رووداو - تەندروستی
بۆ زیادکردنی توانای وەرگرتنی نەخۆشان و کەمکردنەوەی ماوەی چاوەڕوانی، 3 ئامێری نوێی شووشتنی گورچیلە بۆ سەنتەری رۆژئاوای هەولێر دابین کرا.
سامان سلێمان، گوتەبێژی تەندروستیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 2 لە ئامێرەکان بۆ سەنتەری رۆژئاوای هەولێرە و دانەیەکیشیان بۆ سۆرانە.
گوتەبێژی تەندروستیی هەولێر دەریخستووە، ئامێرەکان بۆ خزمەتکردنی هاونیشتمانیان دابین کراون و پڕۆسەی شووشتنی گورچیلە خێراتر دەکەن بۆ ئەوەی نۆرەگرتن درێژ نەبێت.
سامان سلێمان، دەڵێت "رۆژانە لە سەنتەرەکانی هەولێر 220 بۆ 250 هاونیشتمانی و خەڵکی بیانی سوودمەند دەبن لە شووشتنی گورچیلە".
لای خۆیەوە، قاسم سەعید، بەڕێوەبەری کارگێڕی لە نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری ئاماژەی بەوە کرد، ئامێرە کۆنەکانیان کارکردنیان خراپ ببوو و ئەم ئامێرانە تەکنەلۆژیای نوێیان هەیە و کارکردنیان ئاسان و خێرایە.
سەبارەت بە نەبوونی دەرمانی "پڕۆگراف" کە بۆ نەخۆشانی چاندنی گورچیلە بەکاردێت، قاسم سەعید روونیکردەوە، دەرمانەکان لە عێراقەوە دێن و دەرمانی پڕۆگرافیش بەهەمان شێوە لە عێراقەوە دەچێتە کۆگەی دەرمان و پێداویستیی پزیشکیی هەولێر و ئەوانیش ئێمە ئاگادار دەکەنەوە و دەیهێنینە کۆگەکانی خۆمان.
بەڕێوەبەری کارگێڕی لە نەخۆشخانەی هەولێری فێرکاری ئاشکرای کرد، دەرمانەکە نەماوە و لە هەوڵداین بۆ دابینکردنی.



