رووداو - تەندروستی
توێژەران لە ئەمریکا پرۆتینێکی نوێیان لە گورچیلەدا دۆزیوەتەوە کە رۆڵێکی گرنگ لە رێکخستنی ئاستی فۆسفات لە خوێندا دەگێڕێت و یارمەتیی پاراستنی خوێنبەرەکان لە رەقبوون دەدات، ئەمەش هیوا بۆ چارەسەری نوێی نەخۆشانی درێژخایەنی گورچیلە دروستدەکات.
بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە لەلایەن قوتابخانەی پزیشکیی زانکۆی کۆلۆرادۆوە ئەنجامدراوە، ئەم پرۆتینە نوێیە کە ناوی (TMEM174)ە، دەبێتە ئامانجێکی نوێ بۆ ئەو دەرمانانەی کە ئامانجیان کۆنترۆڵکردنی هاوسەنگیی فۆسفاتە لە جەستەدا.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی رەقبوونی خوێنبەرەکان، بەرزیی ئاستی فۆسفاتە لە خوێندا، کە کێشەیەکی باوە لەنێو تووشبووانی نەخۆشیی درێژخایەنی گورچیلە، چونکە گورچیلەکانیان ناتوانن بە باشی فۆسفاتی زیادە لە خوێن بپاڵێون.
توێژەرانی زانکۆ ئەمریکییەکە، ئاشکرای دەکەن کە جەستە بە شێوەیەکی ئاسایی لە رێگەی پرۆتینێکەوە بەناوی (NPT2A) بەشێک لە فۆسفات دووبارە هەڵدەمژێتەوە، بەڵام پرۆتینە نوێیەکە (TMEM174) کاردەکات بۆ راگرتنی هاوسەنگی و رێگری لە هەڵمژینەوەی بڕێکی زۆر لە فۆسفات دەکات.



