رووداو – هەولێر
ویلیەم کۆزاین، کۆنسوڵی گشتی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند ئێستا خۆی کەرەنتین کردووە، بۆ ئەوەی بەمنزیکانە بە سەلامەتی بگەڕێتەوە هەولێر، کاتێکیش دەگاتەوە هەولێر دەچێتە سوپەرمارکێت ئاو و سەوزە و میوە دەکڕێت، دواتر پەیوەندی بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەکات کە چی بکەن.
ویلیەم کۆزاین کە دوو ساڵە ئەو ئەرکەی لە هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، ئاشکرای دەکات رەشنووسی پلانێکیان بە ناوی (پلان هۆڵاند) بۆ چاکسازیی لە بواری ئەمنیدا لە هەرێمی کوردستان ئامادە کردووە، هەر کاتێک گەڕایەوە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان قسە لەسەر پلانەکە دەکەن.
دەقی هەڤپەیڤینەکەی کۆنسوڵی هۆڵەندا لەگەڵ رووداو:
رووداو: بەڕێز ویلیەم کۆزاین چۆنی؟ دەبینم لە پارکێکی خۆشی هۆڵەندای؟
کۆزاین: ئێستا من لە شارۆچکەی ڤێلدۆڤێنم، شوێنێکی زۆر زۆر ئارامە، من هاتوومە ئێرە لەبەرئەوەی خۆم کەرەنتین کردووە پێش ئەوەی بێمەوە هەولێر.
رووداو: بەڕێز کۆزاین تائێستا زیاتر لە 32 هەزار تووشبووی کۆرۆنا لە هۆڵەندا هەن، مردنیش زۆرە، دۆخەکە ئێستا چۆنە؟
کۆزاین: راستییەکەی ئێستا ژمارەکان باشترن. بەڵام ئەگەر ژمارەکان بەراورد بکەین دەبینین لە هەزار کەس بەداخەوە دوو کەس بەهۆی کۆڕۆناوە گیان لەدەستدەدەن. کەواتە رێژی مردن زۆر بەرز نییە، بەڵام هێشتا هەر زۆرە. زۆر بە جددی کار دەکەین بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆڕۆنا، بۆ ئەو مەبەستەش قەدەخەی هاتووچۆمان راگەیاندووە، کە وادیارە کاریگەری زۆرباشی هەبووە. چونکە ژمارەی تووشبووان بە خێرایی روو لە دابەزینە.
رووداو: ئەی خۆت و ماڵ و منداڵت ئەم پەتایەتان نەگرتووە؟ باشن؟
کۆزاین: ئێمە پەیڕەوی لە سیاسەتی مانەوە لە ماڵەوە دەکەین. من و هاوژینەکەم و منداڵەکانم بە جیا دەژین لە دایک و باوکم، چونکە ئەوان بەتەمەنن. هەموومان لە ماڵەوە دەمێنینەوە تەنیا لە کاتی کڕینی شتی زۆر پێویستدا دەچینە دەرەوە. لەماڵەوە دەمێنینەوە و کار دەکەین و سەیری نێتفلیکس دەکەین. ئەمە بارودۆخی ئێمەیە، بەڵام خراپ نییە.
رووداو: ئێستا کە قسە دەکەین بە منت گوت لە کەرەنتیندای، وایە؟
کۆزاین: بەڵێ.
رووداو: بۆچی خۆت کەرەنتین کردووە؟
کۆزاین: لەبەرئەوەی ئەوە بەرپرسیارێتی هاوبەشمانە کە دڵنیابین لەوەی کەس تووشی ڤایرۆسەکە نەکەین. من لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە کە بەنیازین سەردانی کوردستان بکەین، خۆمان کەرەنتین کردووە. بڕیارماندا کە شتێکی باشە ئەو کارە بکەین وەک پشتگیرییەکیش بۆ هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی هەمووان پارێزراوبن لە تووشبوون. بۆیە من و ئەو کەسانەی لەگەڵ من سەفەر دەکەن خۆمان کەرەنتین کردووە، بە تەندروستییەکی باش و بێ ڤایرۆس دێینەوە کوردستان.
رووداو: دوای ئەوەی لە خۆپارێزی و کەرەنتین تەواو دەبی، دەگەڕێیەوە هەولێر؟
کۆزاین: بەڵێ دەگەڕێینەوە.
رووداو: چەند دەخایەنێت؟
کۆزاین: بۆ ماوەی دوو هەفتە و نیو خۆمان کەرەنتین دەکەین. دوای ئەوە دەگەڕێینەوە بۆ ناوچەکەتان. چاوەڕێین.
