (کەتیبەکانی ئیمام عەلی) رەزامەندییان نیشانداوە و "لەم هەفتەیەوە رێکارە یاساییەکان بۆ رادەستکردنی چەکەکانیان و پچڕاندنی پەیوەندییە حیزبییەکانیان دەستپێدەکات تاوەکو بە تەواوی لەنێو دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکاندا جێگیر دەکرێن".
سەبارەت بە ماف و ئەرکی ئەو هێزانە لە رۆژانی داهاتوودا سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق گوتی: "مافیان نافەوتێت و بە شێوەیەکی فەرمی لەنێو هێزە چەکدارەکانی عێراق دەبن و فەرمانی جووڵەیان لە رێگەی فەرماندەیی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە دەبێت."
سەعد مەعن هەرەها گوتی: "هەرێمی کوردستان بەشێکی جیانەکراوەی عێراقە و هاوئاهەنگییەکی بەردەوام و باڵا لەنێوانمان هەیە. لەو ناوچانەی بایەخی هاوبەشیان هەیە، لیوای هاوبەشمان هەیە و هەرێمی کوردستان بەشێکە لە بڕیارە ئەمنییەکان."
سەعد مەعن ئاماژەی بەوەش کرد کە دیدگەی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ئاسایش یەکە، چونکە "ئاسایش یەک پاکێجە و پاراستنی سەقامگیری لە هەر شوێنێکی عێراق، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ناوچەکانی دیکە و وەبەرهێنان و ئابووری دەبێت."
سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق باسی لەوەش کرد، حکومەت خشتەیەکی کاتیی خێرای بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت داناوە و گوتی، فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان بڕیاردەدات چ جۆرە چەکێک و چ هێزێک لە کام ناوچە جێگیر دەکرێ و گوتی: "سەبارەت بە چەکەکان، دیدگەیەک دەبێت وەک هی هێزە چەکدارەکان، واتە ئایا پێویستمان بەم چەکانە لەم ناوچەیە هەیە یان لە ناوچەیەکی دیکە؟ ئایا پێویستمان بەم هێزە لەم شوێنەیە یان شوێنێکی دیکە؟ ئەم دیدگەیە دەبێتە دیدگەی هێزە چەکدارەکان لە جێگیرکردنەوە و بەکارهێنانی چەکەکان."
سەعد مەعن گوتی، فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بەپێی "ستراتیژیی نوێی ئەمنی" شوێنی جێگیربوونی هێزەکان و جۆری چەکەکانیان بەپێی پێویستیی ناوچەکان دیاری دەکات.


