رووداو دیجیتاڵ
جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەڵێت، "دانیشتنی هەردوولا و ئەنجامدانی دیالۆگ جێگەی خۆشحاڵی ئێمەیە و هانیشی دەدەین، چونکە باوەڕمان وایە کە ئەوان دەتوانن بگەنە چارەسەرێک و پێویستە بەو جۆرەش بێت، چارەسەرێک کە لە لایەن هەموولایەکەوە پەسند بێت، ئەمە گرنگە نەوەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق یان ناوچەکانی دیکەی عێراق، بەڵکو بۆ بازاڕی وزەی جیهانیش گرنگە." هەروەها لەبارەی ئازادی رادەربڕینیش ئاماژە بەوە دەکات، "باوەڕمان وایە ئازادی رادەربڕین بۆ دیموکراسی زۆر پێویستە."
جۆوی هوود، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە شاهۆ ئەمین لەگەڵی ئەنجامیدا و لە هەواڵەکانی کاژێر 08:00ـی رۆژی پێنجشەممە 14-04-2022 پەخشکرا، لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، "باوەڕمان وایە ئازادی رادەربڕین بە دڵنیاییەوە بۆ دیموکراسی زۆر پێویستە. پێموایە زۆر روونە کە لە هیچ وڵاتێکدا قات و قڕی نەبووە کە ئازادی رادەربڕینی تێدا بووبێت، بۆچی؟ چونکە میدیا یارمەتیمان دەدات تێبگەین کە کێشەکان لە کوێدان، کەی خزمەتگوزارییەکانی حکومەت بە رێکوپێکی کارناکەن."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: سوپاس، دەمەوێ گفتوگۆ کورتەکەم لەگەڵ بەڕێزتان لەبارەی سەردانەکەت بۆ کوردستان دەستپێبکەم، ئامانجی سەردانەکەت بۆ کوردستان و کۆبوونەوەکانت چییە؟
جۆوی هوود: سوپاس بۆ میوانداریکردنی من، دەمەوێت سڵاوی خۆم بە بینەرانتان بگەیێنم و ئومێدەوارم کە رەمەزانێکی خۆشتان هەبێت، کاتێکی گرنگە بۆ ئێمە کە لێرەین، نەوەک تەنیا لەبەر کەشوهەوا خۆشەکە و ئەوەی کە وەرزی پشووە، بەڵکو لەبەرئەوەی یەکەمین سەردانمە بۆ دهۆک، ئێمە لێرە سەرقاڵی ئاهەنگگێڕانین بەهۆی پڕۆگرامێکی سەرکردایەتییەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە خۆشحاڵیەوە پاڵپشتی کرد، ئەم جۆرە ئاڵوگۆڕە لەنێوان خەڵکەکەماندا ئەو جۆرە پەیوەندییەیە کە دەمانەوێ گەشە بکات، چونکە لەمەوە بیرۆکەی نوێ، دەستپێشخەری نوێ و وەبەرهێنانی نوێ درووستدەبن، هەلی کاری نوێ دەستدەکەون و گەشە بە ئابووری دەدرێت. بەوەش ژیان بۆ هەمووان باشتر دەبێت.
رووداو: گوێم لێبووە کە بەشداریت لە پڕۆگرامێک یان ئیڤێنتێکدا کردووە کە لەلایەن دەرچووانی پرۆگرامی ئاڵۆگۆڕی ئەمریکاوە رێکخرابوو. دەتوانی زۆرتر باسی ئەو پرۆگرامەی ئاڵوگۆڕەمان بۆ بکەی کە ئەمریکا پاڵپشتی دارایی دەکات؟
جۆوی هوود: پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕی سەرکردایەتیی گەنجی عێراق یەکێکە لە کۆنترین پڕۆگرامەکانمان لێرە لە چوارچێوەی دیپلۆماسیی کولتوورییدا. ئێمە عێراقییە گەنجەکان بۆ ماوەی چوار هەفتە دەبەینە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە لەوێ وڵاتەکەمان دەبینن و خەڵکی جیاواز دەبینن، ئەوان تەنیا زانیاری لەبارەی کۆمەڵگەی ئەمریکی وەرناگرن، بەڵکو زانیاریی لەبارەی بابەتەکانی وەک سەرکردایەتی و ئابووری و بابەتەکانی دیکە وەردەگرن. ئەوەی کە ئومێدی بۆ دەخوازین ئەوەیە کە کاتێك دەگەڕێنەوە بۆ عێراق، سوود لەوە وەربگرن و دەستپێشخەریی نوێیان هەبێت، ئەمڕۆش خۆشحاڵ بووین کە بڕوانامەمان دایە بەشداربووان لە پڕۆگرامێکدا کە لە لایەن دوو بەشداربووی پێشووەوە دروستکرابوو.
رووداو: ئەنجامەکەی چۆن بوو؟
جۆوی هوود: زۆر سەرنجڕاکێش بوون. ئەوان زۆر بە باشی قسەیان دەکرد و مامەڵەیان دەکرد و بۆچوونی خۆیان دەردەبڕی، من وزە و پەرۆشیم لە رووخساریاندا دەبینی، ئەمەش ئەو شتەیە کە ئێمە دەمانەوێ لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق بیبینین، بەتایبەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، چونکە هەروەک گوتم، ئێمە لەوێوە بیرۆکە و وزەمان دەستدەکەوێت بۆئەوەی پەرە بە پەیوەندییەکانمان بدەین، ئابووریی وڵاتەکانمان بەرەو پێشەوە ببەین و سەقامگیری و ئاشتی زیاتریش بەدەستبهێنین.
