رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دامەزراوەی (نەرام سین) لە عێراق دەڵێت، چوارچێوەی هاوئاهەنگی جیدییە لە وەرگرتنەوەی چەک لە گرووپەکان و رەتی دەکاتەوە ئەو هەنگاوە تەنیا بۆ رازیکردنی ئەمریکا بێت.
حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی وەرگرتنەوەی چەکی لە گرووپەکان کردووەتە کارنامەیەکی سەرەکی. لەدوایین پێشهاتدا ئەمڕۆ بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ هێزەکانی لەنێو دەستەی حەشدی شەعبی.
حەیدەر بەرزنجی، سەرۆکی دامەزراوەی (نەرام سین) دەڵێ، زۆربەی لیواکانی نێو حەشدی شەعبی ئامادەیی خۆیان بۆ ئەو هەنگاوە نیشانداوە.
بەرزنجی لەبارەی هەنگاوەکەی (عەسائیبی ئەهلی حەق) گوتی، ئەم هەنگاوە بەو واتایە دێ کە پەیوەندیی گرووپەکە لەگەڵ باڵە سیاسییەکەی پچڕا و بوونە بەشێک لە سیستمی ئەمنیی دەوڵەت.
سەرۆکی دامەزراوەی (نەرام سین) دەڵێ، چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە کۆبوونەوەی دوێنێیدا بڕیاری کۆتایی دا کە دەبێت هەموو چەکێک لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا بێت؛ ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی گرووپەکان ئامادەییان نیشانداوە بچنە نێو پرۆسەی رێکخستنەوە، بەڵام هێشتا دوو گرووپی چەکدار ماون کە تێبینییان هەیە و ئامادە نین بێ مەرج چەکەکانیان رادەست بکەن.
حەیدەر بەرزنجی دەڵێ: "ئەو دوو گرووپە لەگەڵ سەرۆکوەزیران لە گفتوگۆدان. عەلی زەیدیش جەختی کردووەتەوە کە ناهێڵێت یەک دڵۆپ خوێن بڕژێ و دەیەوێ بە گفتوگۆ کێشەکە چارەسەر بکات".
حەیدەر بەرزنجی دەڵێت: "داواکاریی ئەو گرووپانە پەیوەستە بە سەروەریی عێراق و گەرەنتی وەرگرتن بەرامبەر هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و تیرۆریستان."
قسەکانی سەرۆکی دامەزراوەکە ئەمڕۆ سێشەممە 2-6-2026 لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی کاژێر 16:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشیکرد.
حەیدەر بەرزنجی رەتی دەکاتەوە بڕیاری وەرگرتنەوەی چەک لە گرووپەکان تەنیا بۆ رەزامەندیی ئەمریکا بێت و دەڵێت: "ئەم لایەنانە پێشتریش لە حکومەت و پەرلەماندا بوون. بۆ نموونە، سادقوون وەک حیزبێکی سیاسی لە حکومەتەکانی عادل عەبدولمەهدی و کازمی و سوودانیشدا بەشدار بووە".
سەرۆکی دامەزراوەکە گوتیشی: "ئەمجارە بابەتەکە جیدییە، چونکە چوارچێوەی هاوئاهەنگی باوەڕی بەوە هەیە کە دەبێت بنەمای دەوڵەت بچەسپێت."
بەرزنجی ئاماژە بەوە دەکات، هەرچەندە ئەمریکا جەخت لە دوورخستنەوەی گرووپە نزیکەکان لە ئێران دەکات، بەڵام ئیرادەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەرەو ئەوە دەچێت کە بەرەی موقاوەمە ببێتە بەشێک لە سەقامگیریی دەوڵەت.
سەرۆکی دامەزراوەی (نەرام سین) هۆکاری شکستی هەوڵەکانی رابردوو لە کۆکردنەوەی چەکی گرووپە چەکدارەکان بۆ دۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراق دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: "لە سەردەمی کازمی و حکومەتەکانی پێشتر، هەڕەشەی تیرۆر بەهێز بوو، هێزی بیانی و ناتۆ لە عێراقدا بوون و سەقامگیری نەبوو. بەڵام ئێستا ئەمریکییەکان و ناتۆ لە بنکەکانی عێراق نەماون و بڕیارە ساڵی داهاتوو بەتەواوی بکشێنەوە، ئەمەش دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەوەی عێراق سەروەری خۆی بەسەر زەوی و ئاسمانیدا بسەپێنێت."
سەبارەت بە رۆڵی مەرجەعیەتی باڵا، حەیدەر بەرزنجی دەڵێ: "هەڵوێستی نەجەف و جەنابی سیستانی زۆر روونە. چەندین جار جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دەبێت چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەت بێت. ئەو دوو گرووپەشی کە ماون، پاساوی خۆیان هەیە و دەڵێن هێشتا کاتەکە نەهاتووە، چونکە متمانەیان بە ئەمریکا نییە."