رووداو: زۆر باشە. خۆت بڕیارت داوە بچیتە کەرەنتین یان بەگوێی رێنمایی حکومەتی هەرێمی کوردستانت کردووە؟
کۆزاین: راستییەکەی ئەوە سیاسەتی حکومەتەکەمانە کە زۆر وریای بەریەککەوتنی کۆمەڵایەتین. دووری کۆمەڵایەتی پەیڕەو دەکەین. پێش ئەوەی سەفەریش بکەین خۆمان کەرەنتین دەکەین. لە هەمانکاتدا ئەوە هەمان شتە کە هەرێمی کوردستان دەیەوێت و رێوشوێنی وردی داناون. ئەمە شتێکی مانابەخشە، بۆیە ئێمەش ئەوە دەکەین.
رووداو: کەی رێوشوێنەکانی دژ بە کۆرۆنا لە هۆڵەندا ئاسایی دەبنەوە؟
کۆزاین: حکومەت بە جدی کاری لەسەر دەکات و بە هاوکاری پسپۆڕان لێی دەکۆڵێتەوە. رۆژانە پێشکەوتن هەیە لە شەڕی زاڵبوون بەسەر ڤایرۆسی کۆڕۆنادا. هەر کاتێک بزانین دەتوانین هاتوچۆ دەست پێکەینەوە دەیکەین. بەڵام پێویستە زۆر زۆر وریابین. ژمارەی دانیشتووانی هۆڵەندا زۆرە، حەڤدە ملیۆنن و وڵاتەکەش بچووکە. بۆیە پێویستە وریا بین. چونکە نامانەوێ ڤایرۆسی کۆڕۆنا زۆرتر بڵاوببێتەوە. حکومەتمان کاری زۆرباشی کردووە بۆ پێشگرتنی تووشبوونی خەڵکی زۆرتر.
رووداو: تازە لە تەلەڤزیۆن بیندرا گوڵە رەنگاورەنگەکانی هۆڵەندا هەموو لەنێوبران و فڕێدران لەبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا، پلانی حکومەت چییە بۆ ئەوەی پیشەسازیی گوڵ و ئابووری نەشکێت؟
کۆزاین: بەڵێ. ئێمە لە هۆڵەندا کۆمپانیای بچووک و گەورەمان زۆرن کە ڤایرۆسی کۆڕۆنا کاریگەری لەسەر داناون. وەکو هێینەکین و پیلیپس و چەندین کۆمپانیای دیکە. هەروەها ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیای بچووکمان هەن کە زیانی زۆریان بەر کەتووە، بەڵام حکومەت داوای لێکردن کارمەندەکانیان دەرنەکەن و بیانهێڵنەوە، لەبەرامبەردا حکومەت پاڵپشتی دارایی ئەو کۆمپانیا بچووکانە دەکات. ئەوەش مانای ئەوەیە حکومەت سەتا نەوەتی مووچەی کارمەندەکانیان بۆ دابین دەکات. کەواتە حکومەتەکەمان جەختی زۆری خستووەتە سەر هێشتنەوەی خەڵک لەسەر کار و بێکارنەبوونی خەڵک. هەرکات ئەم ڤایرۆسە تەواو بوو، ئەوە خەڵک دەستبەجێ دەتوانن دەست بەکار بکەنەوە.
رووداو: رۆژی نیشتمانی هۆڵەندا ساڵانە دەکەوێتە 27ی 4، ئەمساڵ کۆرۆنا دەهێڵێ یادی بکەنەوە؟
کۆزاین: ئاشکرایە کە ئەمساڵ دۆخەکە جیاوازە. نازانم تۆ زۆر سەیری یوتیوب دەکەی یان نا، ئەگەر سەیری ڤیدیۆکانی یادکردنەوەی ئەو رۆژەت کردبێت؛ ئەو رۆژە ئاهەنگی گەورەی پرتەقاڵی سازدەکرێت. نازناوی پاشای هۆڵەندا پرتەقاڵییە. وەکو رووداو، رووداویش پرتەقاڵییە. لەو رۆژەدا هەموو کەسێک رەنگی پرتەقاڵی دەپۆشێت، چەندین کۆنسێرت و ئاهەنگ ساز دەکرێن، پاشا دەچێتە ئەو شارەی لێی لەدایک بووە و لەگەڵ خەڵک یادی لەدایکبوونی دەکاتەوە. لەو رۆژەدا خەڵک لەسەر شەقامەکان کەلوپەلی دەستی دوو دەفرۆشن.