رووداو: بەڕێز هوود، ئازادی رادەربڕین بریتیە لە مافێکی سەرەکیی مرۆڤ، هەڵوێستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەبارەی ئازادی رادەربڕین و میدیا لە کوردستان چییە؟
جۆوی هوود: باوەڕمان وایە ئازادی رادەربڕین، بە دڵنیاییەوە، بۆ دیموکراسی زۆر پێویستە. پێموایە زۆر روونە کە لە هیچ وڵاتێکدا قات و قڕی نەبووە کە ئازادی رادەربڕینی تێدا بووبێت، بۆچی؟ چونکە میدیا یارمەتیمان دەدات تێبگەین کە کێشەکان لە کوێدان، کەی خزمەتگوزارییەکانی حکومەت بە رێکوپێکی کارناکەن، کەی خەڵکی گۆشەگیر دەکرێن، ئازادی رادەربڕین یارمەتیمان دەدات چارەسەری ئەو کێشانە بکەین، هەربۆیە ئێمە هەمیشە لەبارەی گرنگی ئازادیی رادەربڕین قسە دەکەین و دروستیشی دەکەین، ئەوەش لەڕێگەی راهێنانکردن بە رۆژنامەڤانان و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری و داواکردن بۆ چارەسەری کێشەکان کاتێک دەیابنینین.
رووداو: زۆر باشە، خاڵێکی دیکە بریتیە لە ناکۆکیی نێوان بەغدا و هەولێر، ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بودجە، لەوانەش دوایین بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبارەی هەناردەی نەوتی کوردستان چۆن دەبینن؟
جۆوی هوود: دانیشتنی هەردوولا و ئەنجامدانی دیالۆگ جێگەی خۆشحاڵی ئێمەیە و هانیشی دەدەین، چونکە باوەڕمان وایە کە ئەوان دەتوانن بگەنە چارەسەرێک و پێویستە بەو جۆرەش بێت، چارەسەرێک کە لە لایەن هەموولایەکەوە پەسند بێت، ئەمە گرنگە نەوەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق یان ناوچەکانی دیکەی عێراق، بەڵکو بۆ بازاڕی وزەی جیهانیش گرنگە، چونکە هەروەک بەڕێزتان ئاگادارن کە بەهۆی داگیرکردنی ئۆکراینا لە لایەن رووسیاوە بازاڕی وزەی جیهان رووبەڕووی کێشە بووەتەوە، ئاسایشی خۆراک لە کێشەدایە، هەربۆیە دەبێت دڵنیایی بدەین لەوەی کە بازاڕەکان ئەوەندەی بکرێت وزەیان پێدەگات، هەربۆیە ئەمە یەکێکی دیکەیە لەو هۆکارانەی کە گرنگە هەردوولایەن بگەنە رێککەوتنێک کە لای هەردووکیان پەسند بێت.
رووداو: خاڵێکی دیکە لەبارەی ئەنجامی دوایین هەڵبژاردنە لە عێراق، تاوەکو ئێستا حکومەتی نوێ پێکنەهێندراوە. ئێوە لەو بارەوە چی دەکەن؟ هەندێکجار هەندێک پارتی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمریکا لەبارەی ئەم بابەتە بێدەنگە، بۆچی؟
جۆوی هوود: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوبەشەکانمان بێدەنگ نەبوون لە ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکە و ئێمە 10 ملیۆن دۆلارمان تەرخانکرد بۆ پاڵپشتیکردنی لە ئەرکەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان و 5 ملیۆن دۆلاری دیکەشمان تەرخانکرد بۆ تیمی چاودێریی پڕۆسەکە، ئەوەش هانی وڵاتانی دیکەی دا بۆئەوەی کاری هاوشێوە بکەن، هەربۆیە ئەنجامەکە ئەوە بوو کە هەڵبژاردنێک بەڕێوەچوو کە لە بواری تەکنیکیەوە سەقامگیرترین و باشترین بووە لە عێراق تاوەکو ئێستا بەرێوەبچێت، هەربۆیە نابێت جێگەی سەرسامی بێت کاتێک دەبینین ئەنجامەکە زۆر جیاواز بوو لەوەی لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا بینیمان، ئێستا کاتی ئەوەیە حکومەتێک پێکبهێندرێت کە رەنگدانەوەی ویستی دەنگدەرانی عێراقی بێت. روونە کە ئەوە تاوەکو ئێستا بەدەستنەهاتووە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش گوشار لە هەموو لایەنەکان دەکات بۆئەوەی بە خێرایی رێکبکەون لەسەر پێکهێنانی حکومەتێک بۆئەوەی ئەو حکومەتە دەستبکات بە دابینکردنی خزمەتگوزاریی باشتر بۆ خەڵکەکەی، چونکە بەرپرسانی حکومەت بۆ ئەوە هەڵدەبژێردرێن.
رووداو: بەڕێز هوود لەبەر پلان و سەرقاڵییەکانت، پرسیاری زیاترت لێناکەم. زۆر سوپاس
جۆوی هوود: سوپاس بۆ میوانداریکردنی من. خۆشحاڵ بووم.

