رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، هۆشداریدەدات و دەڵێت، زیادبوونی بەرگریی دژەمیکرۆب (AMR) رەنگە لە ماوەی 25 ساڵی داهاتوودا ببێتە هۆی گیانلەدەستدانی 39 ملیۆن کەس.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO ئاماژە بەوەدەکات، زیادبوونی بەرگریی لە دژەبەکتریاییەکان و دەرمانەکانی دیکە، هەڕەشە لە 'داهاتووی پزیشکیی نوێ' دەکات، بەرپرسانی باڵای ئاژانسەکە رایانگەیاند، پێشکەوتن لە رێگریکردن، دەستنیشانکردن و بەکارهێنانی گونجاوی ئەنتی بایۆتیکەکان هێشتا زۆر هێواشە بۆ گەیشتن بە ئامانجە جیهانییەکان
د. جان پیێر نیمازی، بەڕێوەبەری بەشی بەرگریی دژەبەکتریایەکان رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، "بەرگریی لە دژی ئەنتیبایۆتیک، یان AMR، بڵاوە و هەڕەشە لە داهاتووی پزیشکیی نوێ دەکات".
بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، تەنیا لە ساڵی 2021دا، بەرگریی دژەبەکتریایەکان راستەوخۆ بەرپرس بووە لە زیاتر لە یەک ملیۆن گیانلەدەستدان و پەیوەندیی بە نزیکەی 4.7 ملیۆن حاڵەتی دیکەی گیانلەدەستدانەوە هەبووە.



