رووداو دیجیتاڵ
دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق بە هاوئاهەنگی وەزارەتی ناوخۆ، "باندێکی تاوانکاریی بیانی" لە بەغدا دەستگیرکرد، کە بە ناوی "دابینکردنی هەلی کار" خەڵکیان بۆ نێو عێراق راکێشاوە و دواتر رفاندوویانن.
دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق، رۆژی هەینی 4ـی ئەیلوولی 2026 لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، توانیویانە باندێکی تاوانکاریی 10 کەسی دەستگیربکەن کە هەموویان هەڵگری وڵاتینامەی بیانین.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەندامانی ئەم باندە بە شێوەیەکی نایاسایی لە بەغدا نیشتەجێ بوون و "هاووڵاتییانی بیانییان بە ناوی دابینکردنی هەلی کار بۆ عێراق راکێشاوە". دوای گەیشتنی ئەو کەسانە، باندەکە رفاندوویانن و لە شوێنێکی نهێنی دەستبەسەریان کردوون.
دەزگای هەواڵگری وردەکاریی زیاتری لەسەر تاوانەکانی ئەم باندە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەندامانی باندەکە قوربانییەکانیان "ئەشکەنجە داوە و ڤیدیۆی پڕۆسەی ئەشکەنجەدانەکەیان تۆمار کردووە"؛ دواتر ڤیدیۆکانیان بۆ کەسوکاری رفێندراوەکان ناردووە و داوای بڕە پارەیەکی زۆریان وەک کردووە لە بەرامبەر ئازادکردنیان.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دەستگیرکردنی باندەکە دوای کۆکردنەوەی زانیاریی وردی هەواڵگری و بەدواداچوونی مەیدانی بووە، ئێستاش تۆمەتبارەکان رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی لەبەرامبەریان.

