رووداو - تەندروستی
بۆ رێکخستنەوەی سەردانی نەخۆش و فەراهەمکردنی کەشێکی ئارام، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سۆران کاتی سەردانیکردنی نەخۆش لە نەخۆشخانەکانی سنوورەکە دیاری دەکات و دەیکاتە 3 کاژێر لە رۆژێکدا.
کامەران بارزانی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سۆران ناوچەیەکی کۆمەڵایەتییە و هاونیشتمانییەکی زۆر دەیانەوێت سەردانی نەخۆشەکانیان بکەن، بۆ ئەوەی کەشێکی ئارام بۆ نەخۆش دابین بکرێت و کارمەندانیش بێزار نەکرێن و بتوانن باشتر خزمەتی نەخۆش بکەن، ئەو بڕیارەمان دەرکرد.
کامەران بارزانی دەریدەخات، سەردانیکردنی نەخۆش لە دوای دەوامی فەرمی لە کاژێر 2:00ـی دوای نیوەڕۆوە بۆ 5:00ـی ئێوارە دەبێت.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران ئاماژە دەدات، ژووری چاودێریی چڕمان زۆر پێشکەوتووە و تەنانەت نەخۆشمان لە هەولێریشەوە بۆ هاتووە.
کامەران بارزانی، دەڵێت "لە ژوورەکانى چاودێریی چڕ کارمەندی پێویستمان هەیە، بەجۆرێک 12 کارمەند سەرپەرشتیی ژوورەکان دەکەن و هەمووشیان خولی تایبەتیان بینیوە. بڕیارە لە ماوەیەکی کورتدا 10 تەختی دیکەى چاودێریی چڕ زیاد بکەین کە دوو کارمەند لەگەڵ پزیشکی نیشتەجێی خولاو بۆ ماوەی 24 کاژێر لە ئەرکدان".