بەڵێ پێی دەڵێین بازاڕی دەستی دوو. لەو رۆژەدا ئاهەنگی گەورە رێکدەخرێن. هەروەها بۆنەی وەرزشی جییاواز. ئەو رۆژە رۆژی ئاهەنگگێڕانە لە هۆڵەندا. بەڵام ئەمساڵ تەواو جیاوازە. هۆڵەندا بڕیاریدا ئەمساڵ رۆژی نیشتمانی، کە یادی لەدایکبوونی پاشایە بەشێوەی دیجیتاڵی و ئۆنڵاین ئاهەنگ بگێڕین.
رووداو: واتە هیچکام لەم چالاکیانە ئەمساڵ ناکرێن؟
کۆزاین: نەخێر لەماڵەوە دەمێنینەوە. بەڵام لە ماڵەوە ئاهەنگ دەگێڕین. سەرلەبەیانی چارەگێک پێش کاژێر دە هەموو کڵێساکان زەنگ لێدەدەن. هەموو خەڵکیش لە کاژێر دەی رێک سروودی نیشتمانی دەڵێنەوە. هەموومان سکایپ و هەموو ئەو پرۆگرامەکانی ئینتەرنێت بەکاردەهێنین بۆ یەک بینین و قسەکردن و ئۆنڵاین پێکەوە ئاهەنگ دەگێڕین.
رووداو: ئێستا با بچینە سەر ئەزموونی کاری ئێوە وەک کونسوڵی گشتی هۆڵەندا لە هەولێر، پڕۆژەکانی ئێوە چین؟ زیاتر بایەخ بە چی دەدەن؟
کۆزاین: دوو ساڵێک لەمەوبەر لە هەرێمی کوردستان دەستم بە کار کرد. هەرێمی کوردستان بۆ ئێمە شوێنێکی زۆر جوانە. هەلی زۆر هەن بۆ ئەوەی خەڵکی کورد و هۆڵەندا پێکەوە کار بکەن. کاتێک دوو ساڵ لەمەوبەر لە هەولێر دەستم بە کار کرد، بیرم لەوە کردەوە کە لە چ بوارێکدا ئێمە دەتوانین جییاوازی دروست بکەین. ئێستا پێموایە کە بەراستی دەتوانین لە کەرتی کشتوکاڵ و خۆراکدا جیاوازی دروست بکەین. ئەگەر سەیری دەوروبەرتان بکەن لە هەرێمی کوردستان خاکی بەرفراوان و بەپیت هەیە. جوتیاری زۆریشی لێن. خەڵکێکی زۆر سەرقاڵی کشتوکاڵن. ئەمە ئەو شتەیە کە ئێمە لەهۆڵەندا پەنجا بۆ شەشت ساڵ لەمەوبەر کردمان. پێویستە ئێوەش هەمان شت بکەن. زۆر شتی دیکەش هەن کە دەبێ بکرێن جگە لە بایەخدان بە کشتوکاڵ و خۆراک. هەرێمی کوردستان دەتوانێ ببێتە ناوەندی بەرهەمهێنانی سەوزە و میوە لەو ناوچەیەی جیهاندا و بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە. ئێمە هەمان شتمان کرد، هاوکاری ئێوەش دەکەین بۆ ئەوەی هەمان کار بکەن، بێگومان بە پاڵپشتی ئێوە.
رووداو: تائێستا هیچ جۆرە پڕۆژەیەکی هاوبەشتان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەبووە؟
کۆزاین: بەڵێ بەدڵنیاییەوە.
رووداو: چ جۆرە پڕۆژەیەک؟
کۆزاین: چەند پرۆژەیەکی کشتوکاڵیمان هەن. ئێستا لە هەولێر کار لەسەر دروستکردنی خانووی پلاستیکی دەکەین لەگەڵ سینا گروپ. سینا گروپ لە هەولێرە. ئەو کۆمپانیایە هاوئاهەنگی نزیک لەگەڵ کۆمپانیاکانی هۆڵەندا دەکات. خەریکی پرۆژەیەکی گەورەی کشتوکاڵین لە هەولێر، پرۆژەکە بە چاندنی کشتوکاڵ و راهێنانی خەڵک دەست پێدەکەین. کارکردن لە کەرتی کشتوکاڵ تەنیا بەشێکی بچووکی کارەکەمانە، چونکە چەندین پرۆژەی دیکەمان هەن. بەڵام کشتوکاڵ زۆر خۆشەویستە لەلای من، بۆیە باسی دەکەم و پێموایە دەتوانین جیاوازی دروست بکەین.
