رووداو-تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی کالیفۆرنیا لە ئەمریکا ئاماژە دەدات، هەندێک گۆڕانکاری لە مایکرۆبایۆمی ریخۆڵەدا کە لەگەڵ تەمەندا روودەدەن، بەهۆی گونجاندنە لەگەڵ ژینگەی ریخۆڵە، هەروەها لەوانەیە نیشانەی پیربوونێکی تەندروست بن.
د. ئەمیر زارینپار، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ئەو گۆڕانکاریانە دەکرێت نیشانەی پیربوون بن نەک تێکچوونی تەندروستی، دەرەنجامەکانی ئێمە دەریدەخەن کە هەندێک گۆڕانکاری لە مایکرۆبایۆمی ریخۆڵەدا لەوانەیە هەوڵی جەستە بن بۆ پاراستنی تەندروستی و زیندەچالاکی.
لە توێژینەوەکەدا، توێژەران تیشکیان خستووەتە سەر چۆنیەتیی گۆڕانی کارکردنی ترشەڵۆکەکانی زراو لەلایەن بەکتریا سوودبەخشەکانی ریخۆڵەوە، بەکتریا سوودبەخشەکانی ریخۆڵە ئەنزیمێک بەناوی (BSH) بەرهەم دەهێنن کە ترشەڵۆکەکانی زراو دەستکاری دەکات و رێگەیان پێدەدات کاریگەرییان لەسەر زیندەچالاکی، هەوکردن و کاتژمێری بایۆلۆژیی جەستە هەبێت.
توێژەران لە تاقیکردنەوەکەیان لەسەر مشک بۆیان دەرکەوت کە لە مشکی بەتەمەنداچوودا چالاکیی بەکتریا سوودبەخشەکانی ریخۆڵە پەیوەست بە (BSH) و دەستکاریکردنی ترشەڵۆکی زراو زیاترە، هەمان شت لە مرۆڤە تەمەن سەروو 100 ساڵەکانیشدا بەدیکراوە، دەرئەنجام هەستەوەری ئەنسۆلینیان بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر بووە، هەروەها ئەم گۆڕانکارییانە لەگەڵ کێشی کەمتر و چەوریی کەمتر و بارستەی ماسولکەی زیاتردا گونجاوە کە لە بەسڵاچوواندا هەیە.
بەکتریا سوودبەخشەکانی ریخۆڵە، بە درێژایی ژیان دەگۆڕێن و رۆڵێکی گرنگ لە زیندەچالاکی، هەوکردن و لایەنەکانی دیکەی تەندروستیدا دەگێڕن.



