رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە زانکۆی پێنسلڤانیا لە ئەمریکا دەریدەخات، خواردنی خۆراکی چەور لە تەمەنێکی منداڵیدا، لەوانەیە ببێتە هۆی لاوازییەکی بەردەوامی سیستمی بەرگریی جەستە و منداڵان زیاتر بەرەوڕووی مەترسیی هەوکردن بکاتەوە.
پرۆفیسۆر د. سارا هێنریکسن، سەرپەرشتیاری سەرەکی توێژینەوەکە، دەڵێت "دەرەنجامەکان ئەوە ئاشکرا دەکەن کە تێیدا خۆراکی چەور دەتوانێت بە شێوەیەکی نەرێنی سیستمی بەرگری بەرنامەڕێژ بکاتەوە و منداڵان بە لاوازی بەرامبەر بە هەوکردنەکان بهێڵێتەوە".
لە تاقیکردنەوەکەدا کە لەسەر ئاژەڵ ئەنجامدراوە دەرکەوتووە، ئەو ئاژەڵانەی تەمەنیان کەم بوو و خواردنی چەوریان پێ درا، کەمییەکی بەرچاویان لەو جۆرە خانە بەرگرییانەدا هەبوو کە بۆ وەڵامدانەوەی کاریگەری دژەتەنەکان بۆ هەوکردنە ڤایرۆسییەکان پێویستن. ئەمەش بووە هۆی لاوازبوونی وەڵامدانەوەیان بۆ ڤاکسینەکان.
هۆکاری ئەم کێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی خانە Tیەکانیان (جۆرێک لە خانەی بەرگری) توانای پێگەیشتنیان بۆ خانەی T follicular helper (TFH) کەم ببووەوە، کە رێکخەری سەرەکیی وەڵامدانەوەی دژەتەنەکانن. کێشەی سەرەکیش بریتی بوو لە کپبوونی جینێک کە بەرپرسە لە ئەنزیمێک بەناوی A20.
بۆ بەستنەوەی دەرەنجامەکان بە مرۆڤەوە، توێژەران خانە بەرگرییەکانی 5 نەخۆشیان هەڵسەنگاند کە حاڵەتێکی دەگمەنی بۆماوەییان هەبوو و یەک کۆپیی جینی A20 یان لەدەستدابوو، دەرکەوت کە ئەم نەخۆشانە کەمییەکی بەرچاویان لە خانەکانی TFH دا هەبوو، زۆر هاوشێوەی ئەوەی لە ئاژەڵە قەڵەوە گەنجەکاندا بینرابوو.
دۆزینەوەی ئەم میکانیزمە هیوای ئەوە دەدات کە لە داهاتوودا بتوانرێت چارەسەرێکی دەرمانیی گونجاو بۆ پێچەوانەکردنەوەی ئەم تێکچوونەی بەرگری پەرەی پێبدرێت.