کۆزاین: دەتوانم پرسیارێکت ئاڕاستە بکەم؟
رووداو: تکایە فەرموو، بەڵام کاری من ئەوەیە پرسیار لە تۆ بکەم.
کۆزاین: با شوێنمان بگۆڕینەوە و ئەمجارە من پرسیار بکەم.
دەزانی چ وڵاتێک گەورەترین هەناردەکاری سەوزە و میوەی فرێشە؟
رووداو: هەناردەکاری گوڵ یان چی؟
کۆزاین: بەرهەمی فرێش، سەوزە و میوە و گوڵ و هەموو ئەو شتانەی کە فرێش و تازەن.
رووداو: هۆڵەندا؟
کۆزاین: هۆڵەندا نییە، هۆڵەندا ژمارە دووە، ئەمریکا یەکەمە.
رووداو: هێندەی من بزانم هۆڵەندا نزیکەی 47٪ی گوڵ و بەرهەمی سەوزە و میوەی بازاڕەکانی جیهان دابین دەکات. وایە؟
کۆزاین: بەڵێ، وایە، راستە. بەڵام هەناردەمان لەوە فراوانترە، تەنیا گوڵ نییە. بەڵکو هەموو جۆرەکانی سەوزە و میوەی تازە و تەندروست هەناردە دەکەین. بەشێوەیەکی بەردەوام هەناردەیان دەکەین. بە لەبەرچاوگرتنی پاراستنی ژینگە. هەناردەکاری یەکەمی سەوزە و میوە لە جیهاندا ئەمریکایە. بەڵام هۆڵەندا لە پلەی دووەمدایە. بەڵام ئەگەر قەبارەی وڵاتەکەمان بەراورد بکەی، دەبینی هۆڵەندا وڵاتێکی بچووکە. دەمانەوێ هەمان شتیش بۆ ئێوە بکەین. ئێمە هاوپەیمانییەک دروست دەکەین، هاوپەیمانی کوردی هۆڵەندی، دەتانکەینە بەرهەمهێنەر و هەناردەکاری گەورەی سەوزەی تازە و شیری فرێش و گوڵیش. دەتوانین پێکەوە هەموو شتێک بکەین، چونکە کوردستان لە پێگەیەکی زۆرباشدایە بۆ ئەوەی بتوانێ ببێتە هەناردەکارێکی گەورەی میوە و سەوزە. ئەوە تەنیا لە بواری خۆراکدا، ئەگینا کاری زۆرتریش دەکەین.
رووداو: چ جۆرە خزمەتگوزارییەکتان لە کونسوڵخانەی هۆڵەندا لە هەولێر هەیە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان هەیە؟
کۆزاین: کارەکانمان لە کونسوڵخانە سنووردارن، بەڵام چاومان لەوەیە کارەکانمان فراوانتر بکەین. ئێستا جەختی زۆرمان لەسەر دابینکردنی ڤیزای بزنسە. ئەگەر کەسێک بییەوێت بە مەبەستی بزنس و بازرگانی سەردانی هۆڵەندا بکات، بە خۆشحاڵییەوە ڤیزای بۆ دابین دەکەین. بەدڵنیاییەوە ئەوە بڕیاری وەزارەتێکی دیکەی حکومەتی هۆڵەندایە، بەڵام ئێمە پەنجەرەیەکین بەڕووی وەزارەتدا. دەتوانن سەردانی ئێمە بکەن و باسی چۆنێتی وەرگرتنی ڤیزا بکەین.
رووداو: بەڕێز کونسووڵ دەمەوێ بزانم ئێوە لە هەولێر ڤیزا بە خەڵک دەدەن؟
کۆزاین: بەڵێ ڤیزا دەدەین، بەڵێ لە هەولێر ڤیزا دەدەین.
رووداو: ئێوە هانی خەڵک دەدەن بچنە هۆڵەندا؟ وڵاتەکەتان ببینن، لە مێژوو و کولتووری هۆڵەندا تێبگەن؟
کۆزاین: پێویستە ئەوە روون بکەمەوە کە سیاسەتی ڤیزامان سنووردارە. ئێمە ئێستا سەرقاڵی پێداچوونەوەی سیاسەتی پێدانی ڤیزاین بۆ کوردستان. کە ئێستا تەنیا تایبەتە بە بزنس. واتە ڤیزای بزنسە، بەڵام ئاشکرایە لە داهاتوودا جۆری دیکەی ڤیزاش دابین دەکەین.
