رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە زانکۆی سیدنی لە ئوسترالیا دەریخستووە، خواردنی میوە پەیوەندیی بە کەمبوونەوەی مەترسیی تووشبوون بە خەمۆکی و دڵەڕاوکێ لە نەوجەواناندا هەیە، لە کاتێکدا خواردنەوەی خواردنەوە شەکرییەکان مەترسییەکان زیاتر دەکات.
بەگوێرەی توێژینەوەیەکە کە لە گۆڤاری (Child and Adolescent Mental Health) بڵاوکراوەتەوە، هەڵبژاردنە خۆراکییەکانی رۆژانە رۆڵێکی گرنگ لە دەروونیی نەوجەواناندا دەگێڕن.
توێژەران، بۆ ماوەی سێ ساڵ چاودێریی شەش هەزار و 537 نەوجەوانی تەمەن 13 ساڵیان لە 71 قوتابخانەی ئوسترالیا کردووە و پرسیاریان لێکردوون دەربارەی خواردنی رۆژانەیان لە میوە، سەوزە و خواردنەوە شەکرییەکان، دەرکەوتووە هەر ژەمێکی زیادەی رۆژانەی میوە، مەترسیی تووشبوون بە خەمۆکی بە رێژەی 13% و مەترسیی تووشبوون بە دڵەڕاوکێی بە رێژەی 7% کەمکردووەتەوە.
لەبەرامبەردا، خواردنەوەی زیاتری خواردنەوە شەکرییەکان، وەک خواردنەوە گازییەکان و شەربەتەکان، پەیوەست بووە بە زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە کێشە دەروونییەکان، بەتایبەتی دڵەڕاوکێ لەنێو کوڕاندا.
توێژەرانی زانکۆ ئوسترالیەکە، جەخت لەوە دەکەنەوە کە سیستمی خۆراکیی تەندروست لە قۆناخی نەوجەوانیدا دەکرێت ببێتە هۆکارێکی گرنگ بۆ خۆپاراستن لە کێشە دەروونییەکان لە داهاتوودا.



