رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی لە کابینەکەی سوودانی بە وەکالەت پۆستەکەی وەرگرتبوو، عەلی زەیدی نووسراوی فەرمی بۆ دەستبەکاربوونی بەنگین رێکانی، وەکو سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عێراق دەرکرد.
رۆژی چوارشەممە 3ی حوزەیرانی 2026، جیهاد کازم، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی دەستبەکاربوونی بەنگین رێکانی، وەکو سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عێراق دەرکردووە.
بەنگین رێکانی کە لە کابینەکەی سوودانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بوو، لەلایەن سوودانییەوە پۆستی سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق بە وەکالەت پێسپێردرابوو.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی گوتی: "چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژی یەکشەممەوە بەنگین رێکانی دەستبەکاربێت."
نووسراوی راسپاردنی بەنگین رێکانی بۆ سەرۆکایەتی کردنی ئەو دامەزراوەیە رۆژی 2ی حوزەیران دەرچووە و واژۆی ئیحسان عەوادی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقی لەسەرە.
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق باڵاترین دامەزراوەی تەکنیکی و رێکخەری کەرتی گواستنەوەی ئاسمانییە لە وڵاتدا، کە بەرپرسیارە لە داڕشتنی سیاسەتەکانی فڕۆکەوانی، چاودێریکردنی سەلامەتی و ئاسایشی گەشتەکان، بەڕێوەبردنی کایەی ئاسمانی و مۆڵەتدان بە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی.
ئەو دامەزراوەیە وەک نوێنەری عێراق لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا کاردەکات بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە فڕۆکەخانە و گەشتە ئاسمانییەکانی وڵات بەپێی ستانداردە جیهانییەکانی رێکخراوی (ئیکاو) بەڕێوەدەچن.



