رووداو - تەندروستی
گەشەی کۆمەڵایەتی و دەروونیی مرۆڤ بە هەشت قۆناخی سەرەکیی دابەش کراون و هەر قۆناخێک ململانێی دەروونی و کۆمەڵایەتیی تایبەتی هەیە کە کاریگەریی لەسەر کەسایەتی و گەشەی داهاتووی تاک دەبێت، بەتایبەت قۆناخەکانی پێش 20 ساڵی.
هێلین زاهیر شێخانی، رێنوێنیکاری پەروەردەیی بە رووداوی راگەیاند، گەشەی کۆمەڵایەتی و دەروونی پرۆسەیەکی بەردەوامە کە لە منداڵییەوە تاوەکو پیری درێژە دەکێشێت. هەر قۆناخێک رۆڵێکی گرنگ لە پێکهاتەی کەسایەتی، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و توانای گونجاندنی تاک لەگەڵ کۆمەڵگەدا دەبینێت.
هۆکاری ئەوەی کە باسی ئەم قۆناخانە دەکات ئەوەیە کە ''تێگەیشتن لەم قۆناخانە بۆ دایک و باوکان و پەروەردەکاران گرنگە، بۆ ئەوەی ژینگەیەکی گونجاو بۆ گەشە و پێشکەوتنی تاک دابینبکەن''.
قۆناخەکان ئەمانەن؛
لە لەدایکبوونەوە تاوەکو 18 مانگی
لەو قۆناخەدا، دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکان و چاودێری و خۆشەویستیی دایک و باوک، هەستی متمانە لای منداڵ دروستدەکات. بە پێچەوانەوە، بێگرنگیپێدان دەتوانێت ببێتە هۆی بێمتمانەیی و دڵەڕاوکێ.
لە 18 مانگی تاوەکو 6 ساڵی
منداڵ هەوڵ دەدات کارەکانی بە سەربەخۆیی ئەنجام بدات، وەک خواردن و جل لەبەرکردن. پشتگیری و هاندانی دەوروبەران متمانەی بە تواناکانی بەهێز دەکات، بەڵام رەخنە و رێگریی زۆر هەستی شەرم و گومانی لەلا دروستدەکات.
لە 3 ساڵی تاوەکو 6 ساڵی
منداڵ ئارەزووی پرسیارکردن، یاریکردن و ئەنجامدانی چالاکیی جۆراوجۆر دەکات. پشتگیریی بیرۆکەکانی لەلا زۆر گرنگە، بەڵام سەرکۆنەکردنی بەردەوام دەتوانێت هەستی تاوان و خۆبەکەمزانین دروستبکات.
لە 6 ساڵی تاوەکو 12 ساڵی
منداڵ بایەخ بە فێربوون، بەدەستهێنانی تواناکان و سەرکەوتن دەدات. هاندانی و پشتگیریی دەوروبەران هەستی لێهاتوویی بەهێز دەکات، بەڵام شکستخواردن و نەبوونی پاڵپشت دەتوانن هەستی نەرێنی دروستبکەن.
لە 12 ساڵی تاوەکو 18 ساڵی
لە قۆناخی نەوجەوانیدا تاک هەوڵ دەدات ناسنامە و شوێنی خۆی لە کۆمەڵگەدا بناسێت. پەرەپێدانی ناسنامەیەکی روون و جێگیر گرنگترین ئەرکی ئەم قۆناخەیە.
لە 18 ساڵی تاوەکو 40 ساڵی
تاک هەوڵ دەدات پەیوەندییەکی قووڵ و تەندروست لەگەڵ کەسانی دیکە دروستبکات. متمانە و خۆشەویستی بنەمای پەیوەندییە سەرکەوتووەکانن، بەڵام نەبوونی ئەم پەیوەندییانە دەتوانێت ببێتە هۆی تەنیایی.
لە تەمەنی 40 ساڵی تاوەکو 65 ساڵی
تاک هەوڵ دەدات بەشدارییەکی کاریگەر لە پەروەردەکردنی نەوەی داهاتوو و پێشکەوتنی کۆمەڵگەدا هەبێت. بەرهەمداری و خزمەتکردن بە کۆمەڵگە هەستی بەرپرسیارێتی و سوودمەندی بەهێز دەکەن.
تەمەنی سەروو 65 ساڵ
تاک ژیانی رابردووی خۆی هەڵدەسەنگێنێت. رەزامەندی لە ژیان و هەستکردن بە ماناداریی ئەزموونەکان، هەستی تەواوەتی دروستدەکەن؛ بەڵام پەشیمانی دەتوانێت ببێتە هۆی دڵتەنگی و نائومێدی.



