وەرگێڕان: ئاسۆ فیشەگی
رووداو-هەولێر
مەلا بەختیار لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستانەوە رایگەیاند، ئەگەر پەیوەندی لە نێوان یەکێتی و پارتیدا نەمێنێ، ئەزموونی هەرێمی کوردستان "لەنێودەچێت"، هەروەها رێکنەکەوتنی یەکێتی و پارتی و لایەنە سیاسییەکانی دیکە رەنگە ببێتە هۆی لەدەست دەرچوونی دۆخی هەرێمی کوردستان، چونکە خەڵکی لە سلێمانی و هەموو هەرێمی کوردستان برسین، بەڵام بەرپرسیارێتیی ئەم دۆخە لە سلێمانی لە ئەستۆی ئیدارەی سلێمانی و یەکێتییە.
مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەشی عەرەبی تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەوی 09-04-2022 کاژێر 21:00 پەخشدەکرێت، رایگەیاند: "هەرچەندە پێموایە دوا کۆنگرەی یەکێتی کۆنگرە نەبوو، بەڵام لە پێشی کۆنگرەکە و لە کاتی کۆنگرەکەدا ئەگەر بەندە و هاوڕێکانم سووربووینایە لەسەر پرەنسیپ و رای خۆمان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دووچاری کەرتبوونی دیکە دەبووەوە، ئێستاش دەپرسم ئاخۆ دوای سێ ساڵ لە کۆنگرەی چوارەمی خۆیدا یەکێتی توانیویەتی ئەرکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری راپەڕێنێت؟ توانیویەتی دڵنیایی کۆمەڵایەتی و سیاسی بە خەڵکی کوردستان ببەخشێت؟ بەپێچەوانەوە تەنانەت پێگەی جەماوەریی یەکێتیش دابەزیوە، چونکە لە دوا هەڵبژاردنی عێراق 170 هەزار دەنگمان لەدەستدا".
مەلا بەختیار دەشڵێت: "سەرباری ئەوەی مام جەلال تێبینی لەسەر سیاسەتی پارتی دیموکراتی کوردستان هەبوو، بەڵام لە هەموو دیدار و کۆبوونەوەیەکدا جەختی لەسەر رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان یەکێتی و پارتی دەکردەوە و دەیگوت، پەیوەندیی نێوان یەکێتی و پارتی چارەنووسساز و ستراتیژییە، بۆیە ئەگەر ئەم پەیوەندییە نەمێنێ ئەزموونی هەرێمی کوردستان لەناودەچێت، هەروەها رێکنەکەوتنی یەکێتی و پارتی و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان رەنگە ببێتە هۆی لەدەست دەرچوونی دۆخی هەرێمی کوردستان، چونکە خەڵکی لە سلێمانی و هەموو هەرێمی کوردستان برسین، بەڵام بەرپرسیارێتیی ئەم دۆخە لە سلێمانی لە ئەستۆی ئیدارەی سلێمانی و یەکێتییە".
مەلا بەختیار ئاماژەش بەوە دەکات: "ناکۆکیی ئێستای نێوان یەکێتی و پارتی تەنیا بەهۆی پۆستی سەرۆککۆمار نییە، بەڵکو ئەم ناکۆکییە لێکەوتەی کەڵەکەبووی کێشەکانی نێوان هەردوولایە کە بەبێ چارەکردن ماونەتەوە، هەروەها لێکەوتەی هەوڵی گرووپێکی گەنج و هەلپەرستی سەرکردایەتیی یەکێتییە، کە باوەڕی بە دژایەتیکردنی پارتی هەبوو وەکو رێگەیەک بۆ بەهێزکردنی یەکێتی، ئێستاش رای ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی لە نێو یەکێتیدا کاریگەر نییە، چونکە کۆسرەت رەسوول نەخۆشە و برادەران لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پێیان وایە توانیویانە دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن و پێویست ناکات دەرفەت بە کەسانی دیکە بدەن، ئەمەش بێگومان هەڵەیەکی کوشندەیە".
سەبارەت بە دۆخی سیاسیی عێراقیش، مەلا بەختیار گوتی: "رێککەوتن لەسەر شێوازێکی نوێ لە نێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هاوپەیمانی سێقۆڵی رەوتی سەدر و پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانی سەروەریی سوننەکان باشترین چارەیە بۆ ئەم دۆخە".



