رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ کە بۆ ماوەی 19 ساڵ بەردەوام بووە، پەیوەندییەکی نیگەرانکەری لەنێوان سەرخەوشکاندن و زیادبوونی مەترسیی مردن لە کەسانی بەساڵاچوودا ئاشکرا کردووە، بەتایبەتی ئەگەر خەوەکە بۆ ماوەییەکی درێژبێت.
توێژینەوەیەک لەلایەن سەنتەری پزیشکیی ماس جێنڕاڵ بریگهام و زانکۆی رەشەوە ئەنجامدراوە و لە گۆڤاری (JAMA Network Open) بڵاوکراوەتەوە، شێوازەکانی خەوی نیوەڕۆ دەکرێت نیشانەیەکی پێشوەختە بن بۆ تێکچوونی تەندروستی.
توێژەران، بۆ ماوەی 19 ساڵ چاودێریی شێوازی خەوی نیوەڕۆی 1,338 کەسی بەساڵاچوویان کردووە و بۆیان دەرکەوتووە:
- هەر کاژێرێکی زیادەی خەوی رۆژانە، مەترسیی مردنی بە رێژەی 13% زیادکردووە.
- ئەو کەسانەی لە بەیانیاندا خەوی نیوەڕۆیان کردووە، مەترسیی مردنیان 30% زیاتر بووە بەراورد بەوانەی لە پاشنیوەڕۆدا خەوتوون.
د. چێنلو گاۆ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، دەڵێت: "خەوی زیاد لە پێویست رەنگە ئاماژە بێت بۆ نەخۆشییەکی شاراوە، دۆخێکی درێژخایەن، تێکچوونی خەو، یان تێکچوونی کاژێری بایۆلۆژیی جەستە."
د. چێنلو گاۆ، جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرخەوشکاندن خۆی لە خۆیدا زیانبەخش نییە، بەڵکو درێژبوونەوەی دەکرێت وەک نیشانەیەکی مەترسیدار سەیر بکرێت کە پێویستی بە پشکنینی پزیشکیی زیاتر هەیە.



