رووداو - تەندروستی
توێژەرانی زانکۆی تەکنیکیی دانیماڕک (DTU) لە دانیماڕک، ڤاکسینێکی نوێیان پەرەپێداوە کە دەتوانێت سیستمى بەرگریی جەستە بەرنامەڕێژ بکاتەوە بۆ ئەوەی دژەتەنی پارێزەر بەرهەمبهێنێت و رێگری لە کاردانەوەی هەستەوەری بکات.
پرۆفیسۆرد.ئیسپێرانزا ریڤێر، کە سەرپەرشتیی توێژینەوەکەی کردووە، دەڵێت "بیرۆکەکە ئەوەیە، ئەگەر هەستەوەریت بە چەندین شتی جیاواز هەبێت کە پێکهاتەی گەردیلەیی هاوشێوەیان هەیە، دەتوانین ئەم پێکهاتەیە وەربگرین و بە دەستکرد ئەو مادەی دەبێتە هۆی هەستەوەری دروستبکەین و لە ڤاکسینێکدا بەکاریبهێنین".
توێژەران ڤاکسینەکەیان لەسەر ئاژەڵ تاقیکردووەتەوە، دوای سێ ژەم ڤاکسین، بەرگرییەکی بەهێزیان بۆ ئەو مادەی دەبێتە هۆی هەستەوەری پەیدا کرد. لە ئاژەڵە هەستیارەکانیشدا، بەرهەمهێنانی دژەتەنە پارێزەرەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد و کاریگەریی لاوەکیی زۆر کەمی هەبوو.
ئەم توێژینەوەیە وەک "سەلماندنی بیرۆکە" دادەنرێت و توێژەران ئێستا کار لەسەر وردەکاریی زیاتر دەکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانن ڤاکسینەکە لەسەر مرۆڤ تاقیبکەنەوە.
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، زیاتر لە 220 ملیۆن کەس لە جیهاندا بەدەست هەستەوەری خۆراکەوە دەناڵێنن.



