رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی وەیک فۆرێست دەریخستووە، هاندانی قوتابیان بۆ مانەوە لە ماڵەوە کە نیشانەکانی ئەنفلەوەنزایان هەیە، دەتوانێت بەشێوەیەکی بەرچاو بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە کەمبکاتەوە.
بەگوێرەی توێژینەوەیەکە کە لەلایەن د. بڕایان ریچاردسن، توێژەری زانکۆی وەیک فۆرێستەوە ئەنجامدراوە و لە گۆڤاری زانستیی (PNAS) بڵاوکراوەتەوە، رێکارێکی سادە و کەم تێچوو وەک هاندانی قوتابیان بۆ مانەوە لە ماڵەوە بۆ ماوەی سێ رۆژ لە کاتی نەخۆشکەوتندا، رەنگە خەڵکێکی زیاتر بە تەندروستی بهێڵێتەوە.
توێژینەوەکە، شیکاریی بۆ داتای تاقیکردنەوەیەکی پێش 10 ساڵ کردووە بەناوی (eX-FLU) کە تێیدا 579 قوتابی زانکۆ بەشدارییان کردووە. نیوەی قوتابییەکان ئامۆژگاری کرابوون کە ئەگەر نەخۆش کەوتن بۆ ماوەی سێ رۆژ لە ماڵەوە بمێننەوە، لە کاتێکدا نیوەکەی دیکە هیچ رێنماییەکیان پێنەدرابوو.
دەرکەوتووە، ئەو گرووپەی ئامۆژگاری کرابوون بۆ مانەوە لە ماڵ، کەمتر تووشی ئەنفلەوەنزا بوون و کەمتر نەخۆشییەکەیان بۆ کەسانی دیکە گواستووەتەوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە تەنیا ئامۆژگاریکردنی خەڵک بۆ مانەوە لە ماڵ لە کاتی تووشبوون بە ئەنفلەوەنزا، دەتوانێت ببێتە جێگرەوەیەکی کاریگەر بۆ ئەو رێکارانەی تەندروستیی گشتی کە جێبەجێکردنیان قورسە.



