رووداو دیجیتاڵ
گفتوگۆی ناو کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت لە بەغدا بەو ئەنجامە گەیشتووە کە هەر هێرشێک لە داهاتوودا و لە ناوخۆی عێراقەوە بکرێتە سەر کێڵگەکان، بەغدا قەرەبوویان دەکاتەوە و سوپاسالاری عێراقیش ئامادەیی نیشانداوە سەردانی کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان بکات. باسی ئەوەش کراوە کە ئەگەر بە هەردوولا 750 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکەن، مووچە دابین دەکرێت.
31 بەرپرسی عێراق و هەرێمی کوردستان و نوێنەری کۆمپانیاکانی نەوت لە کۆبوونەوەکەی 3ی حوزەیرانی 2026 لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران بەشدار بوون؛ هەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا، پاراستنی کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان و پرسی مووچە باسکراون.
تۆڕی میدیایی رووداو لە رێگەی یەکێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە، هەندێک وردەکاریی گفتوگۆ و بڕیارەکانی ئەو کۆبوونەوەیەی دەستکەوتووە.
قەرەبووکردنەوەی هێرشەکان
لە کۆبوونەوەکەدا یەکێک لەو پرسانە باسکراوە، هێرشی گرووپە چەکدارەکان بووە بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان کە بەهۆیەوە بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت کەم بووە.
عەلی فالح زەیدی، بەڵێنى داوە قەرەبووی هەموو هێرشێک بکاتەوە کە لە داهاتوودا و لە ناو عێراقەوە بکرێتە سەر کێڵگەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوەی پەیوەندیدارە بەو هێرشانەى کە سەرچاوەکەى دەرەوەی سنووری عێراقە ئەو بەرپرسیارێتییەکەى هەڵناگرێت.
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، گرووپە چەکدارەکانی (نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران) لە ماوەی 40 رۆژی جەنگدا زیاتر لە 841 هێرشیان لەناو عێراق و ناوچەکە بۆ پاڵپشتیی ئێران ئەنجامدا کە زۆربەیان دژی هەرێمی کوردستان بوون.
سەرچاوەکەی رووداو گوتی: "ئاراستەی گفتوگۆکە بۆ پاراستنی کێڵگەکانی نەوت رووی لە عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق بوو، ئەویش گوتی ئامادەین هاوکار بین بۆ رێگری لە هێرشەکان و، بۆ ئەو مەبەستە ئامادەم سەردانی کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان بکەم." بەڵام لەبارەی چەکی پێویست گوتی، "رەنگە نەتوانین چەک بدەین بە پێشمەرگە بۆ پاراستنی ئەو کێڵگانە."
هەناردە بگەیێنرێتە 750 هەزار بەرمیل نەوت
لە کۆبوونەوەکەدا عەلی فالح زەیدی، پرسیاری ئەوەی لە نوێنەری کۆمپانیاکانی نەوتی هەرێمی کوردستان کردووە کە کەی دەتوانن هەناردەی نەوت دەستپێبکەنەوە، ئەوانیش پێیان رایگەیاندووە کە ئامادەن لە نزیکترین کاتدا ئەو هەنگاوە بنێن.
بەگوێرەی ئەو زانیارییەی رووداو لە بەرپرسێکی کۆمپانیای نەوتی باکوور دەستی کەوتووە، مانگی ئایار تێکڕای رۆژانە 233 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی بۆریی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهان هەناردەکراوە، کە نزیکەی 20 هەزاری لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە و ئەوی دیکەی نەوتی کەرکووک و بەشێک لە ناوچەکانی کێڵگەکانی باکوور و ناوەڕاستی عێراقە کە تێکەڵ بە نەوتی کەرکووک دەکرێت.
گفتوگۆکە بە ئاراستەی ئەوە بووە کە چۆن بتوانن هەناردەی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە رۆژانە بگەیێننە 750 هەزار بەرمیل.
باسم خەزیر عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا گوتوویەتی: "ئێمە دەتوانین هەناردەی نەوتی کێڵگەکانی دیکەی عێراق لە رێگەی بۆریی جەیهانەوە بگەیێنینە 375 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا."
بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا کە لە 17ی تەمووزی 2025 لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسند کرا، هەرێمی کوردستان رۆژانە 230 هەزار بەرمیل هەناردە دەکات و 50 هەزار بەرمیل نەوتی دیکەش بۆ بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بەکار دەهێنێت.
عەلی زەیدی لە کۆبوونەوەکەدا گوتوویەتی، "ئەگەر هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بگەیێنرێتە 400 هەزار بەرمیل، کێشەی دابینکردنی مووچەیان نامێنێت." پرسیاری ئەوەشی لە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان کردووە کە ئایا دەتوانن نەوتی کێڵگەکانی ناوەڕاست و باشوور بە تەنکەر بگوازنەوە بۆ هەناردەکردنی.
سەرچاوەکەی رووداو گوتی: "لەبارەی هەناردەی نەوتی بەسرە لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە، وەڵامی ئەرێنی درایە سەرۆکوەزیرانی عێراق."




