رووداو- هەولێر
بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بووەتە گرێکوێرە و تاوەکو ئێستا هیچ بەربژێرێک یەکلایی نەکراوەتەوە، کێشەکەش لەنێو لایەنە شیعەکاندایە و کورد و سوننە چاوەڕوانی بڕیاری ئەوانن. ئەمشەو لایەنەکانی شیعە کۆدەبنەوە و رووداویش زانیویەتی تاوەکو 12ی شەو دەخایێنێت.
کاژێر 12ی ئەمشەو (یەکشەممە 22-12-2019) وادەی دەستووری دیاریکردنی بەربژێرێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆتایی دێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بەربژێری هیچ لایەنێک قبووڵ نەکراوە.
رووداو لە سەرچاوەی تایبەتی نێو کۆبوونەوەکان لە بەغدا زانیویەتی، کە هەر لایەنێکی شیعە بەجیا بەربژێرێکی دیاریکردووە و بەربژێرەکانیش زۆرن، بەڵام شیعە لەنێو خۆیان لەسەر یەکێکیان رێکناکەون.
سەرچاوەیەکی نێو کۆبوونەوەکان بۆ رووداو قسەی کرد و دەڵێت "لایەنەکانی شیعە دەیانەوێت ئەو کەسەی هەڵیدەبژێرن مەرجی ئەوانی تێدا بێت، کورد و سوننەش پێیان راگەیاندوون بەربژێری ئەو پۆستە دەبێ مەرجی تێپەڕاندنی ئەم قۆناخەی عێراقی تێدابێت".
شاندێکی هەرێمی کوردستان چەند رۆژێکە لە بەغدان بۆ پرسی یەکلاییکردنەوەی بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیران و لەگەڵ زۆربەی لایەنەکانی سوننە و شیعە کۆبوونەتەوە. ئەمڕۆش محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەولێر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانی کۆبووەوە، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانیش دیاریکردنی بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیران بووە.
سەرچاوەیەک لەنێو کۆبوونەوەکانی حەلبووسی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و سەرۆک بارزانی بە رووداوی گوت "کورد و سوننە ئەوەیان لا روونە کە لەنێو شیعە ناکۆکی زۆر لەوبارەیەوە هەیە و داوایان لێکراوە لەنێو خۆیان رێکبکەون".
ئەمشەو لە بەغدا کۆبوونەوەی فراوانی لایەنەکانی شیعە دەکرێت، بەو ئومێدەی بەربژێری سەرۆکوەزیران یەکلایی بکرێتەوە، رووداو زانیویەتی کۆبوونەوەکان لە کاژێر هەشت بەدواوە دەستپێدەکەن و تاوەکو 12ی شەو دەخایێنێت، چونکە لە کاژێر 12ی ئەمشەو وادەی دەستووری دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیران کۆتایی دێت. لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئەگەر لایەنەکان نەگەیشتنە رێککەوتن و وادە دەستوورییەکەش کۆتاییهات چی دەکرێت، سەرچاوەکەی رووداو گوتی "جارێکی دیکە وادەکە درێژدەکرێتەوە".