رووداو: ئەی بۆ قوتابی زانکۆ، ئێوە زەمالە یان کورسی خوێندن لە زانکۆکانی هۆڵەندا بە قوتابی کوردستان دەدەن؟
کۆزاین: بەڵێ. چەند ساڵێکە زەمالەی خوێندن دابین دەکەین. ژمارەیەک خوێندکاری کورد دێنە هۆڵەندا و لە زانکۆکانی ئێرە دەخوێنن. ئەمە شتێکی باشە، بەڵام چەندین شتی دیکە هەن کە دەتوانین پێکەوە بیانکەین. وەک باسم کرد کار دەکەین بۆ بونیادنانی کۆمپانیای گەورەی کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی سەوزە و میوە و خۆراک. ئەوەی کە پێویستە بۆ دروستکردنی ئەو کۆمپانیایانە کەسانی لێهاتوو، بە ئەزموون و پسپۆڕن. ئەوەی ئێستا دەمانەوێ بیکەین جگە لە بونیادنانی ئەو خانووە پلاستیکیانە و چاندنی پەتاتە، دەمانەوێ مەشق بەو کەسانە بکەین کە کارەکە دەکەن، جووتیارانی کورد. دەمانەوێ لە نزیکەوە لەگەڵیان لە پەیوەندیدا بین. مەشقیان پێدەکەین بۆ ئەوەی لە کوردستان کار بکەن و خۆراکی خۆتان بەرهەم بهێنن و هەناردەشی بکەن.
رووداو: تا پێش کۆرۆنا چەند کۆمپانیای هۆڵەندی لە کوردستان کاریان دەکرد؟ لە چ سێکتەرێک بوون؟
کۆزاین: کۆمپانیای فیلیپس و کۆمپانیای هەینەکن کە بیرە بەرهەمدەهێنێت لەگەڵ کوردستان کار دەکەن. کۆمپانیا هۆڵەندییەکان بە زۆری لەڕێگەی نوێنەرایەتییەوە کار دەکەن. واتە چەند کۆمپانیایەکی کوردی هەن کە نوێنەرایەتی کۆمپانیا هۆڵەندییەکان دەکەن. یەکێک لە بوارەکان جوانکارییە. یەکێک لە کۆمپانیاکان پێداویستی جوانکاری بۆ پرچ دابین دەکات. وەک دەبینی من کەچەڵم و پرچم نییە.
شاهۆ: منیش پرچم نییە و سەریشم سافە، بۆیە هیچی لێتێناگەم.
کۆزاین: منیش پرچم نییە. منیش بەکاری ناهێنم وەک دەبینی پرچم کەمە. لە کوردستان پیشەسازی جوانکاری بازاڕی زۆرە. بۆیە کۆمەڵێک کۆمپانیای هۆڵەندی لە بواری فاشن و جوانکاری لە کوردستان کار دەکەن. ئەوە یەکێکە لە نموونەکان. کۆمپانیای نەوت و گازی شێڵ و کۆمپانیاکانی بوس گاڵاس، فیلیپس و هۆرتی ئێکسێس. هۆرتی ئێکسێس ئەو کۆمپانیایەیە کە خانووی پلاستیکی لە کوردستان دروست دەکات. هەروەها کۆمپانیای هاوبەشی کوردی هۆڵەندی هەیە بەناوی کەی ئێچ بۆ بەرهەمهێنانی پەتاتە. لەراستیدا چەند ساڵێک لەمەوبەر دەستیان کرد بە بەرهەمهێنانی پەتاتە. ئێستا گەورەترین هەناردەکاری پەتاتەن لە دهۆک. پەتاتە بۆ هەموو بەشەکانی عێراق دابین دەکەن. ئەوە کۆمپانیایەکی پێشەنگ و سەرکەوتووە.
