رووداو دیجیتاڵ وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، سەردانی شاندی باڵای وڵاتەکەیان بۆ واشنتن "سیاسی بووە بە ناوەڕۆکێکی ئابووری" و راشیگەیاند کە دوای کۆتاییهاتنی گەشتەکەیان بۆ ئەمریکا، وێستگەی داهاتوویان تاران و ئەنقەرە دەبێت. دکتۆر فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ (رووداو) لە واشنتن، کە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن لەگەڵی کردووە، وردەکاریی کۆبوونەوەکانی شاندی عێراق و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئاسۆکانی پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵاتی باسکرد. وەزیری دەرەوەی عێراق سەبارەت بە ئامانجی سەردانەکەیان بۆ ئەمریکا گوتی: "ئامانجەکە سیاسییە، بەڵام بە ناوەڕۆکێکی ئابووری، چونکە بەرنامەکە پڕ بوو لە گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت، گاز، کارەبا و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا. ئەمە بۆ دڵخۆشکردنی خەڵکی عێراقە نەک کەسێکی دیکە." لەبارەی هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر هەرێمی کوردستان، وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتان زۆر نیگەرانن لەم هێرشانە. راشیگەیاند کە بۆ راگرتنی هاوسەنگی و گفتوگۆ لەسەر کێشەکان، بڕیارە رۆژی 23ـی مانگ لەگەڵ سەرۆکوەزیران سەردانی تاران بکەن و دواتریش بچنە تورکیا. هەروەها ئەگەری سەردانی سەرۆکوەزیرانی بۆ سووریاش بە کراوەیی هێشتەوە. هەر لەو هەڤپەیڤینەدا د. فوئاد حوسێن باسی لە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند: حکومەت رژدە لەسەر ناردنی مووچە لە کاتی خۆیدا، بەڵام هۆشداری دا لەوەی عێراق بە گشتی کێشەی "نەختینە" و دارایی هەیە. گوتیشی: "ئەگەر تەنگەی هورمز نەکرێتەوە و نەوت هەناردە نەکرێت، عێراق تووشی کێشەی گەورەی دارایی دەبێت چونکە 90٪ـی داهاتمان لەسەر نەوتە." دەقی هەڤپەیڤینەکە رووداو: سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ هەینی، کۆتایی بە گەشتەکەی دێنێت و بڕیارە بەیانی بگەڕێتەوە عێراق. لێرە ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی هەبوو، هەر لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، وەزیرانی ئیدارە و کۆمپانیاکانی ئەمریکا و ئەمڕۆش لە ژووری بازرگانیی ئەمریکا، ژمارەیەک رێککەوتنیشیان واژۆ کرد. یەکێک لەو کەسانەی کە رۆڵێکی کاریگەری هەبوو لەو کۆبوونەوانە و لە کۆبوونەوەکانیش بەشدار بوو، ئەویش وەزیری دەرەوەی عێراق، دکتۆر فوئاد حوسێن. من دەمەوێت وردەکاریی ئەم سەردانە و چەند پرسیارێکی دیکە لە دکتۆر فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بکەم. جەنابی وەزیر، زۆر بەخێربێیت بۆ رووداو. فوئاد حوسێن: سوپاس، خۆتان بەخێربێن. رووداو: دکتۆر، ئامانجی سەرەکیی ئەم سەردانە چی بوو؟ سیاسی بوو، بازرگانی بوو، ئابووری بوو، یان دڵخۆشکردنی دۆناڵد ترەمپ بوو؟ فوئاد حوسێن: نا، ئامانجەکەی سیاسییە، بەڵام بە ناوەڕۆکێکی ئابووری، چونکە لە راستیدا تۆ دەبینیت بەرنامەکە پڕ بوو لە گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیاکان، لەگەڵ حکومەت، ئەوانەی پەیوەندییان هەیە بە بابەتە ئابوورییەکان، لەگەڵ گەنجینە. بەڵام سرووشتییە سەردانێکی سیاسییشە و بۆ دڵخۆشکردنی خەڵکی عێراقە، نەک بۆ دڵخۆشکردنی کەسێکی دیکە. رووداو: من دەمەوێت پرسیار بکەم لەسەر کۆبوونەوەکەتان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ. جەنابتان لە کۆبوونەوەکە بەشدار بوون، ئەوەی لە ژووری رۆزڤێڵت بوو، ئەوەی لەنێو نانخواردنەکەش بەشدار بوون. پێم بڵێ، نانەکە خۆش بوو؟ چیتان خوارد؟ جا دوایی باسی وردەکاریی ئەو کۆبوونەوەیەمان بۆ بکە. فوئاد حوسێن: وەڵا نانەکە شتێکی سادە بوو. رووداو: ئەوە بەپەلە ئامادەیان کردبوو. فوئاد حوسێن: بەڵێ بەپەلە؛ مریشک بوو و کەمێک سەوزە، هەر ئەوە بوو. رووداو: زۆر باشە، ئەی لە کۆبوونەوەکان چیتان باس کرد؟ فوئاد حوسێن: تەوەری کۆبوونەوەکان، راستییەکەی بڵێم، جۆراوجۆر بوو. بەشێکی زۆری پەیوەندیی هەبوو بەو بەرنامەیەی کە سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی هەیبوو بۆ ئەم سەردانە، کە بابەتە ئابوورییەکان و پەیوەندیی ئابووری پتەو بکات لەگەڵ ئەم وڵاتە، بەڵام بەشێکیشی پەیوەندیی هەبوو بە دۆخی نێوخۆی عێراقەوە، جگە لەوەش دۆخی ناوچەکە. رووداو: من پرسیم، گوتم بۆ نوێنەری هەرێمی کوردستان لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار نییە؟ گوتیان فوئاد حوسێن نوێنەرایەتیی کوردستان دەکات و وەزیری دەرەوەیە. فوئاد حوسێن: نازانم لە کێت پرسیوە، من وەزیری دەرەوەی عێراقم، بەڵام نوێنەرایەتیی خەڵکی عێراق دەکەم، بەشێوەیەکی سرووشتیش من لە کوردستانەوە هاتووم. رووداو: نوێنەرایەتیی کوردستانیشت کرد لەو کۆبوونەوەیە؟ فوئاد حوسێن: سرووشتییە. رووداو: ئەی بۆچی نوێنەری هەرێمی کوردستان بەشدار نەبوو لە کۆبوونەوەکە؟ فوئاد حوسێن: لە بەرنامەکەدا نەبوو. بەرنامەکە دیاری کرابوو یەک کۆ پێنج، واتە سەرۆکی ئەمریکا و پێنج کەس لەگەڵیدا، ئەوانیش وەزیرەکان بوون. ئەمە لایەنی پرۆتۆکۆڵ دیاری دەکات. رووداو: باسی لایەنی ئابووریت کرد و ئەمڕۆش ئێمە بینیمان لە ژووری بازرگانیی ئەمریکا ژمارەیەک گرێبەست واژۆکران. ئێستا زەوینە لەبارە کۆمپانیاکانی ئەمریکا بێنە عێراق و هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن؟ فوئاد حوسێن: زەوینەی ئابووری لەبارە، چونکە راستییەکەی بڵێم، ئەو دۆخە ئابوورییەی لە عێراق هەیە، کوردستانیش لەگەڵیدایە، کە دەرفەتێکە بۆ کۆمپانیای جۆراوجۆر، بەتایبەتی کۆمپانیاکانی نەوت و گازی شل و کارەبا، بەڵام کۆمپانیای جۆراوجۆریش. دۆخی ئابووری، من کە دەڵێم لەبارە یان دەرفەتی ئابووری لەبارە، پێویستە دەرفەتی ئەمنیشی هەبێت، چونکە ئەگەر ئاسایش نەبێت، زەحمەتە بۆ خەڵک بێت. دۆخی ئاسایشی ناوخۆ ئەوەندە خراپ نییە، بەڵام کێشەکەمان دۆخی ناوچەکەیە. دۆخی ئاسایشی ناوچەکە کاریگەری دەکاتە سەر ئاسایشی ناوخۆ، هەروەها دۆخی ئاسایشی ناوخۆ کاریگەری دەکاتە سەر دۆخی ناوچەکە. رووداو: دڵنیام ئاگاداری ئەو هێرشانەی کە ئێستا لەسەر هەرێمی کوردستان هەن. هەندێک گرووپی چەکدار کە لە عێراقن و پێشتر لە عێراقەوە هێرشیان کردووەتە سەر وڵاتانی کەنداو. ئەمە لێرە هیچ نیگەرانییەک هەبوو سەبارەت بەو هێرشانە و، چییان پێ گوتن؟ فوئاد حوسێن: جارێ سەرۆکوەزیران خۆی تویتێکی کرد دەربارەی ئەو هێرشانەی کرانە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوەی من تێگەیشتم، ئێران رایگەیاندووە، لەلایەن ئێرانەوە بووە ئەم هێرشانەی ئەم دواییە. بەڵام بەگشتی، ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەر ناوخۆی عێراق یان دەرەوەی عێراق، خەڵک نیگەرانە و وڵاتان زۆر نیگەرانن لەم هێرشانە، جا هەندێک هێرش لەلایەن ئێرانەوەیە و هەندێکیش لە ناوخۆی عێراقەوەیە. رووداو: لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندییەکی باشت هەیە، بەنیازی ئەوە نیت تەلەفۆنێکی بۆ بکەیت و پێی بڵێیت هێرش مەکەنە سەرمان، ئێمە دۆستین؟ فوئاد حوسێن: ئێمە کە دەگەڕێینەوە بۆ بەغدا، بڕیار وایە رۆژی 23ـی مانگ، واتە دوای یەک دوو رۆژی دیکە، سەرۆکوەزیران و من و شاندێکی یاوەری سەرۆکوەزیران بڕۆین بۆ تاران. رووداو: ئەوە بۆ ئەوەی باڵانس رابگرن یان هەر پلانێکی پێشوەختە بوو؟ فوئاد حوسێن: بابەتی باڵانس نییە، پێش ئەوەی بێین بۆ ئێرە، ئێمە بڕیارمان دابوو. پێش ئەوەی بێین بۆ ئێرە، بڕیارمان دابوو بێین بۆ واشنتن، دوایی بڕۆین بۆ تاران، دەڕۆین بۆ تورکیا. من لە کوێت بووم، لە سعوودیە بووم، لە سووریا بووم، لە ئوردن بووم، لەو وڵاتانە بووم، دوور نییە سەرۆکوەزیرانیش.. ئێستاش کە دەڕۆینەوە لە رێگەی قەتەرەوە، ئەم پەیوەندییانە گرنگن. رووداو: سەرۆکوەزیران بەنیازە سەردانی سووریا بکات؟ فوئاد حوسێن: لە سەردانەکەی مندا بۆ سووریا، باسی سەردانی سەرۆکوەزیرانمان کرد، بەڵام هێشتا دیاری نەکراوە، بەڵام باسمان کردووە. رووداو: من لە ئۆڤاڵ ئۆفیس بووم، سەرۆکوەزیران زۆر باسی دانانی چەکی کرد لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە و گوتیشی 30ـی ئەیلوول دەبێت چەکەکانیان دابنێن، دواکاتە. ئەمە بە گوشاری ئەمریکایە یان ئەمە سیاسەتی خۆیەتی؟ فوئاد حوسێن: دەزانی، پرسی دانانی چەک لەلایەن ئەم گرووپانەوە، راستییەکەی بڵێم، ئەمە هەموو جارێک باس دەکرێت، هەر پرسێک نییە پەیوەندیی بە ئەمڕۆوە هەبێت، بەڵام ئەم سەرۆکوەزیرانە، راستییەکەی بڵێم، زۆر جددییە و پرسی ئاسایشی ناوخۆی بەستووەتەوە بە گەشەپێدانی ئابووری و بڕوای بەوە هەیە کە ئەگەر ئاسایشی ناوخۆ نەبێت، گەشەپێدانیش نابێت و وەبەرهێنانیش نابێت. بۆیە کەوتە گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکی ئەم فەسائیلانە، هەندێکیان خۆیان ئارەزوویان هەبوو چەک دابنێن و دەستیان پێکرد و بەشێکیشیان رایانگەیاند. ئینجا یەک دوو فەسائیل هەن کە پرسی چەکدانانیان بەستووەتەوە بە چوونە دەرەوەی ئەمریکییەکان لە عێراق، کە بڕیارە کۆتایی ئەیلوول بڕۆن. ئینجا بۆ ئەوە باس دەکرێت، دەڵێن کۆتایی ئەیلوول کە ئەوان دەڕۆن، مانای ئەوەیە سەرەتای ئۆکتۆبەر پێویستە هێزی چەکدار نەمێنێت لە دەرەوەی دەسەڵات. رووداو: گرووپی نوجەبا و حیزبوڵڵا تاوەکو ئێستا بە پیر ئەو داواکارییەوە نەهاتوون کە چەک دابنێن. یانی حکومەتی عێراق هیچ نیگەرانییەکی نییە لەوەی کە بەرەو شەڕی ناوخۆ بچن یان ئەو گرووپانە هەڵگەڕێنەوە؟ فوئاد حوسێن: ئەوەی بیستوومە لە سەرۆکوەزیران ئەوەیە زۆر جددییە لەسەر ئەم پرسە، دەڵێت یان دەبێت چەک دابنێن یان کێشەیەکی دیکە پەیدا دەبێت بۆمان. بەڵام من هیوادارم ئەم پرسانە هەمووی بە گفتوگۆ چارەسەر بێت. رووداو: عێراق پەیوەندیی باشی لەگەڵ ئێران هەیە و بەنیازن سەردانیش بکەن. چیتان کردووە بۆ ئەوەی عێراق نەبێتە بەشێک لەم شەڕە؟ بەتایبەتی جەنابت وەک وەزیری دەرەوە رۆڵێکی گەورەت هەبووە لەم نێوەندەدا. فوئاد حوسێن: ئێمە دژی شەڕ بووین هەر وەک پرەنسیپ، دژی بەردەوامبوونی شەڕ بووین و دژی فراوانبوونی شەڕ بووین، بەڵام شەڕەکە خۆی بەدەستی ئێمە نییە. شەڕەکە لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێراندا بوو، بەڵام ئێمەش بووینە قوربانیی ئەو شەڕە. ئێمە، بەتایبەتی ئابووریی عێراق. خەڵکێکی زۆریش بوونە قوربانی و کوژران، بەڵام ئابووریی عێراق بووە قوربانیی ئەم شەڕە، چونکە عێراق نەوت هەناردە دەکات، داهاتی عێراق تا 90٪ پشتی بە نەوت بەستووە. کە نەوت نەفرۆشرێت، مانای وایە داهات نابێت. ئەمە کێشەیەکی گەورەی بۆ عێراق دروست کردووە و ئەگەر تەنگەی هورمز وا بمێنێتەوە، ئەمە مانای وایە کێشەکە هەر بەردەوام دەبێت. رووداو: شەڕەکە خەریکە دەست پێ دەکاتەوە، ئەمە نیگەرانیی ئێوە زیاتر دەکات؟ فوئاد حوسێن: بەشێوەیەکی سرووشتی نیگەرانین. ئێمە نیگەرانین چونکە شەڕەکە هەیە، نیگەرانیشین چونکە تەنگەی هورمز ناکرێتەوە یان نەکراوەتەوە. رووداو: ئەم حکومەتە دەستی بە هەڵمەتێکی گەورەی دژەگەندەڵی کردووە. ئەم هەڵمەتە لەم چوارچێوەیەدا دەمێنێتەوە یان فراوانتر دەکرێت و لەوانەیە بەرپرسی باڵاتریش بگرێتەوە؟ فوئاد حوسێن: دەزانی، من لە زۆر شوێن گوتوومە، پرسی گەندەڵی بووەتە کولتوور. خەڵکێکی زۆر تێکەڵی گەندەڵی بووە. بۆیە ئێمە پشتگیری ئەم هەڵمەتە دەکەین بە توندی، بە توندی پشتگیریی دەکەین. بەڵام بەرەو کوێ دەچێت، ئەوە نازانم. رووداو: واتە فراوانتر دەبێت؟ فوئاد حوسێن: ئەوە نازانم، بەڵام ئەوەی لە سەرۆکوەزیران دەیبیستم پێداگرە و بەردەوام دەبێت. رووداو: فراوانتریش دەبێت؟ فوئاد حوسێن: بەردەوام دەبێت، ئینجا بە چ شێوەیەک بەردەوام دەبێت، نازانم. رووداو: زۆر باس لەوە دەکرێت ئەمریکا بەشدار بووە بە پێدانی زانیاری؟ فوئاد حوسێن: لە چی بەشدار بووە؟ رووداو: لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە عێراق و دەستگیرکردنی ئەم بەرپرسانە؟ ئەمە راستە؟ فوئاد حوسێن: باوەڕ ناکەم. ئەمە پرسێکی ناوخۆییە و بڕیارەکەش ناوخۆییە. بەڵام دوور نییە لایەنێکی دیاریکراو لە ئەمریکا خۆشحاڵ بن بەمە، ئەوە دوور نییە، یان دەوڵەتی ئەمریکا خۆشحاڵ بێت بەوە، نازانم. رووداو: هەندێک پرسیار دەکەم کە بۆ خەڵکی ئێمە لە کوردستان گرنگە. پرسی مووچە. ئێوە چەند ساڵێکە لە بەغدان و لەگەڵ حکومەتەکانی پێشووشدا کارتان کردووە. هیوایەک هەیە کێشەی مووچە چارەسەر بێت؟ فوئاد حوسێن: ئێستا مووچە رەوانە کرا. رووداو: مانگێکی دیکەش دەچێت لەکاتی خۆیدا؟ فوئاد حوسێن: ئەم حکومەتە رژدە لەسەر ئەوەی هەموو وەختێک لە کاتی خۆیدا بێت، بەڵام راستییەکەی بڵێم، کێشەی دارایی لە عێراق هەیە، کێشەی دارایی گەورە لە عێراق هەیە. رووداو: مەبەستت ئەو 120 ملیارەیە؟ فوئاد حوسێن: نا، نا، هەر عێراق خۆی کێشەی هەیە. رووداو: وایە کێشەی نەختینە هەیە؟ فوئاد حوسێن: کێشەی ئێمە ئەوەیە، ئەگەر نەوت رەوانە نەکرێت، باشە، پارە لە کوێ دێت؟ واتە وڵاتەکە کێشەی هەیە. بەبڕوای من، ئێمە پێویستە هەموو هەوڵێک بدەین کە تەنگەی هورمز بکرێتەوە و ئەم شەڕە رابگیرێت، چونکە ئەم شەڕە بووەتە هۆی داخستنی تەنگەی هورمز. ئەگەر ئەوە بکرێتەوە، راستییەکەی بڵێم، ئێمە دەتوانین نەوت رەوانە بکەین و هەناردەی بکەین و داهاتی عێراق دێت. ئەگینا، ئەوە نەبێت، راستییەکەی بڵێم، کێشەیەکی دارایی دروست دەبێت. رووداو: وەک کەسێک لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو 120 ملیارە، کێشەکە هێشتا ماوەتەوە؟ فوئاد حوسێن: ئێستا پێش ئەوەی بینێرن دەیبڕن. چونکە پێشتر بڕیارێک هەبوو لە ئەنجوومەنی وەزیران کە 120 ملیار بێت، چونکە خەمڵاندن بۆ بابەتەکە کرا. ئێستا بەهۆی ئەم دۆخەی کە کوردستانیشی تێدایە، کوردستان ناتوانێت ئەو بڕە کۆبکاتەوە. بۆیە بڕیارەکەش هەر ماوە هەر لە ئەنجوومەنی وەزیران. ئینجا هەوڵمان دا بیگۆڕین، راستییەکەی بڵێم، من لە ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیازمان کرد، بەڵام دیارە سەرنەکەوتین، چونکە گفتوگۆکە کە دەکرێت و دوایی بە دەنگدانە، سەرنەکەوتین. بەڵام ئەو بڕیارە هەیە و وەزیری دارایی، بێگومان، پابەندە بەو بڕیارە. رووداو: شتێکی دیکە هەیە، جەنابتان وەک خەڵکی خانەقینیش، پێموایە بەشێکی پەیوەندیدارە بە ئێوەوە، ماددەی 140 لەبیر کراوە یان هێشتا ئەمە پرسێکی گرنگە بۆ کورد؟ فوئاد حوسێن: نا لەبیر نەکراوە، بەڵام دەزانی چییە؟ لیژنەیەک هەیە، لیژنەی ماددەی 140. هیوادارم کارا بکرێتەوە. رووداو: واتە ئەو لیژنەیە کارا نییە ئێستا؟ فوئاد حوسێن: نا جێگەی داخە. رووداو: بەنیازن کاری لەسەر بکەن و کارای بکەن؟ فوئاد حوسێن: بەخوا دەبێت هێزە سیاسییەکانی کوردستانیش ئەمە بکەن. باسکردنی ئەم بابەتانە، دەزانیت، ململانێیەکی سیاسی هەیە. پرسێک هەیە پێشنیاز کراوە، باشە، تۆ پێویستە پێشنیاز بکرێت و کاری لەسەر بکرێت. بەڵام جێگەی داخە، هێزە سیاسییەکانی کوردستانی لە بەغدا ناکۆکیی زۆرمان هەیە. رووداو: واتە ئەمە کاریگەری لە کاری ئێوەش کردووە؟ فوئاد حوسێن: بێگومان کاریگەریی هەیە، بێگومان کاریگەریی هەیە. رووداو: زۆر باشە. دوایین پرسیارم، کارکردن لەگەڵ سەرۆکوەزیران چۆنە؟ گەنجە و وزەیەکی زۆری هەیە؟ فوئاد حوسێن: وەڵا بۆ من شتێکی تازەیە، چونکە من لەگەڵ هەموو سەرۆکوەزیرەکانی عێراق دوای گۆڕانکارییەکانی 2003 کارم کردووە، لەگەڵ هەندێکیان راستەوخۆ کارم کردووە. هەموویانم دەناسی و پەیوەندیم لەگەڵیان هەبوو. بەڵام ئەمە یەکەم جارە من لەگەڵ سەرۆکوەزیرانێک کار دەکەم کە سیاسی نییە، دوورە لە سیاسەت، نە حیزبی بووە و نە هیچ کاری کردووە لە حیزب و سیاسەتدا و هاتووە. رووداو: ئەمە خۆشە یان ناخۆشە؟ فوئاد حوسێن: تا ئێستا کە من دەیبینم، راشکاوە، ئازایە، بڕیار دەدات، راشکاوە لە کارکردندا. ئەو ئەزموونێکی دیکەی هەیە، منیش ئەزموونێکی دیکەم هەیە، پێکەوە ئینشائەڵڵا دەتوانین یارمەتیی یەکدی بدەین، ئەرکی منە یارمەتی بدەم. رووداو: دەڵێن حکومەتەکانی عێراق کە تازە دێنە سەر دەسەڵات لەگەڵ کوردستان مانگی هەنگوینییان هەیە، بەڵێن دەدەن و کارئاسانی دەکەن، بەڵام کە تۆزێک وردە وردە دەڕوات، شەش مانگ یان ساڵێک، ئیدی ئەم شتە گۆڕانی بەسەردا دێت. تۆ ئەم نیگەرانییەت هەیە یان پێتوایە پەیوەندییەکان باشتر دەبن؟ فوئاد حوسێن: دەزانی من چوار پێنج حکومەتم لە بەغدا بەڕێ کردووە و ئەوانەی دیکەشم هەمووی بینیوە. کێشە هەیە لە بەغدا، بەڵام دەبێت ئێمەش لە بەغدا تێبگەین. دۆخی بەغدا جیاوازە. کێشە هەیە لە بەغدا، ئەقڵییەتی مەرکەزی هەیە، ئەقڵییەتی ناوەندی هەیە، ئەقڵییەتی ئەوە هەیە هەموو شتێک بە دەستی خۆی بێت، ئەقڵییەتی هەندێک جار بابەتی دیکە هەیە. بەڵام پێویستە ئێمەش خۆمان بگونجێنین لەگەڵ دۆخی بەغدا و حیساباتی دیکەش بکەین بۆ بەغدا. راستییەکەی بڵێم، دۆخی کوردستان و دۆخی ناوچەکە وایە کە ئێمە زیاتر و زیاتر گرنگی بە بەغدا بدەین و کاری ئێمە لە بەغدایە. رووداو: زۆر زۆر سوپاس، دکتۆر، بۆ ئەم دەرفەتە. فوئاد حوسێن: سوپاستان دەکەم.
هەڤپەیڤین18-07-2026وەزیری بازرگانیی عێراق: دوای گەڕانەوەمان لە واشنتن، پارەی گەنمی جووتیاران خەرج دەکەین