رووداو
دۆسیەی ئەمنیی قەزای سامەڕا لە پارێزگای
سەڵاحەدین کە بەدەست گرووپی (سەریا سەلام)ـی سەر بە موقتەدا سەدڕ بوو، رادەستی
فەرماندەیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عێراق کرا.
پێنجشەممە 4ـی حوزەیرانی 2026، فەریق سەعد
مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ یەکەم هەنگاوی کرداری پرسی جێبەجێکردنی لیژنە باڵاکەیە، ئەم لیژنە
رێکارێکی داناوە بۆ رادەستکردنی چەک و دارشتنەوەی پێکهاتە ئەمنییەکان، یەکەم هەنگاو
لێرە لە سامەڕا بوو ئەمە لەچوارچێوەی کارنامەی حکومەتە."
سەرایا سەلام، 12هەزار چەکداری لە پارێزگای سەلاحەدین بە دیاریکراوی لە سامەڕا جێگیرن، یەکەم گرووپە ئەم هەنگاوە دەنێت و هاوکات، گرووپەکانی (عەسائیب ئەهلی حەق) و (کەتیبەکانی ئیمام عەلی) لیژنەی هاوبەشیان بۆجیاکردنەوەیان لە حەشدی شەعبی پێکهێناوە.
لیژنەیەکی باڵای ئەمنی لە وەزارەتەکانی ناوخۆ و
بەرگری، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و فەرماندەیی گشتیی هێز چەکدارەکان بۆ
میکانیزمی چەکدانانەکە پێکهێنراوە.
رۆژی 27ـی ئایاری 2026، موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە، بڕیاریدا گرووپی چەکداریی (سەرایا سەلام) لە رەوتەکەی داببڕێت بۆ ئەوەی بە تەواوی ببنە بەشێک لە دامەزراوەکانی دەوڵەت.
فەریقی یەکەم روکن قەیس محەمەداوی، جێگری
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق سەبارەت بە رادەست
کردنی چەک بە حکومەت لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری
تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا وەک نێردراوی رووداو بەشدار بوو رایگەیاند: "دەستپێشخەریەکە لەلایەن فەرماندە موقتەدا سەدر دەستیپێکردوە و دوێنێ
و ئەمرۆش پێکهاتەی دیکەش هەبووە"
هەروەها قەیس محەمەداوی گوتیشی:
"حکومەت لەگەڵ تەواوی لایەنە سیاسی و چکەدارەکانی عێراق کاردەکات تاوەکو پرۆسەکە
بەتەواوی جێبەجێ دەکرێت و لەگەڵ ئەو لایەنانەش گفتوگۆ و کارکردن بەردەوامە کە نایانەوێت
بێنە ناو دەستپێشخەرییەکە."
بە ئامادەبوونی حاجی تەحسین محەمەداوی یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی گرووپی
سەرایا سەلام، وەک سەرەتای کۆتایهاتنی ئەرکی سەربازی 12 هەزار چەکداری
گرووپەکە لە پاریزگای سەڵاحەدین ئاڵاکەی خۆی داگرت و ئامادەیی نیشاندا کە قۆناخ بە
قۆناخ چەکەکانیشی رادەستی دەوڵەت بکات، بەڵام هێشتا کۆمەڵێک لە گرووپە
چەکدارەکان ماون کە چەک و پارە لە دەوڵەت وەردەگرن، بەڵام تاوەکو ئێستا ئامادەنین
بچنە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق.
سەرایا سەلام گرووپێکی چەکداری سەر بە رەوتی نیشتمانیی
شیعەیە، بەشێکە لە دەستەی حەشدی شەعبی و زۆربەی هێزەکانی لە سنووری قەزای سامەڕایە،
کە مەزارگەی هەندێک لە ئیمامەکانی شیعەی لێیە.
لە دوای ساڵی 2014 گرووپی سەرایا سەلام بەشێک
بوون لەو هێزانەی کە بەشداریی شەڕی دژی داعشیان کرد، تەنیا لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین
نزیکەی 12 هەزار چەکداریان هەیە.