رووداو: بەڕێز کۆنسوڵ بەهۆی شەڕ پەنابەر و ئاوارەیەکی زۆر لە کوردستان دەژین، حکومەتی ئێوە هیچ هاوکاری مرۆیی کردوون؟
کۆزاین: ئێمە بە تەواوی پشتگیری گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکەین بۆ ناوچەکانی خۆیان. دەبینین کە هاتنی ئەو ئاوارانە ئاڵنگارییەکی گەورەیە بۆ هەرێمی کوردستان. ئێمە پێمان خۆش نابێت ئەگەر ئاوارەکان نەتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان. نەگەڕانەوەی هەندێکیان مانای ئەوەیە دەبێ ببنە بەشێک لە کۆمەڵگەکە و خۆیانی لەگەڵ رابهێنن. هەر پەیوەست بەوەش، ئێمە لە دهۆک لەگەڵ بەرپرسان کار دەکەین بۆ دروستکردنی بەشێکی نوێ لە شارەکە، تێیدا هەلی کار و خزمەتگوزاری گشتی دابین بکەین. بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی ئەو کەسانەی لە ناوچەکانی دیکەوە دێن بتوانن بەخۆشی لەو شارەدا بژین. جگە لەوەش، ئێمە پارەیەکی زۆرمان لە هەڵگرتنەوەی بۆمبی چێندراو خەرجکردووە، لەڕێی رێکخراوێکی گەورەی نێودەوڵەتییەوە بۆ ئەوەی بۆمبەکان پاکبکرێنەوە و خەڵکەکە بتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان. کەواتە بەڵێ، ئەوە ئاڵنگارییە و ئێمە هەوڵدەدەین لەوەدا هاوکاریتان بکەین.
رووداو: هۆڵەندا رۆڵێکی باشی هەبوو لەنێو هێزی هاوپەیمانان دژ بە داعش، هاوکاری پێشمەرگەشی کردووە، ئێستاش بەشداریتان هەر ماوە؟
کۆزاین: بەڵێ، ئێمە لەچەند ساڵی رابردوودا پشتیوانی ئاسمانیمان دابینکردبوو. ئێستاش جەختی زۆرمان لەسەر راهێنانی پێشمەرگەیە. ژمارەیەک راهێنەری سەربازیمان لە هەولێرن و لەگەڵ پێشمەرگە کار دەکەن، مەشقیان پێ دەکەن بۆ ئەوەی بە تواناتر بن و رێکخراوتر بن. ئەوە ئەو شتەیە کە ئێمە دەیکەین. دیارە کە ئێستا کارەکانمان وەستاون بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا. چونکە نامانەێ نە ئێوە تووش بکەین نە خۆشمان تووشی ببین. بۆیە ئەو راهێنەرە سەربازیانەش سیاسەتی مانەوە لە ماڵەوە پەیڕەو دەکەن، بەڵام لەوێن و بەنیازیشن بمێننەوە. دوو سێ ساڵ جارێک بە ئەرکەکانماندا دەچینەوە، بەڵام لەوێ دەمێنینەوە، چونکە تائێستا کاری باشمان کردووە. ئەمە بەشێکییەتی، بەشەکەی دیکەی لەسەر ئاستی سیاسییە، پلانی هۆڵەندامان داڕشت بۆ چاکسازی لە بواری ئەمنیدا. ئێمە دەزانین کە ژمارەی پێشمەرگە زۆرە، رێکخستن و راهێنانیان خەرجی زۆری دەوێت. بۆیە پلانێکمان داڕشت بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە بەتواناتر بکەین کە خەڵک بپارێزن بەجۆرێک ئەو کارە بکرێت کە خەرجی زۆری تێنەچێت. رەشنووسی پلانەکەمان داڕشتووە . ناتوانم باسی وردەکارییەکان بکەم، چونکە باشترە سەرەتا لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان باس بکرێت. ناوی پلان هۆڵاندە ، پلانێکی زۆرباشە. هەر کە گەڕامەوە کوردستان لەگەڵ سەرکردەکانتان باسی دەکەم.
رووداو: پاش کەرەنتین کە دەگەڕێیتەوە کوردستان، یەکەم کارت چی دەبێت؟
کۆزاین: دەچمە سوپەرمارکێت، ئاو و سەوزە و میوە دەکڕم. دواتر پەیوەندی دەکەم بە بەرپرسان بۆ ئەوەی بزانین چۆن دەتوانین هاوکاریتان بکەین لە هەر بوارێکدا. ژمارەیەک کوردی هۆڵەندی ئێستا گەڕاونەتەوە هۆڵەندا. هەروەها دەزانی پێویستە بیری لێ بکەمەوە، بەڵام بەراستی هەوڵدەدەم بەپێی توانا ئەرکەکانم جێبەجێ بکەم. بۆ ئەوەی بەزوویی بتوانین زۆر شت تەواو بکەین. پێموایە ئێستا هەمووان بەرهەممان کەمبووەتەوە. هەر کە هەلمان بۆ رەخسا دیسان بەخێرایی دەکەوینەوە کار.

